ترامپ: دۆخمان باشە


سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، رایگەیاند "لە هەموو ئەمەریکا دۆخمان باشە، هەستێکی زۆر باشم هەیە لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پێم وایە ئەمشەو ئێمە ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست دەهێنین".


  
ئەمڕۆ ٣  ی تشرینی یەکەم لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ترامپ بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند" لە هەموو ئەمەریکا دۆخمان باشە، پێویستە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش نەخرێتە چەند ڕۆژی داهاتووەوە چونکە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی نییە".  


  
هەروەها وتیشی  "قسە لەبارەی ڕاپرسییە چەواشەکارییەکانەوە ناکەم."  

 


"سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو " بیستوومە لە فلۆریدا، ئەریزۆنا، تەکساس دۆخمان زۆر باشە، پێموایە و بیستوومە کە لە هەموو ئەمریکا دۆخمان باشە".


ئەو بەرووخۆشیەوە وتی "پێموایە ئەمشەو شەوێکی خۆشمان دەبێت".

 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامیدا بۆ ئەمریکیەکان وتی "هەمووان دەبێت یەکبگرن".

 
 
دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بیری لە دۆڕان یان قبووڵکردنی ئەنجامەکە نەکردووەتەوە و "بردنەوە ئاسان و دۆڕاندن هەرگیز ئاسان نییە، بۆ من ئاسان نییە".


ئەمرۆ سێ شەممە ٣ ی تشرینی دووەم لە ٥٠ ولایەتی ئەمەریکا هەڵبژاردن دەستیپێکردو، ٢٤٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە ٩٩ ملیۆن هاوڵاتی دەنگدانی پێشوەختی لەرێگای چوونیان بۆ سندوقەکانی دەنگان و، لەڕێگای دەنگدانی ئەلکترۆنیەوە، ئەنجام داوە.



تا ئێستا زۆرترین رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا گەیشتۆتە ٦٢٪.



هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ کە کێبەركێیەکی بەهێز هەیە لە نێوان ترامپ، سەرۆکی ئێستا و کاندیدی دیموکراتەکان کەسایەتی سیاسی ناسراوی ئەمەریکی، بایدن. راپرسیەکان تا دوا ساتی دەستپێکردنی هەڵبژاردن ئاماژەیان بۆ کێبەرکێی بەهێزی نێوانیان دەکرد.



زۆربەی زۆری وڵاتان و گەلانی جیهان چاویان لەسەر هەڵبژاردنی ئەمەریکا و بەتایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، هەرچی گەلی کوردە، لە باکور و رۆژئاواو باشوری کوردستان هاسۆزن لەگەڵ بەربژێری دیموکراتەکان، بایدن، هەرچی کوردانی رۆژهەڵاتە هاوسۆزن لەگەڵ ترامپ، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی توندی ترامپەوە بەرامبەر ئێران.

 
 
لەم هەڵبژاردنانەدا ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی سینات و فەرمانڕەوای ١١ ویلایەت و ٢ ناوچەی سەر بە ئەمریکا هەڵدەبژێردرێن.

 


PM:10:18:03/11/2020