ئەستێرەیەکی ڕیال مەدرید لە بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی نزیکە

جود بێلینگهام ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید نزیکە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ئەمساڵ، بەو پێیەی سەرکردایەتی یانەکەی  دەکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانی، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پازدەهەمینی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا.

 ئاهەنگی تۆپی زێڕین هەموو ساڵێک بەمەبەستی پێشکەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی جیهان لە گۆڤاری فەرەنسی فرانس فوتبۆڵەوە بەڕێوەدەچێت، کە گروپێک لە ئەستێرە دیارەکان ڕکابەری بۆ دەکەن.

 پێشبڕکێکانی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (یۆرۆ) و کۆپا ئەمریکا هۆکارێکی یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دیاریکردنی ئەو یاریزانەی کە خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەدەستبهێنێت.

 بە دڵنیاییەوە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، خاوەنی ڕیکۆردی 8 خەڵاتە، دەستبەرداری ئەو خەڵاتە دەبێت کە لە دوایین خولیدا بەدەستی هێنابوو، دوای ئەوەی چووەتە خولی ئەمریکی.

 

 بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت لەم دواییانەدا بڵاویکردەوە، ئەو ئاستەی بیلینگهامی ئینگلیز لەم وەرزەدا نیشانی داوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ببێتە دیارترین کاندید بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر.

 تۆپی زێڕین دەچێتە لای بێلینگهام ئەگەر بتوانێت لەم وەرزەدا ڕیال مەدرید بۆ نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتە پێشەوە، ئەمەش پازدەهەمین نازناوی مێژووی یانەی شاهانە، هاوکات هەلەکانی زیاتر دەبن، چونکە ئینگلتەرا لە پێشەنگی لیستی پاڵێوراوانی یۆرۆدایە .

 هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە "بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ پاڵپشتییەکی زۆر دەکات لە بێلینگهام بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، کە کۆمەڵێک ئەستێرە ڕکابەری لەسەر دەکەن، کە کیلیان مباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان سەرکردایەتی دەکەن”.



 یانەی ڕیال مەدرید لە بردنەوەی لالیگا نزیک بووەوە، دوای ئەوەی بێلینگهام لە چرکەکانی کۆتاییدا گۆڵێکی تۆمارکرد و ئێوارەی یەکشەممە یانەی بەرشەلۆنەی میوانەکەی بە ئەنجامی 3-2 شکستپێهێنا.

 یانەی ڕیال مەدرید گەیشتە خاڵی 81 و بە 11 خاڵ پێشەنگە لە پێش یانەی بەرشەلۆنەی  دووەمی خولەکە و شەش گەڕی خولەکە ماوە.

 بێلینگهام لەم وەرزەدا لە 36 یاریدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری کرد، لەو ماوەیەدا 21 گۆڵی تۆمارکرد و 10 ئەسیستیشی کرد.

 




PM:04:17:22/04/2024