سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا هەماهەنگی ئەمنی و ئابوری تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لاهای لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا مارک ڕووتە کۆبووەوە.

 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، لە کۆبوونەوەدا کە د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندان و د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئاڵۆگۆڕی بارزگانی کرا. هەروەها هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی و سوود وەرگرتن لە توانا و شارەزاییەکانی وڵاتی هۆڵەندا بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی تاووتوێ کرا. 

 

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی گەشەپێدانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی و هاندانی وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان .

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی هۆڵەندا ، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم بە تایبەتی لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی . گوتیشی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی بە هاوکاری وڵاتانی دۆست، پەرە بە ژێرخانی ئابووری خۆی بدات و ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە ناوچەکەدا .

 

سەرۆکی حکومەت هەروەها تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا کرد لە سەربنەمای دەستوور .



PM:11:33:09/11/2020