کاتێک نیشتمان زەرەر دەکات کەسمان براوە نابێت.

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
 
نیشتمان ئەو سەر زەمینەیە کە هەموومان لەسەری دەژین، بەڵام هەموومان وەک یەک لە بەرەکەی ناخۆین. سیستەمی سیاسی، بەرهەمی بیری مرۆڤە، ئەم سیستەمە بۆ رێکخستن و دابەشکردنی خێروبێری نیشتمانە بەسەر هەموواندا، لێ تا ئێستا مرۆڤ لە درووستکردنی سیستەمێکی وادا، کە توانای هێنانەدی ئەم ئاوات و ئامانجەی هەبێت، سەرکەوتوو نەبووە. 
هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، مرۆڤایەتی، دەیان شێواز و سیستەمی جۆراوجۆری بۆ ئەم مەبەستە دایهێناوەو تاقی کردۆتەوە، بەڵام لێی سەرکەوتوو نەبووە. هەرسێ سیستەمی گەورەی جیهان (کۆمۆنیستی و سەرمایەداری و ئایینی)، لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی دادپەروەرانە بۆ مرۆڤ هەرەسیان هێناوە، هەمووشیان بانگەشەی (کۆتایی مێژوویان) بۆ چۆنییەتی حوکمڕانییەتی خۆیان کردووە، پێیانوابووە لەگەڵ کامڵبوونی سیستەمەکەیان، دەگەنە دوا قۆناغی دادپەروەری، ئیدی دوای ئەمە سیستەمێکی تر نامێنێت پەنای بۆ ببرێت، بەڵام واقیعی ژیانی مرۆڤایەتی، لەپێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ژیانێکی بەڕوومەت بۆ هەمووان، هێشتا نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆی، هەرچەندە سیستەمی سەرمایەداری ئەگەر لە دابینکردنی داپەروەری و دابەشکردنی خێرو بێری نیشتمانیش بەسەر هەموواندا سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ خۆیدا توانیوویەتی تا ڕادەیەکی باش ئازادی بەرهەم بێنێت، کەچی هەردوو جۆرەکەی تر، نە ژیانێکی باش، نە  ئازادییان بۆ مرۆڤ هێناوە.
دیارە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە هەوڵەکانی خۆی ناکەوێت و ماندووش نابێت بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەی، ئەویش سیستەمێکە توانای ئەوەی هەبێت، خێرو بێری نیشتمان بۆ هەمووان بێت. 
درووستکردنی جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان لەپێناوی بەردەوامیدانە بە سیستەمەکان، ئەمەش بۆ لەبیربردنەوەی ئەو هەوڵەی مرۆڤە،(خێروبێری نیشتمان بۆ هەمووان)، چونکە ئایدۆلۆژییەکان هەموویان وەک یەک هاوبەشن لە سەرمەستکردنی مرۆڤ و لەبیربردنەوەی کڕۆکی بابەتەکە، کە داپەروەریە. 
سرووشتی ئایدۆلۆژیا وایە، دەتوانێت تا ڕادە و ماوەیەکی زۆر، بەبێ دابینکردنی پێداویستییەکی وەها مرۆڤ بژیێنێت، بەبێ ئەوەی کەسەکە هەست بەبوونی کەموکوڕییەکانی ژیان بکات، چونکە توانای بینین و رەخنەگرتن و پرسیارکردن بەتەواوی لە مرۆڤ دەستێنێتەوە، بۆیە کاتێک دەبینین هەندێک لە بانگخوازانی ئۆڵی، گەنجەکان بۆ کوشتن و خۆتەقاندنەوە ئاراستە دەکەن، چونکە ئەو گەنجە بە مەرەمی وەرگرتنی پاداشتی خودایی و بەهۆی ئەو ئایدۆلۆژیایەی پێی مەست بووە، ناتوانێت پرسیار یان داوا لەو کەسە بکات، کە ئاخۆ بۆچی خۆی ئەم کارە ناکات، مادام پاداشتێکی وەها گەورەی هەیە؟ یان لانیکەم بۆچی خۆیشی لەگەڵی ناچێت؟. کەس بینیوویەتی جگە لە گەنج، بانگخوازێکی بەتەمەن خۆی تەقاندبێتەوە، یان کارێکی کوشتنی ئەنجام دابێت؟ جگە لە گەنجی مەستکراو بەئایدۆلۆژیا، هیچ کەسێکی تر ئەم کارە ناکات. 
ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئایدۆلۆژیا هیچ نییە، جگە لەوەی شێوازێکە بۆ درێژەدان، یان وەرگرتنی دەسەڵات.
ئەو ململانێیەی نێو نوخبەی سیاسی کۆمەڵگاکەمان، کە بەناوی فکری دینی، خۆی لەچەند حزب و رەوتێکی جیاوازدا بەیان کردووە، سەلمێنەری بێئاگایی کۆمەڵگەی ئێمەیە، ئەم ململانێیە فکری و دینیەیی لە کۆمەڵگاکەمان لەئارادایە، کاتی خۆی هەبووە و بەرهەمەکەی ئەو دەوڵەتە دینیانە بوونە، کە نەیانتوانیووە کەمترین بڕی دادپەروەری بۆ مرۆڤ بەدی بێنن، جگە لەو سوڵتانانە نەبێت، کە هەریەکەیان بەسەتان ژن و کەنیزەکیان هەبووە، بەدەیان هەزار کەسیش لە برسان مردوونە، بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەزموونێکی تاقیکراوەیی فاشیلی نێو لاپەڕەکانی مێژوو، جگە لە هەژاری مەعریفی و فکری کۆمەڵگای ئێمە نەبێت، هیچ واتایەکی تری نییە.

02/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر