رەوەندی کوردی داوا لە هەڤاڵ ئەبوبەکر دەکەن بچێتە ریزی خۆپیشاندەرانەوە

رەوەندی کوردی لە پەیامێکدا داوا لە هەڤاڵ ئەبوبەکر دەکەن کە بچێتە ریزی خۆپیشاندەرانەوە، هەروەها بەڵێن دەدەن کە دۆکۆمێنت کۆدەکەنەوە بۆ بەدادگایی گەیاندنی بکوژانی خۆپیشاندەران.

 
لەو پەیامە کراوەدا کە ڕووبەڕووی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیان کراوەتەوە، رەوەندی کوردی دەڵێن" کاتێک بەرێزتان وەک باڵاترین بەرپرسی پارێزگا نەتوانن دۆسیەی ئەمنی بەرێوەببەن و کۆنترۆڵی بکەن و بکەوێتە دەستی ‌هێزی چەکداری میلیشای جەمسەر و بەرپرسە حزبیەکان و کەسانی گۆشکراو و پەروەردەکراو بۆ کوشتنی مرۆڤ، دەبوا وەک وەفایەک بۆ ئەو رابردوەی باسمان لێکردوە دەستت لە کار بکێشایەتەوە و بچویتایە ریزی هاوڵاتیان".

 
هەروەها لە پەیامەکەی رەوەندی کوردیدا، هاتووە " هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە سەدان وێنە و دۆکیۆمێنت و لێدوان و نامەی خۆپیشاندەران و رەفتاری نامرۆڤانەی چەکدارانی میلیشیاکان لە بەر دەستدان،هەروەها هێنانی دەیان هامەری سەربازی ئەمریکی و چەکی قورس کەئەو چەک و جبەخانە سەربازیانە بۆ ڕوبەروبونەوەی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش دراونەتە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕوبەروبونەوە لە جەنگی دژ بە تێرۆریزمدا نەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران، ئەمەش بۆ خۆی پێشێلکارییەکی گەورەیە دژ بەو هاوکاریە سەربازیانەی هاوپەیمانانی جەنگی دژ بەداعش بە دەسەڵاتی کوردیان داوە.

 
هاوکات چەندین نوسینگەی پارێزەران لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا ئامادەییان دەربڕیوە خۆبەخشانە کار بۆ سکاڵا کەرەکان بکەن تا سکاڵاکانیان لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوان پەسند بکرێن.



نامەیەکی کراوە بۆ پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران
بەرێز: هەڤاڵ ئەبوبەکر/ پارێزگاری سلێمانی



سڵاو،
لەڕێی ئەم نامەیەوە بۆچون و هەڵسەنگاندن و پێشنیازی رەوەندی کوردی سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پارێزگای سلێمانی دەخەینە بەرچاو. هیوادارین بەهەند وەریان گرن و چیتان پێدەکرێت بیکەن.

 
ئاشکرایە کاتێک بەرێزتان بە دەنگێکی زۆری دانیشتوانی سلێمانی هەڵبژێردران و دواتر پۆستی پارێزگاری سلێمانی تان وەرگرت هیمەت و پشتگیری رەوانشاد کاک نەوشیروان و دەنگی جەماوەری گۆڕان ئێوەی گەیاندە ئەو پۆستە.

 
وەفاتان بۆ ئەو پشتگیریە بەهێزە هەر لە سەرەتاوە دەبوا ئێوەی پابەند بکردایە بە کۆمەڵێک پرەنسیپی چاکسازیەوە کە لە بنەرەتدا رێزگرتن لە دەنگدەران و مافی هاوڵاتیان و ئەرکی پاراستنی ژیان و موڵك و کەرامەتیان.

 
ئەوەی لە هەفتەی رابوردودا لە سنوری دەسەڵاتی ئێوەدا رویان داوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەر کە داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن مایەی شەرمەزرای و گەلێک پرسیارن؟.

 
کاتێک بەرێزتان وەک باڵاترین بەرپرسی پارێزگا نەتوانن دۆسیەی ئەمنی بەرێوەببەن و کۆنترۆڵی بکەن و بکەوێتە دەستی ‌هێزی چەکداری میلیشای جەمسەر و بەرپرسە حزبیەکان و کەسانی گۆشکراو و پەروەردەکراو بۆ کوشتنی مرۆڤ، دەبوا وەک وەفایەک بۆ ئەو رابردوەی باسمان لێکردوە دەستت لە کار بکێشایەتەوە و بچویتایە ریزی هاوڵاتیان نەک بێدەنگ و بێ ئیرادە لە کەمپی چەتە و دز و مرۆڤ کوژەکاندا خۆت حەشار بدەیت.

