جەمیل هەورامی بەشێک لە بەرپرس‌و پێشمەرگە کۆنەکان بە گەندەڵ ناوزەد دەکات

 بەرپرسی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لە دوای کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی پێشمەرگە رایگەیاند" بەشێک لە پێشمەرگە و سەرکردەکانی رابردوو گەندەڵن و دەستیان لەم دۆخەدا هەیە، "ئێمە بە شێوەیەکی سوک سەیری دەکەین و لەسەر ئێمەی حساب مەکەن".

 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دوای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەمیل هەورامی رایگەیاند" ئەمڕۆ هاتووین لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان  بەدواداچوون بۆ پرۆژە یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکان بکەین ".


ئەو وتیشی " بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتەوە چاوەڕێیان کردووە و ئارامیان گرتووە".


جەمیل هەورامی نەیشاردەوە کە بەشێک لە پێشمەرگە و سەرکردەکانی رابردوو " گەندەڵن و دەستیان لەم دۆخەدا هەیە"، وتیشی "ئێمە بە شێوەیەکی سوک سەیریان دەکەین و لەسەر ئێمەی حساب مەکەن".
هەورامی بەتوندی دژی سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە دێرینەکان وەستایەوەو ئاشکراشی کرد کە سەرقاڵی دانانی رادیۆیەکن  و لە ئایندەشدا کار بە دامەزراندنی تەلەفزیۆنێک دەکەن.



هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا، عوسمان سێدەری جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند " دەبوایە یەکەمین یاسا لە پەرلەمانەدا کە دەرچوێنراوە،  یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینیەکان بووایە".


لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " هەوڵدەدەن لە ماوەیەکی دیاریکراودا پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان بەدەستبهێنن تا بتوانن پرۆژەیاساکەیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."




PM:03:07:24/01/2021