حكومەت سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی ئیسڕائیل لە هەرێم ڕونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندیەكی لە هەرێمی كوردستان نییە".

 

جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وه‌ڵامی وته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌ و دەڵێت"  لەم ڕۆژانەدا ئۆفیر گێنلدمان وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ كاروباری میدیای عەرەبی، لە تویتێكدا باسی لەوە كردبوو كە ئەگەری ئەوە هەیە كۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بكاتە سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە چەند وڵاتێكی وەك ( جۆرجیا، ئازەربایجان، توركیا، ئیمارات، بەحرەین و هەرێمی كوردستان)".

 

ده‌شڵێت" بۆ ئاگاداری هەموو لایەک و وەک چەندین جاری تریش رامانگەیاندووە ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندیەکی لە هەرێمی کوردستان نییە و هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیش لە هەرێمی کوردستان نین. بۆیە ئەم لێداونە بە هەر مەرامێک درا بێت رەت دەکەینەوە و لە ڕاستییەوە دوورە". 



PM:12:59:05/12/2020