 
جەنابی پارێزگار،

 
 هەرچی لە سنوری دەسەڵاتتان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کراون بەپێی میساق و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان بریتین لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەو جۆرە تاوانانە دادگای نێودەوڵەتی تاوانی دروستکردوە و ئەو جۆرە تاوانانە بەشێکی گرنگی ئەرکەکانی ئەو دادگایەیە. لەهەمان کاتدا، حکومەتی هەریم و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیرانیش بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەموو ئەو پێشێلکاری و تاوانانە دەزانین، ئەوانە دەسەڵاتەکانی سەروتری ئێوەن.
لێرەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە سەدان وێنە و دۆکیۆمێنت و لێدوان و نامەی خۆپیشاندەران و رەفتاری نامرۆڤانەی چەکدارانی میلیشیاکان لە بەر دەستدان،هەروەها هێنانی دەیان هامەری سەربازی ئەمریکی و چەکی قورس کەئەو چەک و جبەخانە سەربازیانە بۆ ڕوبەروبونەوەی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش دراونەتە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕوبەروبونەوە لە جەنگی دژ بە تێرۆریزمدا نەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران، ئەمەش بۆ خۆی پێشێلکارییەکی گەورەیە دژ بەو هاوکاریە سەربازیانەی هاوپەیمانانی جەنگی دژ بەداعش بە دەسەڵاتی کوردیان داوە.

 
هاوکات چەندین نوسینگەی پارێزەران لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا ئامادەییان دەربڕیوە خۆبەخشانە کار بۆ سکاڵا کەرەکان بکەن تا سکاڵاکانیان لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوان پەسند بکرێن. 

 
بەبیری هەمو لایەکی دەهێنینەوە کە ڕاستە دەوڵەتی عێراق واژۆی میساقی دادگاکەی نەکردوە بەڵام چەندین نمونە لە ئەفریکا و یۆگۆسلاڤیای جاران لەلایەن ئەو دادگایەوە یەکلایی کراونەتەوە، بە دەیان سەرکردە و فەرماندە و بەرپرسی ئەو وڵاتانە دادگایی کراون و سزا دراون. ناشێت ئاماژە نەکەین بەوەی زۆربەی ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتیان لەم تاوانانەدا لە کوردستان هەیە هەڵگری رەگەزنامەی بیانین کە وڵاتەکانیان میساقەکەیان پەسند کردوە، بۆیە هیچ مەناعەیەکی یاساییان نیە.
جەنابی پارێزگار،

 
داواکارین ئەم کارانە ئەنجام بدرێن:

 
یەکەم: راگرتنی بێ یەک و دوی بەکارهێنانی توندو تیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.

 
دوەم: ئازادکردنی سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە  بە نایاسایی دەستگیر کراون.

 
سێیەم: دروستکردنی دۆسیەی بکوژانی خۆپیشاندەران کە زۆربەیان ئاشکران و تۆمارکردنی سکاڵا لە سەریان لە بنکەکانی پۆلیس لە پارێزگای سلێمانی.
چوارەم: بەپێجەوانەوە ناچار دەبین سەرجەم شێوازی پەیوەندیکردن بە دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوان و بە داواکاری گشتی دادگاکەوە و بە نوسینگەکانی پارێزەران لە وڵاتانی ئەوروپا لە هەمو بوارەکانی راگەیاندندا بڵاو بکەینەوە تا هاوڵاتیان بتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بە دادگاکەوە بکەن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسییە نێوەدەوڵەتیەکانیان بدەن.

 
پێنجەم: لیستی تاوانباران لە هەر پۆست و پلەیەکدا بن و سەر بە هەر حزب و لایەنێک بن لە گەڵ  چەندین مەلەفی تریان رەوانەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دنیادا دەکرێن.

 
لە دڵەوە خوازیارین وەک بەرپرسی یەکەمی گۆرەپانی ئەنجامدانی تاوانەکان دژ بە مرۆڤایەتی ئەم داواکاری و پێشنیازانە بە جدی وەربگرن و کاریان لەسەر بکەن.


رەوەندی کوردی
١٢ کانونی دوەم ٢٠٢٠




AM:09:08:13/12/2020