یەپەگە: هێرشمان نەکردۆتە سەر پێشمەرگە و رێز لە سەروەری هەرێم دەگرین

فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دایەوە و ڕەتیکردەوە کە هێرشیان کردبێتە سەر پێشمەرگە و دەڵێت" ئێمە رێز لە سەروەری هەرێم دەگرین". 

 

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانمان هێرشیان نەکردوەتە سەر پێشمەرگە و ئێمە ڕێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان دەگرین. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵانی رابردودا بە شێوەیەکی بەردەوام یەکڕیزی هاوبەشی نێوان رۆژئاڤا و هەرێمی کوردستان هەبوە و بەردەوامە، ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی شەڕی داعش و پیکهێنانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەکرا، لە ئەنجامی ئەو یەکڕیزییەدا زۆرێک لە ئاڵۆزییەکان، کە لەسەر سنور ڕویدەدا چارەسەر دەبوون. 

یەپەگە لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، هێزەکانمان ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، لە نزیک ناوچەی سحێلا، هیج هێرشیکیان نەکردوەتە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە، هیچ هۆکارێکیش بۆ ڕودانی هێرش نییە، زۆر لێدوان لەسەر ئەوە درا و بابەتەکە گەورە کرایەوە و لە ڕاستی دور خرایەوە، لە ڕاستیدا ئەوەی ڕویدا لە ئەنجامی کەمی یەکڕیزی و پەیوەندی نێوان ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بوو. 

ئەوەش هاتووە" وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕێز لە خۆبەڕێوبەریی هەرێمی کوردستان دەگرین و داوایان لێدەکەین کە دەست لە سیاسەتی هێرشکاری، ئاڵۆزی نانەوە و تۆمەتبارکردن هەڵگرن، پێویستە هەمو کێشەکان بە ڕێگای دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".



PM:01:34:17/12/2020