سەرۆکی پەرلەمان: كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كورد بۆ كاتێكی نادیار دواخرا

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت" كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنەكان دواخرا".

 

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" "سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ پێشوازییه‌كی باشیان کردوە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لایەنە سیاسیەکان، بە دواخستنی ئەو کۆبونەوەیەی کە بڕیاربو سێ سەرۆکایەتیەکە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەزیرەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دواخرا بۆ کاتێکی تر تا زەمینەیەکی بۆ دەڕەخسێت، دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە بە مەبەستی ئەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەشداری بكەن".

 

لەبارەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتییەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی" کۆبونەوەی ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی راوێژکاریە، دیراسەی دۆخی خۆمان دەکەین کە ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم پێشهاتەی کە ئێستا هەیە".

 

بڕیار بوو كۆبوونەوەكە لەگەڵ ئەندامانی كوردی پەڕلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو نەوەی نوێ و ئایندە و كۆمەڵ و گۆڕان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا داوای كرد ئەو كۆبوونەوەیە دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكە بۆ ئەوەی هەموو لایەنە كوردیەكان تێیدا بەشداری بكەن، هەربۆیە سێ سەرۆکایەتییەکە پێکەوە کۆدەبنەوە. 



AM:11:03:15/11/2020