کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەیان چالاکوانی کورد دەستگیردەکات

لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەسەڵاتی ئێران دژبە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پینج کەسی دیکە دەستگیرکران و ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە ٢٩ کەس.


لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەوە دەسەڵاتی ئێران دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی، دژبە هاوڵاتیان، چالاکوانان و خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاران.


بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سێ هاوڵاتیی ئەندامی یەک بنەماڵە بە ناوەکانی “عەبدوڵا حاجی ئەحمەدی، پەیمان حاجی ئەحمەدی و خاتوو گەلاوێژ عەبدوڵاهی دەسگیرانی (پەیمان) خەڵکی گەڕەکی”قەرە قەسابی نەغەدە” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.


هەروەها، حسێن گەردشی هاوڵاتی و چالاکی مەدەنیش دووشەممەی ئەم هەفتەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستگیر کراوە، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵات لە شاری ئورمیە.


هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی حەسەن عەبدی دانیشتووی شاری مەهاباد دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانە ئەمنییەکانی دەسەڵات لەو شارە.


بەپێی دوایین زانیارییەکان، تا ئێستا بە لانیکەمەوە، ٢٩ هاوڵاتی، خوێندکار و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی؛ تاران، مەهاباد، بۆکان، ڕەبەت، مەریوان و سنە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

AM:12:51:14/01/2021