پارێزەرانی سلێمانی بۆ هێزە ئەمنییەکان:
رەشبگیری و مامەڵەی نایاسایی راگرن

بەدەیان پارێزەری شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لەسەر دۆخی خۆپیشاندانەکان و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە یاساییەکان هەڵوێستی خۆیان راگەیاندو، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنییەکان رەشبگیری و مامەڵەی نایاسایی راگرن.

 

لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا کە لەبەردەم ئۆفیسی رێکخراوی " DHRD " کە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ لە سلێمانی سازکرا، راگەیەندراوێک پێنج خاڵی وەک هەڵوێستی ئەو پارێزەرانە خوێندرایەوە کە تیایدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە حکومەت خەمساردە بەرامبەر داواکارییەکانی هاولآتیان لە هەواری نان و ئازادی.

 

هەروەها لەیەکێک لە داواکارییەکانی تردا داوا لە هێزە ئەمنیەکان و دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانی دەکرێت کە رەشبگیر و مامەڵەی نایاسایی لەگەڵ خۆپیشاندەران و هاولآتیان رابگیرێت.

 

پارێزەران پێیانوایە داواکاری گشتی بەئەرک و واجبی خۆی هەڵنەساوەو پێویستە بەو کارە هەڵسێت داکۆکی لە مافی گشتی بکات.

 

 لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە کە چیتر ناکرێت دامەزراوەی دادوەری سەیر کەربێت لە ئاست ئەم هەموو رووداوە چارەنووس سازانەدا.

 

پارێزەران روودەکەنە خۆپیشاندەران و خۆیان بە بەشێکیان دەزانن و هۆشداریشیان دەدەنێ کە بە لاڕێیاندا نەبەن و هاوکاتی دامەزراوە گشتییەکانیش بپارێزن.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە دەیان خۆپیشاندەر و چالاکوان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە، هەرچەندە چوار رۆژە خۆپیشاندان نەماوە.

 

 

 



PM:03:14:16/12/2020