هێزە ئەمنییەکان پەخشی کەناڵی NRT یان راگرت

دوای ئەوەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی چواردەوری کەناڵی NRT دەگرن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە کاتژمێر٢:٢٠ پەخشی کەناڵەکەیان راگرت. 

 

ماڵپەڕی NRT بڵاویکرۆتەوە،" ئەمشەو کاتژمێر ٢:٢٠ خولەک، ھێزێکی ئەمنی ھەڵیکوتایە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی و پەخشی کەناڵەکەیان راگرت".

 

هەروەها لە راگەیاندنی کەناڵکەدا هاتووە " ھاوکات، ھێزەکە قفڵیان لە کەناڵەکەداوە و ھێزیان لە بەردەم کەناڵەکەدا جێگیرکردووە و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان بردووە و بەشێکی دیکەشیان شکاندووە".

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە " یەکێک لەو کارمەندانەی لە کەناڵەکەدا بووە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکەوە ئازاردراوە و دواتر ئازادکراوە".

 

سێ مانگی لەمەوبەریش نووسینگەکانی ئەو کەناڵە بەهۆی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی دهۆک و زاخۆەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو ناوچانەوە نووسینگەکانیان لە دهۆک و هەولێر داخرا، دوای ماوەیەک رێگادرا نووسینەگەکەیان لە هەولێر بکرێتەوە، بەلآم تا ئێستا نووسینگەکانیان لە دهۆک داخراوە.

 

کەناڵی NRT چەند جارێکی تریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی یەوە داخراوە، پێشتریش ٩ی شەوی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵەدا سووتێنرا.

 

لەگەڵ دروستبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک لە کوردستاندا ئەو کەناڵە دەکەوێتە ژێر فشار و هەڕەشەو داخستنەوە.

 



AM:07:57:07/12/2020