عەلی حەمە ساڵح: ئەگەر ئیرادە ھەبێت داھاتی خاڵە سنوریەکان دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناری مانگانە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" چەندین رێگا ھەیە بۆ زیادکردنی داھاتی ناوخۆ، پرۆژەیەکی گشتگیری ئامادەکردوە، "ئەگەر ئیرادە ھەبێت داھاتی خاڵە سنوریەکان دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناری مانگانە". 

 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەنوێترین نوسینیدا لەبارەی دۆسیەی قاچاخچێتی لە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە" پرۆژەی خاڵە سنوریەکان، بە ڕێگری لە قاچاخ و چاکسازی و گەشەپێدان دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورەی داھات، چەندین ڕێگا ھەیە بۆ زیادکردنی داھاتی ناوخۆ، پرۆژەیەکی گشتگیرم ئامادەکردوە، ئەگەر ئیرادە ھەبێت داھاتی خاڵە سنوریەکان دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناری مانگانە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەیەکی زۆر (سەرقاڵی لێکۆڵینەوەم) لە دۆخی خاڵە سنوریەکان، قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری و فێڵ و یاسا شکێنی بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک زیانی ئێجگار گەورەیانداوە لە داھاتی گشتی، بەڕێکخستنەوەو چاکسازی لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاوە و بۆ باشماخ و پەروێزخان،  مەرز لاوەکیەکان، داھاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.

عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردوە، رێگاکانی دزی و قاچاخی و فێڵ و کۆمپانیاکاریمان دیاریکردوە ماوەتەوە ئیرادەیەک جێبەجێی بکات، ڕۆژانە لە ئیبراھیم خەلیلەوە نزیکەی دوو ھەزار و ٤٠٠ بارھەڵگر دێتە كورستان نزیکەی سێ ھێندەی پەروێزخان جوڵە ھەیە، لەگەڵ سوریا دامەزراوەی گومرگ داھاتێکی وای نیە باسبکرێت، داھاتی قاچاخچیەکانی باشماخ چوار ھێندەی حکومەتە. 

ئەوەشی خستەڕو، مانگی پێشو پەروێزخان قاچاخی زۆر کەم بو، داھات زیادبوە بۆ ٣٠ ملیار دینار، مەرزە لاوەکیەکان ڕێکخستنەوەیان دەوێت، کۆمپانیاکاری زیانی ئێجگار گەورەی داوە، لە ھەر خاڵێکی سنوری بە ١٣ ڕێگا پارە لە خەڵک وەردەگیرێت.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان رونیکردەوە ئەگەر بەرپرسان دەستبەرداری قاچاخی و کاری ناڕەوای کۆمپانیاکانیان بەرپرسان، پاشان پلانی گەشەپێدان بۆ زۆرترین جوڵەی بازرگانی داھات بۆ سەروو ٣٠٠ ملیار دینار زیاددەبێت، پرۆژەکە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، چاوم لە پشتیوانی ئەوانەیە لە خەمی ئەم نیشتیمانەدان. 



PM:01:36:03/01/2021