رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر یەكێتی و پارتی كەوتن ، ئەم كەوتنە لەو كاتەوە دەستی پێكرد كە لە 25ی 9 ریفرەندۆمیان بێگەڕانەوە بۆ تەواوی میلەت و لایەنەكانی دیكەو دۆستان بەڕێوە برد ، لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە تا 29ی هەمان مانگ ماوەیەكی زۆر بوو بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانە راستەقینەكانی بڕیارێكی ئازایانە بدەن ، نەیاندا ، ئەمەریكاو ئەوروپا و دەرو دراوسێ لەوە گەیشتن كە گۆڕان و ئەوانی تر نایانەوێ ئەو هەلە وەربگرن ، بۆیە جڵەوی كار درایەوە دەست نێچیرڤان و قوباد ، لە كاتێكا نێچیرڤان و قوباد بەشێكی گرنگی شكست و نەهامەتیەكانن.
لەبری جێگرەوە ، بەیاننامە دەركرا ، لە بری حكومەتی سێبەر دروست كردن دەرگای گفت و گۆی بێزەنتی بێئەنجام واز كرا ، لە ماوەی رابردودا كاتێك بە بەرپرسی سیاسی كونسوڵگەری هەولێری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا" گارس ڤاون " م وت ، دەكرێت هەر لە تەك یەكێتی و پارتیدا گفت و گۆ نەكەن خەڵكی دیكەش هەیە ، گوتی كێ گوتم بۆ نمونە گۆران ، كۆمەڵ ، دكتۆر بەرهەم ، ئەو سەیرێكی كردم و هیچی نەوت ، راستی هیچ نەوتنەكە وتن بوو .
تۆ كۆبونەوە بۆ چی دەكەیت لە كاتێكا تەواوی كۆبونەوەكان هیچ لە ئێش و ئازارو كێشەكانی خەڵك كەمناكاتەوە ،كۆبونەوەیەك بۆ ئەوە بێت لە تەلەفیزیۆن و میدیایەوە باس بكرێت و هیچی تر ، بۆ كات كوشتن بێت و هیچی تر ، دیارە كاك قادری حاجی عەلی لە گەڵ دەنگی تەواوی لایەنگرو هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەر دەبێت بڵێت ئیتر بەسە ، یەكێتی لە تەك تۆدا سەركردایەتی هاوبەش دروست دەكات و لە تەك پارتیدا دڵداری ، ئیدی كۆبونەوە چ مانایەكی دەبێت .
ئەوەتەی كاك نەوشیروان سەفەری كۆتای كردووە ، جیڤاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ، خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزوتنەوەیە هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیان نەداوە ، ئەمە قسە كردن نیە لە سەر ئەوەی ئەوان كەسانی بوێرو ئازا نەبن ، قسە كردنە لەسەر توانای بڕیاردان لە كاتی پێویستا ، ئاخر ناكرێ تۆ لە تەك لایەكی یەكێتیدا رێكەوتنت هەبێت و لاكەی تر بەتاڵی كاتەوە ، ناكرێت سەركردایەتی هاوبەش هەبێت و یەكێتی رازی بێت بە دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان ، یەكێتی چەپڵە بۆ رێگری كردن لە دكتۆر یوسف لێبدات ، بگەڕێنەوە بۆ لێدوانی هەندێك مەكتەب سیاسی ئەو كاتە .
هەموو كۆبونەوەیەكی بێبەرهەم بێئومێدكردنێكی بە دوادا دێت ، پڕۆژەیەكی وردو بە بەرنامە هەیە بۆ بێئومێد كردن ، پارتی و یەكێتی ، یان رونتر سەرانی پارتی و یەكێتی وەك چۆن كاریان لە سەر گشتاندنی گەندەڵی و ناشرینی كردووە ، بە هیوای ئەوەی كەس نەتوانێ ڕووبەڕوویان بێتەوە ، ئاواش كار لە سەر گشتاندنی نائومێدی دەكەن بۆئەوەی خەڵك دەستە پاچە كەن ، ئەوەندەی لە 26 ساڵی رابردودا پارتی و یەكێتی كاریان لە سەر شكاندنی شكۆو بچوككردنەوەی مرۆڤی كورد لە باشوری كوردستان كردوە ، هەرگیز دوژمنانی كورد ئەوەندە رۆڵیان نەبووە .
ئەوەی كاك قادری حاجی عەلی دەیڵێت ، زۆربەی ئێمەو مانان بەردەوام گوتومانە ، بەڵام هەبوونە بە ژماردنی گوێز تێگەیشتوون .