شاندەکەی هەرێم لەگەڵ لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە

ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ پێنج شە‌ممە‌ شاندی باڵای ھە‌رێم بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ ئەو لیژنە‌یەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە كە راسپێردراوە بۆ گفتۆگۆكردن و دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری گونجاو و دە‌ستوری بۆ كێشە‌كانی نێوان ھە‌‌رێم و حكومەتی فیدراڵی‌.

بەپێى راگەیەنراوی کۆبونەوەکە، لە‌ كۆبوونە‌وە‌كەدا‌ ڕاشكاوانە‌ باس لە‌ ھۆكارەکانی دروستبوونی كێشە‌كان و چۆنیە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان كرا لە‌پێناو بە‌رژە‌وە‌ندی ھاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی حکومەت، بە‌ لیژنە‌ی راسپێردراوی راگە‌یاندووە" حكومە‌تی ھە‌رێم ھە‌موو ئامادە‌ییەكی دە‌ربڕیوە‌  بۆ ئە‌وە‌ی بە‌پێی دە‌ستور و یاسا بە‌ركارە‌‌كان مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم بكرێت و ئامادە‌ییشی دە‌ربڕیوە‌ بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن". 

هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لیژنەكە داوای خستنە‌ڕووی پێشنیار و راسپاردە‌كانیان كرد لە‌ وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم، بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌وانیش لە‌گە‌ڵ پلانە‌كانی خۆیان یە‌كیان بخە‌ن و دە‌رچە‌یە‌كی گونجاو دابڕێژرێت كە‌ ئاسانكاریش بكات بۆ دیاریكردنی ئە‌رك و مافە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ بودجە‌ی ٢٠٢١.  

بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەكی دەرچوون لە كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

PM:10:16:10/12/2020