بنبەستی سیستم و چاوەڕوانی

د. دارا محەمەد
ئێمە ئێستا لە چ دۆخێکی سیاسیدا دەژین، یان راستتر وایە بڵێین کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە چ دۆخێکی سیاسیدا ژیاوین؟ چونکە ئەگەر پێمانوابێت کە قەیرانە سیاسی و داراییەکانی کوردستان -کە ئەمانەش هەر خۆیان هەڵقوڵاوی ئەوەی یەکەمن- لەم ماوەیەی رابردوودا و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی ئەو دۆخە سیاسیەی دروستکردووە کە دەتوانین بە دۆخێک پێناسەی بکەین کە فاشیزمی سیاسی بەرهەمهێناوە ئەوا رەنگە بە هەڵەدا چوبێتین. ئەم دۆخە سیاسیە کە لەگەڵ خۆیدا فاشیزمی حیزبی سیاسی کوردی لە باشترین وێنەکانیدا دەخاتەڕوو رەنگە بگەڕێتەوە بۆ مێژویەکی درێژتر لەوەی کە ئێستا لەسەر شەقام دەیبینین لە رووبەڕووبونەوەی خەڵکێکی خۆپیشاندەر و ناڕازی و نائومێد بە بەڵێنەکانی ئەم دەسەڵاتە. ئایا دەرفەتێک ماوەتەوە بۆ پاراستنی کەرامەت و رێزی مرۆڤەکان لەژێر سایەی دەسەڵات و حیزبی سیاسی کوردیدا؟ ئەوە هەڵەیە ئەگەر ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین کە توندوتیژی لەو کردارانەدا بناسینەوە کە خۆپیشاندەران لە ساتی هاتنیان بۆ سەر شەقامەکان و مانیفێستکردنی ئەو هەموو توڕەیی و بێدەسەڵاتیەیان لە کۆمەڵێک هێرش و پەلاماردانی سەر بنکەو بارەگا حیزبیەکاندا خاڵیدەکەنەوە. توندوتیژی فۆرمی جیاوازی هەیە و هیچ فۆرمێکی نیە کە توانای گەیاندن و یەکلاییکردنەوەو چارەسەرکردنی هەبێت. توندوتیژی ئەو ساتە دەستپێدەکات کە چەک بەدەستەکانی حیزب بڕیاردەدەن کۆتایی بە ژیانی ئەو مرۆڤانە بهێنن کە لە دەرەوەی باڵەخانە حیزبیەکان بەدوای ژیاندا دەگەڕێن و ناشرینیەکانی توتیە سیاسیەکان رەتدەکەنەوە، ئەوانە کە ئامادەن بە فەرمانی سەرۆکەکانیان تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن، کۆمەڵگە تیرۆر بکەن، چالاکوان و رۆژنامەنوسەکان بفڕێنن و ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی هەموومان لەناوبەرن لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا. ئەمە جەنگ نیە بۆ ژیان و مانەوە، بەڵکو جەنگە بۆ لەناوبردن و کوشتنی هاوڵاتیان و برسیکردنیان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەرکوتکار. لێرەوەیە نیشانەکانی سەرهەڵدانی سیستمێکی فاشی و ستەمکارانە دەبینین کە لێوانلێوە بە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری. دەبێت لەوە تێبگەین کە روداوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لە کوشتنی خۆپیشاندەران و گاڵتەجاڕیکردن بە پارلەمان و خودی حکومەت سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم سیستمە فاشی و ستەمکارانەیە نیە، بەڵکو ئەمانە دەرکەوتەکانی سیستمێکە کە دەسەڵاتی سیاسی کوردی لە مێژووی حوکمڕانی خۆیدا بەرهەمیهێناوەو سەرلەنوێ بەرهەمیدەهێنێتەوە. ئەم مەیل و سیستمە، بە لانی کەمەوە، لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا بە تەواوی خۆی مانیفێست دەکات و حیزبی سیاسی کوردی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژی وەک تەنها رێگەیەک بۆ هێشتنەوەی خۆی و لەناوبردنی هەموو ئەوانەی هەڕەشە لەم فاشیزمە حیزبیە دەکەن.

مەحاڵە بتوانین لەم سیستمە تێبگەین کە لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردوودا لە سایەی حیزبی سیاسی کوردیدا دروستبووە تاوەکو لە کرداری هێنانەناوەو نزیکبوونەوەو ناوکۆییبوونی ئەم سیستمە تێنەگەین. واتە، گەورەترین هەڵەی فیکریی کە لە خوێندنەوە فیکریی و سیاسیەکاندا رووبدات ئەوەیە کە هەمیشە سیستم و حیزبە سیاسیەکانمان لە دەرەوەی کۆمەڵگەو هاوڵاتیەکانیەوە سەیرکردووە. لەم ساتەکاتەدا لە جیهانی سیاسی کورددا بەعس دەبینین لەسەر دەستی قوتابیەکانی خۆی نوێدەکاتەوە و سەرلەنوێ خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. زۆر گرنگە بنەمای ئەو خوێندنەوەو هەوڵە فیکریانە هەڵتەکێنین کە هەوڵی خوێندنەوەی سیستمێک دەدات لە وێنەو کەسایەتی سەرۆکێکدا، واتە پێیوایە کە چەقی گرفتەکان لە بوونی سەرۆکێکدایە کە مەیلە دیکتاتۆری و ستەمکاری و فاشیەکانی لەناو حوکمڕانیدا پیادە دەکات. ئەوەی سیستمێکی حوکمڕانی دەکاتە دیکتاتۆری و ستەمکار بە تەنها بە بوونی سەرۆکێکی لەو جۆرەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو سەرجەمی ئەو دامەزراوانەیە کە ئەم سیستمە دروستیدەکات شانبەشانی ئەو کولتورەی کە رێگە بە دروستبوون و بۆ خۆی بەشدارە لە درەوستکردنی سەرۆکێکی لەم چەشنە. نادروستی و کورتبینی ئەم هەوڵ و خوێندنەوەیە لەوەدایە کە گرفتی دەسەڵات بە هەموو چەمکە مەعریفی و سیاسیەکانیەوە بۆ گرفتی کەسایەتیەک لە وێنەی سەرۆکێکدا کورتدەکاتەوە، کە دەسەڵات بۆ خۆی دەرئەنجامی تۆڕێکی تیکچڕژاوو چنراوی پەیوەندیەکانە کە لەناویدا هەرەمێکی ئۆتۆریتی دامەزراو هەیە کە لەهەر سیستمێکدا بە فۆرمێکی جیاوازدا دەڕوات و سەر بە پرۆسەیەکی سیاسی جیاوازە کە لە ناوخۆیدا ئەو میکانیزمانە بەرهەمدەهێنێ کە بەردەوامی بە بوون و مانەوەی خۆی دەدات. کەواتە گرفتەکە لە کوێدایە؟ گرفتەکە لەوێدایە کاتێک سیستمێکی وەک بەعس و بەعسیزم بۆ سەدام و کەسێتی ئەو کورتدەکرێتەوە و هەروەها هەوڵدەدەین نازیزم لە عەقڵیەتی هیتلەرەوە بخوێنینەوە بە بێ سەیرکردنی ئەو فاکتەرە ئایدۆلۆژی و کولتوری و سیاسیانەی بەشداری لە داڕشتنی ئەم سیستمەدا کردووە. هەرچەندە ئەم فیگەرانە شافیگەرو فیگەری سەرەکی ئەم سیستمانە پێکدەهێنن، بەڵام ئەوە هەڵەیە گەر پێمانوابێ کە هەموو وەڵامەکانی لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئەنفال و جینۆساید روودەدات لە سایکۆلۆژیەتی سەدامەوە بخوێنینەوە. دوو شتی مەترسیدار لە ئەنجامی ئەم جۆرە خوێندنەوانەوە دێتەکایەوە: یەکەم، ئەوەی کە توانای بەرهەمهێنانی خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی سیستمەکەمان نابێت وەک پێکهاتەیەکی سیاسی کە بەتەنها کەسێک دانەمەزراوە و رانەگیراوە. دووەم، ئەو تێڕوانینەیە کە پێیوایە بە گۆڕین و لابردنی سەرۆک سەرجەمی پەیوەندیەکان و کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان دەگۆڕێن، کە ئەمەش وەهمێکی گەورەی زۆربەی ئەو بزوتنەوانەیە کە خۆیان لەسەر ئەم تێڕوانینە بنیاتناوە. هەر ئەم بزوتنەوەو هێزانەشن کە لە مێژوی سیاسی کورددا بۆ خۆیان سەرۆک بەرهەمدەهێنن و پیرۆزی دەکەن و مرۆڤەکان و کۆمەڵگە لە پێناویدا دەکوژن و دەیاندەن بە کوشت. لێرەوە دەبینین دادگاییکردن و لەناوبردنی سەدام بریتی نابێت لە دادگاییکردنی ئەو کولتورە سیاسیەی سەرۆکێکی ستەمکار و تۆتالیتار دروستدەکات، بەهەمانشێوەش بریتی نابێت لە دادگاییکردنی سیستمە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی سیستمی بەعس کە بنەمای سایکۆلۆژیەت و عەقڵیەتی سیاسیەکانی ئێمە و کارنامەی بەڕێوەبردنی حوکمڕانیانی دروستکردووە. ئەوەی روودەدات تەواو پێچەوانەی ئەمەیە، کە ئەویش بریتیە لە درێژەدان بەم سیستم و کولتورە بە بەرگ و دەموچاوی جیاوازەوە، واتە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەو سیستمەیە کە لەسەر توندوتیژی و تیرۆرکردن و بەسەربازیکردن و بە حیزبیکردنی کۆمەڵگەو بە پیرۆزکردنی سەرۆک خۆی دادەمەزرێنێ. لێرەوەیە لابردنی سەرۆک نابێتە هۆی گۆڕینی سیستمەکە ئەویش لەبەرئەوەی هەر لە بنەماوە ئامانجەکە گۆڕینی سیستمەکە نەبووە. ئەمەش بەهەمانشێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینرێت و بە بەردەوامی دوبارە دەبێتەوە. واتە کاتێک موبارەک و قەزافی و ئەوانی دیکە لادەبرێن نەک هەر سیستمەکە ناگۆڕێ بەڵکو ئەوەی روودەدات بریتیە لە کۆپیکردنەوەو درێژەپێدان بە سیستمەکە خۆی و جارێکی دیکە دروستکردنی دامەزراوە سەرکوتکارەکان و ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتاریەکان.

حیزبی سیاسی کوردی (یان راستتر وایە بڵێین – ئەو خێڵ و سەرۆک خێڵانەی لە جیهانی مۆدێرندا لەسەر بنەمای نەتەوەگەرێتی بەرگێکی سیاسی دەپۆشن، بەڵام توانای تێپەڕاندنی عەقڵیەتی خێڵ و بونیادی خێڵیان نیە) لەسایەی نەبوونی فیکرو خوێندنەوەیان بۆ سیستمی بەعس، کە هەر لە بنەماوە ئەم هێزانە هێزێک نەبوون بۆ گۆڕینی جیهان و سیستم، بریتین لە قوتابیە بەئەمەکەکانی ئەم سیستمەو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سسیستمێکی حوکمڕانی دروستدەکەن کە تاسەر ئێسقان بارگاویە بە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان، کە جیاوازیەکی لەگەڵ سیستمە دیکتاتۆری و ئۆتۆکراسیەکانی ناوچەکەدا نیە و دواجار سیستم و کولتوری سیاسی بەعس بە هەموو رەهەندەکانیەوە بەرهەمدەهێننەوە.

کەواتە بۆ ئەوەی جیهانی سیاسی کوردی بگۆڕێت دەبێت ئەو پرۆژەیە بەئەنجام بگەیەنرێت کە بریتیە لە تێگەیشتن لەو پەیوەندیەی لە نێوان حیزبی سیاسی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی و عەقڵیەتی تاکەکەسەکاندا هەیە، واتە ناتوانین سەیری حیزبی سیاسی کوردی بکەین لەدەرەوەی پەیوەندیەکانی ناو کۆمەڵگەو ئەو کولتورەی ماشێنی ئەم حیزبانە بەگەڕدەخەن؛ پرۆسەی گۆڕینیش لەوێوە دەستپێدەکات کە مەودایەک لە نێوان پرۆژەی گۆڕین و ئەم سیستمەدا دروستدەکەیت کە بەرهەمی حیزبی سیاسی کوردی و ئەو تۆڕەیە لە پەیوەندیەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگە و ئەو مرۆڤانەی دەبنە ماشێنی بەگەڕخستنی ئایدیۆلۆژیاکانی حیزب. هیچ پرۆژەیەکی گۆڕین بوونی نیە ئەگەر خۆی لەسەر ئەو تێڕوانینە دابمەزرێنێت کە پێیوایە گۆڕین بە تەنها بە کەنالەکانی دەسەڵات و لابردنی سەرۆکدا دەڕوات، ئەمە تێڕوانینێکە کە نە جیهانێک و کولتورێک و سیستمێک و عەقڵیەتێکی دیکە بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو درێژە بەهەمان ئەو سیستمە ستەمکارو فاشیە دەدات کە خۆی دواجار دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لێی و لە دەریای ئەم ستەمکاریەدا مەلەدەکات. شۆڕش تەنها ئەو کاتە روودەدات کە توانای هێنانەکایەی مۆدێلێکی جیاوازت هەبێت بۆ جیهان و ژیان، جیهانبینیەکی دیکەت بۆ پراکتیزەکردنی سیاسی و پیادەکردنی دەسەڵات هەبێت، کاتێک توانای بەرهەمهێنانی فیکرت هەبێت بۆ ناسینی ئەو سیستمەی ژیانی کۆمەڵگەو مرۆڤەکانی گیرۆدەی نائومێدی و بێباکی کردووە.

کارەساتی فیکریی و سیاسی گەورە ئەوەیە کاتێک پێمانوابێت دەتوانرێت سیستمی حوکمڕانی کوردستان – کە ئەمڕۆ بۆ نمونە لە رێگەی هێزێکی سیاسی وەکو پارتیەوە کە هەموو کایەکانی دەسەڵاتی سیاسی وئابوری داگیرکردووە – بگۆڕدرێت بە لابردنی کەسێکی وەک مەسعود بارزانی، بە بێ تێگەیشتن لەوەی کە کۆمەڵگایەکمان هەیە ئامادەیە خۆپیشاندەرو دەنگە ناڕازیەکانی بۆ بکوژێت و خۆی بۆ بە کوشتن بدات، ئەو رۆشنبیرو توتیە حیزبیانەمان هەیە کە ئامادەیە پاساوی سیاسی بهێنێتەوە بۆ درێژەپێدان بە تەمەنی سەرۆک و حیزب سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و نەهامەتیانەی کۆمەڵگەو مرۆڤی کوردیان پێوە ئاڵاندووە. کەواتە بۆ گۆڕینی جیهانی سیاسی کورد پێویستمان بە گۆڕینی ئەم کولتورو کۆمەڵگەیە هەیە کە درێژە بە تەمەنی ئەم هێزەو هێزە سیاسیەکانی دیکە دەدات. هەر ئەمەشە پێماندەڵێت کە بۆچی لە روداوەکانی ١٧ ی شوبات و لە ئێستادا ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە لە هەموو شارەکانی کوردستاندا نایەتە سەر شەقام بۆ گۆڕینی ئەم سیستم و هێزانە. بەشێکی زۆری وەڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن لەو دوو خاڵەی لە سەرەوە باسمانکرد، واتە کاتێک هەموو کۆمەڵگە دەنگ بەرزناکاتەوە ئەمە بەو مانایە دێت کە بەشێکی کۆمەڵگە خەریکی درێژەدانە بە تەمەنی ئەم سیستمە حوکمڕانیە قەیراناویە و لەوە تێدەگەین کە ئەم هێزانە بەشێکی ناوکۆیی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەڵەیە ئەگەر وا سەیری بکەین کە ئەمانە تەنێکی نامۆ و جیاوازن لە کۆمەڵگە. بەڵام کاتێک هەموو کۆمەڵگە دەنگ بەرزدەکاتەوە ئەمە بە مانای ئەوەیە کە توانای دروستکردنی ئەو مەودا فیکریی و سیاسیەت هەیە کە دەبێت لە نێوان خۆت و ئەم سیستم و هێزانەدا دروستیبکەیت، هەر لێرەشەوە دەتوانین لە پرۆسەی گۆڕین تێبگەین، چونکە گۆڕینی سیستمەکە لەم خاڵەوە دەستپێدەکات کە توانای خوێندنەوەی سیستمەکە و بەرهەمهێنانی سیستم و مۆدێلێکی دیکە لە خەیاڵگە و سایکۆلۆژیەتی مرۆڤەکان و کولتوری سیاسی کۆمەڵگەدا هەبوو.

١٤ ی ئۆکتۆبەری 

16/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر