ئه‌نفال و نائاگایی

لەتیف فاتیح

له‌ ساڵانی 1992و 1993ه‌وه‌ رۆژی 14ی 4ی هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی یادی ئه‌نفال ده‌ستیشانكراوه‌ ، له‌و ساڵانه‌دا له‌ هه‌ولێرو چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕشیش یادی ئه‌نفالكراوه‌كانمان به‌رز ڕاگیران و بۆنه‌ی تایبه‌ت سازكرا ، رۆژه‌كه‌ گرێدراوی دوو بۆنه‌یه‌، بۆنه‌ی یه‌كه‌م له‌و ڕۆژه‌دا ئیدی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ گه‌رمیان بڕیاری كشانه‌وه‌یان داو هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش عوسمانی حاجی مه‌حمودو هاوڕێكانی بڕیاری مانه‌وه‌و به‌رگری و پارتیزانیان دا ، هه‌روه‌ها له‌و رۆژه‌و یه‌ك دوو ڕۆژی پێشتردا به‌ تایبه‌ت له‌ 11ی 4ی 1988له‌ چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕش ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ چوو بۆ رزگاركردنی ئه‌نفالكراوه‌ ئازیزه‌كانمان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مانگه‌كانی 2و 3و 4 ئه‌نفال زۆر به‌ چڕی به‌ ڕێوه‌ چوو ، به‌ تایبه‌ت مانگی چوار، زۆربه‌ی كه‌مپی كۆكردنه‌وه‌كانیش كه‌وتنه‌ ئه‌و مانگه‌وه‌ ، ئیدی هه‌موو ئه‌مانه‌ 14ی 4یان كرد به‌ ڕۆژی یادی ئه‌نفال .

من بۆ خۆم له‌ گه‌ڵ یه‌ك ڕۆژ نیم بۆ یادی ئه‌نفال و پێموایه‌ ده‌بێت ئه‌نفال و كیمیا باران هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر زارو له‌ نێو دڵدابن و له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رو سینه‌ماو گۆرانی و شانۆو میوزیكی كوردیدا ڕه‌نگبده‌نه‌وه‌، وه‌ك خۆم له‌ هه‌شتاو هه‌شته‌وه‌ جاره‌های جارو رۆژانه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌دا ژیاوم ، وێڕای ئه‌نفالی خزم و كه‌س و كار ساڵه‌ها به‌ ته‌نیشت ئازاره‌كانه‌وه‌ بومه‌و هه‌زاران جار به‌ بێده‌نگی فرمێسكم ڕشتووه‌، له‌ دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك كه‌م به‌ نوسین به‌رده‌وام كارمان له‌ سه‌ر ئه‌و ئازاره‌ كردوه‌، لێ‌ هێشتان نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و رۆژه‌ بكه‌ینه‌ رۆژی ماته‌می گشتی و بیگشتێنین ، تا نه‌ك هه‌ر له‌ گه‌رمیان و باشوری كوردستان بگره‌ له‌ ته‌واوی شارو ناوچه‌ی پارچه‌كانی دیكه‌ی دڵیش یادبكرێته‌وه‌، ده‌بوو ئه‌و ڕۆژه‌ لانی كه‌م حكومه‌ت و پارله‌مانی كوردی به‌ ته‌نیشت ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ئاڵایه‌كی ماته‌مینی ڕه‌شیان هه‌ڵواسیباو ته‌واوی كاربه‌ده‌سته‌كان له‌ ئۆردوگاو ناوچه‌و شوێنه‌ ئه‌نفالزه‌ده‌كان بوونایه‌ .

ئه‌مساڵ ڕێك له‌و ڕۆژه‌دا له‌ ئه‌ڵمانیاو به‌ۆیتانیا هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ بری یادی ئه‌نفال سه‌رگه‌رمی گۆرانی  و دیلانێن ، بێئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌وه‌ بن ئه‌وه‌ چ ڕۆژێكه‌، هاوڕێم مه‌لا ته‌حسین گه‌رمیانی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و وێنه‌ی بۆنه‌كانی بۆ ناردم ، به‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به‌ئاسۆ ژیاندۆسته‌وه‌ كرد و ئه‌ویش وێڕای خه‌م به‌ڵێنی دا كارێك بكات ،ئه‌وه‌ هێشتا ئه‌وه‌ی به‌ۆیتانیا بوو ، له‌ پڕ هه‌واڵی ئه‌وه‌ی به‌رلینی بۆ ناردم كه‌ به‌داخه‌وه‌ كاك ناسری ڕه‌زازیشی تێدایه‌ ، من یه‌كسه‌ر به‌ سیگناڵ هه‌واڵه‌كه‌م بۆ كاك ناسر ناردو ته‌له‌فونیشم كرد به‌رده‌ست نه‌بوو به‌ یه‌ك دوو دۆستی دیكه‌شم گوت كه‌ فریابكه‌ون و پێی بڵێن، بۆ من ئه‌وه‌ كاره‌سات بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌شتاكان هه‌موو له‌ ته‌ك سروده‌كانی ناسردا ده‌مانویست به‌ سته‌مكاری به‌عس بڵێین نه‌خێر، مه‌لا ته‌حسین وتی به‌ ناسر بڵێ براكانی ئێمه‌ به‌ سروده‌كانی تۆ خۆیان ده‌گه‌یانده‌ كاروانی نه‌مری ، من خۆیشم له‌ئێستاشدا سرود و گۆرانیه‌كانی له‌ گوێمدا ده‌زرنگێنه‌وه‌ .

من ئومێد ده‌كه‌م هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت هیچ ئاهه‌نگ و شای و دیلانێیه‌كی كوردی نه‌خرێته‌ ئه‌و ڕۆژه‌وه‌ ، خۆ هیچ نه‌بێت ده‌كرێت ئه‌و ڕۆژه‌ دڵمان لای ئێسك و پروسكی ئازیزه‌كانمان بێت له‌ بیابانه‌كان

09/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر