چۆن ئەم دۆخە تێپەڕێنین؟

عەزیز رەئوف
یەكەم: هەموو دۆخێكی سیاسی بەرمەبدای كۆمەڵگە خۆیەتی. هیچ دۆخێك نیە بە چەند ڕۆژێك دروست بێت. كەڵەكەبوونی سەرجەم كەم و كوڕیەكان و بێدەنگی كوشندە و سپاردنی كۆی برین و خەمەكانمان بە نوخبەیەكی سیاسی هۆكاری كۆی ئەم دۆخە نالەبارەیە. واتە چەندە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە بەرپرسن بەرامبەر بە كۆی برینەكان هێندەش كۆی كۆمەڵگە بەرپرسە لە دورستكردنی بێدەنگی و لاموبالاتی و تەمبەڵی و بەرخۆری.
دووەم: وەك چۆن خوڵقاندنی دۆخێكی نائاسایی كارەساتە بەوەی كە لەلایەن كەسێك یان چەند كەسێكەوە بەدەستەهاتووە ئاواش كارەساتە چارەسەرەكەی بە كەسێك یان نوخبەیەك یان هێزێكی سیاسی ببەستین. هیچ نوخبە و كەس و هێزێك فریادرەس نیە بۆ چارەسەركردنی دۆخێكی سیاسی، بەڵكو دەبێت خەمی ئێمە ببێتە خەمێكی دەستەجەمعی سپاردنی خەمەكان بە نوخبەیەكی سیاسی و داواكردنی چارەسەر لە نوخبەی سیاسی و نوسەران و ڕۆشنبیران خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتیەكی دەستەجەمعی..
سێیەم: چارەسەرنەكردنی كەیسە گەورەكانی ئێمە،  پەیوەندی بە سەرقاڵبوونی ئێمەوە هەیە بە شتە بچوكەكانەوە. خەڵك هێندەی سەرگەرمی شتە بچوكەكانی ڕۆژانەیە لەمەڕ خواپەرستی و عەشق و پەیوەندی و جیاوازی ڕەگەزی، هێندە خەمی نیە لانی كەم نیوەی خاكەكەی دەكەوێتەوە دەستی دوژمنان. بەر لە هەر شت دەبێ لە شتە بچوكەكان دەرچین و ستێپ بنێین بەرەو خەونە گەورەكان. 
چوارەم: یەكێك لە سیما دیارەكانی هەر هێزێكی ستەمكار ڕوخانی پردە. كۆمەڵگەی كوردی پردی پەیوەندی لەنێو شارەكاندا لەدەست داوە، ڕاستە خەون و خەم و خولیاكانی بەشێكی زۆری نەوەی ئێمە هاوبەشە بەڵام پردی ئەم پەیوەندیە بۆ ئۆرگانیزەكردن و گواستنەوەی ئەم خەونە بۆ كۆبوونەوە و فشار و چالاكی دەستەجەمعی تەواو تێكشاوە.
پێنجەم: كوردستان پڕە لە دەسەڵاتی بچوك بچوك و مایكرۆ دیكتاتۆر. ئەم پەیكەرە بچوكانە ڕوخانی زەحمەتە. یەك پەیكەر لەئارادا نیە تا كۆبینەوە و بیڕوخێنین. دەسەڵاتی بچوك بچوك و لۆكاڵی ڕوخان و دەسكاریكردن و لێبرسینەوە لەگەڵیدا تەواو ئەركێكی زەحمەت و ئالۆزە، یان لانی كەم ئاوابوونی دنیای لەم شێوەیە و دروستكردنی دنیایەكی تر لە دۆخی ڕوخانی پردی پەیوەندیدا كردەیەكی ئاسان نیە. 
شەشەم: تێكەڵەی كۆمەڵگەی ئێمە لەنێوان شاریبوون و شایخیبووندا. تا ئێستا ئیمە پێیەكمان لەناو سروشت و پێیەكمان لەناو شارستانیەتدایە. بەمانایەكی تر نازانین دەسكاری ئەم دۆخە بە خەباتی مەدەنی بكەین یان بە یاخیبوون و توندوتیژی. بیست و شەش ساڵە لانی كەم نەمانتوانی لە گرنگی دامەزراوەكان و یاسا و ڕێساكان حاڵی بین یان بیچەسپێنین. لەئێستاشدا ناتوانین فۆرمێك بدۆزینەوە بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە. 
