پرسی دوو موچەو دیما لۆڤاتۆ

لەتیف فاتیح
ئەوەی باسی دوو موچەو سیچ موچە دەكرێت ئەوە سوكایەتیەكی گەورەیە بە هەموو خەڵكی كوردستان ، تۆ كە تەڕووشك پێكەوە دەسوتێنی، بۆ لەوە ناپرسی كێ‌ داهێنەری ئەم گەندەڵیە قێزەونە بوو ، كێ‌ دوو موچەو سێ‌ موچەی داهێنا ، كێ‌ كاری لەسەر سوك كردنی ئینسانی كورد كرد ، ئەوەی دوو موچەو سێ‌ موچەی داهێنا ئەو حزبانە بوون كە لە هەڵبژاردنا ئەو پەڕی گەندەڵی و نادادیان كردو گوتیان "خەڵك خوی سەگیان هەیە  برسیان كە دوات دەكەون " دەی خەڵكیش بەو شێوەیە مامەڵەی كرد كە مویەك لە بەراز بێتەوە باشە ، دوو موچەو سێ‌ موچە گەندەڵی و نادادی بوو ، بەڵام هەوڵێكی قێزەون بوو بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و كڕینی ئینسانی كورد، ئێستا ئەگەر دوو موچەو سێ‌ موچە نەما ئیدی تەواو ، ئەی نابێت ئەوانە سزا بدرێن كە ئەو كارەیان كرد ، نابێ‌ ئەو حزبانە باجی ئەو ناشرینیە وەربگرن .
بە  دانپیانانی خۆتان ژمارەی فەرمانبەرو موچە خۆری هەرێم سەرو یەك ملیۆن و چوار سەت هەزارە ، لەوەش  سەدان هەزاری 36 هەزار دیناریە كە بە موچە حساب ناكرێ‌ ، جگە لە موچەی 150 هەزاری و لەو بابەتە ، بەوەشەوە بۆ هەر چوار كەس لە هەرێمی كوردستان یەكێك موچە خۆرە ، بۆ نایەن ئەمە لەسەر خێزانەكان تاقیبكەنەوە بۆ نمونە من خانەوادەیەكی 7 كەسی یەك موچە خۆرمان هەیە ، ئاخۆ چەندی دیكە ئاوان كەواتە ئەو ژمارە موچە خۆرە لە كوێن ، دوو موچەو سێ‌ موچە كەمێكی دەردەكە چارەسەر دەكات ، دەردە گەورەكە لە و گەندەڵیەدایە كە ژمارەكە قەبە تر نیشان ئەدات ، ئایە زێرەڤانی بە گشتی چەند كەسن ، لیواكان چەند كەسن ، هەشتاو هەفتا بە فەڕمی چەندن ، ئاسایش و پاراستن و زانیاری چەندن ، بۆ ژمارەكان نابێ‌ دیار بن ، ئەمانە پێویستیان بە رێكخستنەوەو سەرژمێری وردە ، نەك بە بڕینی چەند هەزار كەسێك كە كاتی خۆی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ كڕدراون خۆت لە بابەتە سەرەكیەكە بدزیتەوە ، پرسیار ئەوەیە ، چۆن دەكرێت ژمارەكان رێكبخرێنەوە بەو شێوەیەی  بزانرێت هێزی پێشمەرگەو وەزارەتی پێشمەرگە بە تەواوەتی چەندە ، وەزارەتی ناوخۆ ، هێزەكانی پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆر ، دواتر یەك یەك وەزارەتەكانی دیكە .
دوو موچەكان كەسیان ئەو خەڵكانە نین كە لە دەرەوەی یەكێتی و پارتیدان ، كەسیشیان ئەوانە نین كە لە نێو ئەو دوو حزبەدا خاوەنی ڕای خۆیان و خاوەنی ویژدانن، دوو موچەكان لە بن دەستی خۆتانەوەن ، ئەگەر ئەوەتان چارەسەر كرد دەتوانن بڕیار لە بنبڕكردنی گەندەڵی بدەن ، بەڕاگرتنی ئەو هەموو دەفتەرە دۆلارەی مانگانە بۆ ئەم و ئەو دەچێت لە رێگەی كۆمپانیاكانی نەوت و كارگەو كارخانەكانەوە ، دەتوانن مانگانە بە ڕوونی و ڕاستی بۆمان بنووسن تەواوی داهاتی ئەم وڵاتە چەندە ، ئەی تەواوی خەرجی و موچە چەندە ، ئێوە بە كۆِڕو سیمینار بە دووی پەردە پۆشكردنی گەندەڵیەوەن نەك چارەسەر كردنی ، ئەگەر بەدووی چارەسەرەوەن ، وەرن لە ناوخۆ وردبینی بكەن و پشت بە تواناكانی ناوەوە ببەستن نەك بیانی .
باشە گریمان دوو موچەو سێ‌ موچەشتان چارەسەر كرد ، ئەی گەندەڵیەكانی بن دەستی خۆتان ، نمونەی ئەو هەموو میوانداری و هێنان و بردنی میوانە كە هیچ خێرو بێرێكیان نیە ، یان نمونەی  دروستكردنی ئەو میدیا زەبەلاحە هەڵلوشەرە، كە وەك ئاش هەر تێیدەكەن و هەر دەهاڕێ‌ ، وەك دۆزەخ هەر دەڵێ‌ " زیاتر هەیە " ئەزیزان ئەگەر ئێوە كەمێك تەنیا كەمێك لە گەڵ پرۆسەی چاكسازیدا ڕاستگۆ بن ، مەسەلەی دوو موچەو سێ‌ موچە چارەسەر كردنی زۆر ئاسانە ، ئێوە راستگۆیی خۆتان نیشان بدەن و لە خۆتانەوە دەست پێبكەن ، ئەوی تر دێتە دەسەوە ، بەڵام ئەمە بەوە نابێت ، تۆ لە قەیرانا بیت و دیما لۆڤاتۆ داوەت بكەیت و وێنەی لە تەكا بگری .
ئەرێ‌ بە ڕاست دیما لۆڤاتۆ بۆچی لە كوردستان بوو؟.


 
 


14/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر