كەركوك قۆچی كوردستانە

لەتیف فاتیح

راستیەكەی ویستم بنوسم كەركوك كلكی كوردستانە ، دواتر وتم رەنگە هەندێ‌ دۆست ئەمە بە شێوەیەكی تر لێك بدەنەوە ، ئاخر لە جەستەی مرۆڤدا بوونی كلك ناشرینیە ، كورد دەڵێت " خۆ كلكی لێ‌ نەڕواوە " هەست دەكەم ئەوانەی كەركوكیان بە دڵ و دیدەو قودس و هەناوی كوردستان دەزانی ، ئێستا وەك بڵێی كەركوك بارە بەسەریانەوە ، ئەوان هەندێكیان نەوتەكەیان گەرەك بوو ، ئەوەش چ عەیبی نیە ، كەواتە ئەوی تر وەك كێماسی و شورەیی سەیر دەكرێت ، دواتر ئەم ناونیشانەم هەڵبژارد ، قۆچ ئەویش لە مرۆڤدا جۆرێكە لە ناشرینی ، هەرچەند قۆچ لێرەدا دەكرێ‌ وەك قوربانیش سەیر بكرێت ، كەركوكیەكان لەو راستیە گەیشتون ، كە ئەگەر پارتی و یەكێتی سبەی لە سەر كەسێكیش "هەڵبەت بە دڵی بارزانی " رێكەوتن بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری كەركوك ،هەزار كەند و لەندی دیكە هەیە ، هەندێكیش رون و راستتر قسە دەكەن و دەڵێن تا ساین ئەردۆغان و توركیا رازی نەبن زۆر ئەستەمە ئەو كێشەیە بە دڵخوازی كوردو كەركوكیەكان تەواو بێت .

توركیا دەیەوێت دڵخوازی ئەو دابنرێت نەك دڵخوازی كورد ، ئەمە راستیەو كەسێك نیە نەیزانێت ، رەنگە داهاتوو زۆر دیوی شاراوەی روداوەكانی رابردوو بە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە رونتر بكاتەوە ، بۆ نمونە داگیركردنی هەموو ناوچە سونی نشینەكان بە موسڵیشەوە لە لایەن داعشەوە ، هەوڵی گرتنی كەركوك كە من لام وایە جگە لە بەرگری و قوربانی دانی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و پەكەكەشەوە شكستی پێهێنرا ، من زۆر پێشتر دیبلۆ ماتێكی فەڕەنسی پێی وتم داعش زۆری لامەبەستە كەركوك بگرێت بۆ ئەمە توركیاش هاوكاریی دەكات ، ئەو دەم من بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست نەمویست ئەو بابەتە بخەمە رۆژەڤەوە ، هەر لەو سەروبەندەشدا یاریە خوێناویەكەی شەنگال بە ڕێوە چوو ، هەڵبەت بێئەوەی لە موسڵ خوێن لە پەنجەی یەك تاكەكەسی كونسڵگەری توركی بێت ، ئەوان دەرباز كران، ئێمە دەزانین توركیاوئێرانیش لە عیراقدا ئەویان لە بەشە شیعیەكەو ئەمیان لە بەشە سونیەكە وەك خاوەن مامەڵە دەكەن .

تەنانەت لە گەرمەی روداوی 16ی ئۆكتۆبەردا میدیا كارێكی بیانی پێی وتم "لەتیف ئەو ئیقباڵ پورە ئیشی چیە لە كەركوك " من تا ئەو كاتە ئاگاداری هاتنی ئەو نەبووم گەرچی موهەندیس زیاتر ناوی دەهات ، رەنگە ئێستا ئەو قسانە هێندەی ئەوە كاریگەریان نەبێت ، ئاخۆ ئەو پارێزگارەی دادەنرێت ، دەبێت توركیا ئۆكەی لە سەر بكات یان پارتی و یەكێتی ، من لام وایە زۆرێك لە كادیرە پارتیەكانی كەركوكیش ئەو راستیەیان زانیوە ، ئەوە بۆیە ماوەیەكە مقۆ مقۆی جیاواز دەبیسترێ‌ ، ئایندە بابەتەكان زیاتر ڕوندەكاتەوە ، گێڕانەوەی كەركوك بۆ سەردەمی 2003تا 2017 زۆر ئەستەمە ، لە راستیدا پێش 2017ش بە چەند ساڵێك حزبە كوردیەكان هەندێكیان گەیشتبوونە ئەو هەقیقەتەی دەبێت هەرچۆنێكە پشت بكەنە كەركوك ، زۆر بابەت و زانیاری هەیە دەشێت مرۆڤ باسیان نەكات و بیانباتە ژێر گڵەوە .


04/07/2019