بهادین نوری سەرکردەی دیاری کوردستان بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا

سەرکردەی دیاری نیشتمانی و فیکری پێشکەوتووخوازی بەهادین نوری بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا.

 

 
بەهادین نوری سەرکردەی پێشووی حیزبی شیوعی عێراق بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ لە نەخۆشخانەی ( ئەنوەر شێخە ) لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا.


 
ناوبراو خەڵکی گوندی (تەکێ)ی قەرەداغە، لەساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە، باوکی و باپیری مەلا بوون، باوکی دەیویست ببێ بەفەقێ و بچێتە مزگەوتی بیارە لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بخوێنێ، بەڵام ساڵی ١٩٤٦ لەتەمەنی ١٩ ساڵیدا چۆتە ریزەکانی حزبی شیوعی عێراقەوە، پەیوەندی بەو حیزبەوە لە رێگای ئەنوەری حەماغا و غەفوری میرزا کەریم هانیان داوە ببێتە بەشیوعی. 

 
لە هەڕەتی گەنجیدا و لە ساڵی ١٩٤٩ دەبێتە سکرتێری حزبی شیوعی. لەو دەمەدا کە سکرتێری حیزب بووە سەرلەنویێ بەرنامەی ئەو حیزبەی داڕشتۆتەوەو، مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ ئەو بەرنامەیە زیاد کردووە، لە ساڵی ١٩٥٣ دەستگیرکراو فەرمانی لەسێدارەدانی بۆدەرکرا، دواتر لەژێر فشاری سەیاسی و جەماوەری ناخۆی عێراق و دەرەوە، ئەوفەرمانە هەڵوەشێنرایەوەو کرا بە زیندانی هەتاهەتایی و لەگەڵ شۆرشی ١٩٥٨ ی گەلانی عێراقدا ئازاد کرا. 


بەهادین نوری یەكێک بووە لە سەرکردە کورد و نیشتمانییەکانی کوردستان و عێراق کە بەدرێژایی مێژووی تێکۆشانی کە نزیکەی ٧٥ ساڵە بۆ تەنها ساتێکیش پشتی نەکردۆتەوە گەلەکەی و هەمیشە لە ریزی خەباتی گەلەکەیدا بووەو، خاوەنی مێژوویەکی پڕی شانازییە.

 
ناوبراو نوسەرێکی سیاسی دیار بووە و چەند کتێبێکی بە چاپ گەیاندووەو بە سەدان وتاری بە کوردی و عەرەبی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ لە ناوەڕاستەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، نەیوویستووە لەو شەڕە بگلێت و هەر ئەمەش بۆتە هۆی دوورکەوتنەوەی لە حیزبی شیوعی، بەڵام بە بەردەوامی لەشاخ ماوەتەوەو لە ریزی تێکۆشانی گەلەکەیدا بووە. 

 
لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١  بزووتنەوەی دیموکراسی خوازانی کوردستانی دروستکرد.

 
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی بە هەمیشەیی گەڕایەوە گوندەکەی خۆی ( تەکێ ) لە قەرەداغ و لەوێ ژیانی بەسەربردو، ماڵەکەی لانەکەی کۆبوونەوەی کەسانی نیشتمانی و هاوڕێکانی مێژووی تێکۆشانی بوون.

 
بە یەکێک لەو سەرکردە نیشتمانییانە دادەنرێت کە بەپاکی دەستی بەتێکۆشان کردو تا دوا هەناسەکانی سیاسەت نەیتوانی ناشیرینی بکات و بەسادەی ژیاو بەسادەیی تێکۆشانی بۆ گەلەکەی کرد.

 


AM:08:38:01/12/2020