پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت" دوێنێ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەی مافی مرۆڤ بنێرێت بۆ لێکۆلینەوە لە پشێل کاریەکان، پێویستە لیژنەکە کارەکانی تەنھا سەردانی پرۆتۆکۆلی نەبێت بەلکو دەست بکات بەلێکۆلینەوەی جدی وسەردانی زیندانەکان و قوربانیەکان و شاھیدەکان و شوێنی روداوەکان بکات".
حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە نووسینێکدا بەناونیشانی (بۆ ئەوەی ، ئەوەی ساڵی٢٠١١ دوبارە نەبێتەوە) دەڵێت" لەدوای ڕوداوەکانی ١٧ی شوبات و رژانی خوێنی خەلک ، ئێمە دوای ھەولو فشارێکی زۆر توانیمان سەرۆکی پەرلەمانی ئەوسا رازی بکەین کە فەرمانبدات بە لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان کە ئەوکات دکتۆر سەلیم جبوری سەرۆکایەتی دەکرد ، بێت بۆ کوردستان بۆ لکۆڵینەوە لە پێشێل کاریەکان ، ئەو رۆژەی وەعدبوو بڕۆن بۆ فرۆکەخانە پەیوەندیەکیان لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی ئەوسا پێگەیشت پی وتبون ئێمە لاریمان نیە بەڵام زەمانی سەلامەتیتان ناکەین ، ئیتر ئەوە بوو سەرۆکی لیژنە وتی ئەوە ھەڕەشەیەو ، لەبڕیاری چونی لیژنەکە پەشیمان بۆوە".
حاکم لەتیف شێخ مستەفا باس لەوەش دەکات، بۆیە گرنگە ئەگەر بڕیارە لیژنەی مافی مرۆڤ بێت بۆ لێکۆلینەوە لە پیشیل کاریەکان ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگیرێت:
یەکەم / ئەمنیەتی لیژنەکە دابین بکرێ و بتوانی بەئاسانی بۆ ھەر جێگایەک لێکۆلینەوە پێویستی کرد بروات.
دووەم/ کارەکانی تەنھا سەردانی پرۆتۆکۆلی نەبێت بەلکو دەست بکات بەلێکۆلینەوەی جدی وسەردانی زیندانەکان و قوربانیەکان و شاھیدەکان و شوێنی روداوەکان بکات ، ئەوەش بەوە نابێت رۆژیک یان دوورۆژ بێت و بەپەلە بڕواتەوە، بەڵکو پێویستە ئۆفیسێکی مەیدانی کاتی دابمەزرێنن.
سێیەم / لێکۆلەری پرۆفیشناڵ و میھەنیان لەگەل بێت کە بتوانی حاڵەتەکانی پێشێل کاری بەوردی و بەجدی دەست نیشان بکات.
چوارەم / نەکەونە ژێر کاریگەری و فشارو ئیغرائات ، گرنگەتێچوی ھاتن و چون و مانەوە خواردن و ھەموو شتێکیان لەسەر پەرلەمانی عێراق بێت نەک حکومەتی ھەرێم و ھیچ دەعوەتێک و میوانداریەک قبوڵ نەکەن.
پێنجەم / گرنگە لیژنەکە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە دروست نەکرێت وەک ئەوەی کەباوە.
شەشەم / دوای ئەوەی لیژنە راپۆرتی خۆی وەپێشیل کاریەکان بە راپۆرتێک دەداتەوە بەسەرۆکایەتی پەرلەمان ، دەبێ سەرۆکایەتی بەجدی ھەستێ بەکاری خۆی،ئەوەی پێویستی بە لێپرسینەوەی پەرلەمانیە خۆی بیکات و ئەوەش کە تاوان تەشکیل دەکات حەواڵەی دادگایان بکات.
حەوتەم /لیژنەکەش خۆی لێرە لەکاتی لێکۆلینەوە ئەگەر سەرپێچی یاساو مافی مرۆڤی دی یەکسەر ئیجرائات بکات ، بۆنمونە ئەگەر کەسانێک بێ فەرمانی دادوەر گیرابوون راستەوخۆ ئازادیان بکات.
لە کۆتایی نوسینەکەیدا پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق دەشڵێت" ئەگەر لیژنەکە ئاسایشی پارێزراو نەبێ و بەئازادی نەتوانێ بجوڵێ و لێکۆلینەوە بکات و دەسەلاتی تەواوی خۆی نەبێت و دواتریش پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدواداچونی جدی و یاسایی و پەرلەمانی بۆ کارو راپۆرتی لیژنەکە نەکەن لیژنەکە ھەر نەیەت باشترە، چونکە لەحالەتێکی وادا نەک ڕۆڵی نابێت بەلکو وەک پاکانەشی لێدێت بۆ پیشێل کاریەکان".