وەزارەتی کشتوکاڵ وەڵامی عەبدولستار مەجید دەداتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، کە گوایە ئەو وەزارەتە ڕێگریکردووە، لە پشتیوانی و پێدانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی پرۆژەکانی جوتیاران و خاوەنکارانی كشتوكاڵى.

 

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە" سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوپەڕی پەرۆشییەوە پشتگیری و ئاسانکاری دەکات، لە هەموو هەوڵ و پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی خۆماڵی کە لە بەرژەوەندی جوتیاران و بە خۆمالی کردنی بەرهەمهێناندا بێت ،بەمەرجێ لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتماندا بێت، هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە دەیانەوێ رای گشتی بە لاڕێدا ببەن رەتدەکەینەوە کە گوایە  وەزارەتمان رێگری دەکات، لە پشتیوانی و پێدانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی پرۆژەکانی جوتیاران و خاوەنکارانی كشتوكاڵى".

ئەوەش هاتووە، پێمان سەیرە کە جەنابی کاک عەبدولستار مجید، سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانییە و  وەزیری پێشووی ئەم وەزارەتە بووە و ئاگایی و زانیاری تەواوی هەیە لە بارەی پرۆسەی پێدانی مۆلەتی فەرمی و رێکارەکانی دروستکردنی پرۆژەی كشتوكاڵى و وەبەرهێنان، لە رێکەوتی 23/12/2020 لە سۆشیال میدیای خۆی رای گشتی دەورژێنی و هەوڵدەدات تەشهیر بە وەزارەتمان بکات.

 

 

یەکەم/ بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ رێكاره یاساییەکان كه پێویست بوو داواكارى هاوڵاتییەکان و روونکردنەوەی پێويستى داوا بكردبايه بەومیکانیزمەی كه پەرلەمانتارێک دەبێت بیگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست و بە دواداچوون و وەرگرتنی ڕایی فەرمی وەزارەتمان وەک لایەنێکی بەرپرسیارو ڕاستەوخۆی ئەم جۆرە کێشە و داواکاریانە.

دووەم/ چاوەڕێی وەڵام و روونکردنەوەی فەرمى  سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزارەتیشی نەکرووە، لە سۆشیال میدیای خۆیی ئەو جۆرە بابەتانە بڵاودەکاتەوە.

سێیەم/ بەڕێزیان ماوەیەک وەزیری ئەم وەزارەتە بوون و زۆرباش دەزانن کاتێک کە داواکاریەک دێتە بەردەستی وەزیر پێویستی بە وەرگرتنی راو سەرنجی بەڕێوەبەرایەتی گشتیئ پەیوەندیدارە بەپێی پلانی وەبەرهێنان و پێویستیان بۆ ئەو پرۆژانەی کە داوا دەکرێت ئەنجام بدرێن.

بە لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیمان بۆ رای گشتی و بەڕێزیان و هەموو ئەو کەسانەی کە هەمان باوەڕ و خوێندنەوەیان هەیە ئەم روونکردنەوەیە بڵاودەکەینەوە، وەزارەتمان بەردەوام  پشتیوانی هەموو  پرۆژەیەکی  كشتوكاڵى كردووه، ئەمەش بە داتا سەلمێنراوە کە تەنیا لەم کابینەیەدا بە سەدان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵیدا رەزامەندی لەسەر دراوە، چەند نمونەیەک دەخەینەڕوو، تەنها هێلکەی خواردن له سنورى پارێزگای  سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بۆ وەڵامی ئەوەی کە پرۆژەکان چۆن و چەند مۆڵەتیان پێدراوە:

1- پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە پرۆژەیەکى هێلكەى خواردن بە توانای (یەک ملیۆن و نیو هێلكه) لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
2- پێدانی مۆلەتی پرۆژەیەکی ترى هێلکەی خواردن بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه) له پارێزگای هەڵەبجە.
3- پرۆژەیەکی تر بە تاقەی (پێنج سەد هەزار هێلكه) بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
4- لە گەرمیان مۆڵەت دراوەتە پرۆژەیەکی تر بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه).
5- هەروەها دوو پرۆژەی گرنگی تر بۆ گۆڕینی رەگەزی مریشک لە مریشکی گۆشتەوە بۆ مریشکی هێلکەکەر له سنورى ئیدارەی راپەرین و سلێمانی.

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە" چەندان پرۆژەی تری لەو جۆرەمان ئاراستەکراوە بۆ وەرگرتنی ڕاو سەرنجى كشتوكاڵی پارێزگاکان به پێی  ياسا و رێنماییەکان و پلانی پەسندکراوی وەبەرهێنان، كه پێداويستى هەر پارێزگایەک دیاریدەکات ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، هەروەها سەبارەت بە کۆمپانیای ناوبراو، دوای ئەوەی کە دەقی  داواکارییان پێشکەشی جەنابی وەزیر کردووە، لە کاتی چاوپێکەوتندا پشتگیری پرۆژەکەیان کراوە، داواکاریەکەیان ئاراستەی کشتوکاڵی سلێمانی کراوە، بۆ وەرگرتنی راو سەرنجی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی".

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێمە لە کاتێکدا تا ئێستا بەفەرمی وەڵامی نوسراومان دەربارەی پرۆژەی ئەو دوو خاوەن کارە بەدەست نەگەیشتوەتەوە، بەڕێزیان لە لایەکی تر دەبینین سکاڵایان هەیە و بە پێش پرۆسەکە کەوتوون و لەبڕی ئەوەی لەخەمی وەڵامی نوسراوەکەیان بن کە ئاراستەکراوە، هەروەها ئەو دەنگۆیانە بەتەواوى  ڕەتدەکەینەوە لە سەر ئەوەی گوایە ئێمە ڕێگریمان کردووە وئەوان مامەڵەکەیان تەواو کردووەو سەرجەم ڕێکارەکانیان بڕیوە، ئەم حاڵەتە وا دەکات کە سەرنجی زیاترمان هەبێ لەسەر پرۆژەکە و ناوبراوان. 

باس لەوەشکراوە، لە کۆتایدا دووپاتی دەکەینەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەیەک مەودا پێشوازی لە هەموو پرۆژەیەک دەکات کە خزمەتی بەرهەمهێنانی خۆماڵی بکات، لە هەمان کاتدا سکاڵای یاسایی دەجوڵێنین لە دژی هەر کەس و  لایەن و گروپێک، کە بیانەوێت بەبێ بنەما و بەڵگە تەشهیر بە سیاسەتی کاری وەزارەتمان بکات و ڕایی گشتی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت. 



PM:01:00:26/12/2020