حەوتەم: بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان و پارت و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی نوخبەی دەسەڵاتدار  بزوتنەوەگەلێكی تەواو لاوازن. ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسیەكان لەوە لاوزاتردرن بتوانن دەسكاری ئەم دۆخە بكەن، ئەمەش دروست پەیوەستە بە نەبوونی ڕوئیایەكی ڕوون و پارادیمێكی نوێی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لەدەرەوەی نوخبەی دەسەڵاتداری كوردی. لە دۆخی بەم شێوەیەدا تەنها دەنگەدەنگ و توڕەبوون دەبیستین نەك بیركردنەوە و هەوڵ و خەبات و تێكۆشانی عەقڵانی و ڕادیكاڵ كە جیاواز بێت لەوی تر.
هەشتەم: بەشێكی ڕۆشنبیران  و پیاوازی ئاینی ڕۆڵی خراپ دەگێڕن لە مانەوەی ئەو دۆخە وەك خۆی. ئەوەی لە كەمپەینی ڕیفراندۆمدا بینیمان ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕۆشنبیران و ڕووی دزێوی بەشێكی پیاوانی ئاینی بوو كە دەیسەلمێنێت ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە لەخۆڕاو لە ئاسمانەوە شەرعیەتی وەرنەگرتووە بەڵكو بە ستایش و نوسین و خیتابی بەشێكی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی لەسەر پای خۆیان وەستاون.
نۆیەم: ئێمە چ جۆرە خەباتێكمان دەوێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە؟  شۆڕشمان دەوێ یان ڕیفۆرم؟ بە چ كەرەستەیەك؟ لە ئێستادا كۆمەڵگەی ئێمە توانای دۆزینەوەی كەرەستەیەكی تری نیە بۆ ماڵئاوایی لە دۆخی لەم شێوەیە و خوڵقاندن و بەخێرهێنانی دۆخێكی تر كە لانی كەم ماف و كەرامەت و خەونی نەوەی ئێمەی تێدا بێتەدی. ئەم ئاڵۆزیە بۆ نەدۆزینەوەی كەرەستەكانی بەرگری فەزایەكی تەواو نالەباری دروست كردووە كە لێڵیەك لە هەوڵەكان بۆ ماڵئاوایی لەم دۆخە دەبینین.
دەیەم: بچوككردنەوەی كۆی كێشەكانی كۆمەڵگەی ئێمە لە كێشەی ئابووری و موچەدا. كێشە ئابووریەكان دابڕاو نین لە كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوریەكان ئەسڵەن كێشەی ئابوری كێشەیەكی بچوكە لە بەشێك لە كێشە گەورەكانی كۆمەڵگەی ئێمە كە سەرەكی ترینیان كێشەی سیاسی و بەڕێوەبردنە. ئەم بچوككردنەوەیە وایكردووە كە هۆكاری كێشە سەرەكیەكە نەبینین و تەنها لە قیژە و هاوار و بێدادی لە نەبوونی نان و موچەدا كورتی بكەینەوە.
یازدەیەم: نەدۆزینەوەی كەرەستەیەكی تر بۆ بەرەنگاری لە دەرەوەی بۆڵەبۆڵی دووبارە و بەتاڵكردنەوەی توڕەییەكان لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. دۆزینەوەی كەرەستەیەك بۆ كۆبوونەوەی جەماوەرەی و كاركردن لەسەر خاڵی هاوبەش و خەونی هاوبەش سەرەتایەكی گرنگە بۆ بینین و بەرچاوڕوونی و ڕۆشنی سیمای ئەو دنیایەی كە پێویستە بیخوڵقێنین.
دوازدەیەم: دەربازبوون  لە دۆخی چاوەڕوانی و وەلاوەنانی لاموبالاتی و تەمەلی و كردنی سیاسیەت بە كردەیەكی ڕۆژانە و مانەوە لە ماڵ وەك حەرام و كردنی شەقام بە شوێنی سیاسەت و شوێنی لێپرسینەوە و شوێنی هاواركردن. لە ئێستادا كۆی چین و توێژەكان لە چاوەڕوانیەكی كۆشندەدان و خۆیان بە كردەی هەر گۆڕانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەڵناسن و خویەكی قورسیان بەم چاوەڕوانیەوە گرتووە كە نە هیچی لێ شین دەبێت و نە ئاسۆیەك لەم چاوەڕوانیەدا دەبینرێت بۆ ماڵئاوایی لە دۆخێك و خوڵقاندنی دۆخێكی باشتر.



04/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر