هەولێر.. بەهۆی مامەڵەكردن بە حەبی قەدەغەكراوەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران

بەشی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی گشتی هەولێر دەستی بەسەر 49 هەزار و 700 حەبی قەدەغەكراودا گرتووە كە تۆمەتباران ویستویانە لەشاری سلێمانییەوە بیبەنە شاری هەولێر.

 

بەشی ماددە هۆشبەرەكان لەئاسایشی گشتی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە" دوای ئەوەی لەئەكاونتێكی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك ڕیكلام بۆ فرۆشتنی حەبی قەدەغەكراو دەكرا پاش بەدواداچونێكی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئەمڕۆ ١٩ی١١ی٢٠٢٠، توانرا دو تۆمەتبار بەناوەکانی (ك. ح. م.)و (ج. ر. ا.) دەستگیربکرێن لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕی 49 هەزارو 700 دانە حەبی قەدەغەکراو کە دەیانویست حەبە قەدەغەکراوەکان لە شاری سلێمانییەوە بهێننە هەولێر و ساغی بکەنەوە". 

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە حەبە قەدەغەکراوەکان بریتیبون لە بڕی (۲۱٦٠٠) دانە حەبی جۆری بیزاکۆدێل بڕی (۱۳٠٠٠) دانە حەبی جۆری ئامنیك، بڕی (۱۲٠٠٠) دانە حەبی جۆری کۆلۆنازپام، بڕی (۷٥٠٠) دانە حەبی جۆری ئەکتوکۆلد، بڕی (٥٠٠) دانە حەبی جۆری ئەلپرازولام و بڕی (٦٠) دانە حەبی جۆری ئەنۆکسان.

ئاماژەی بەوەشکردووە كە حەبە قەدەغەكراوەكان بەڕێگای قاچاخ و بەبێ تێپەڕبون بە كوالێتی كۆنترۆڵ لە وڵاتی ئێرانەوە داخڵی هەرێمی كوردستان كرابون و تۆمەتبارەكانیش پەڕاوی یاساییان بۆ كرایەوەو رەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە كران.



PM:11:34:19/11/2020