كێ‌ لە بەرەی گەلە؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
بەرەی گەل زاراوەیەكی كۆنی سەردەمی باڵادەستی ئایدۆلۆژیای ماركسییە، هەموو كودەتاچییەكان و سیستەمە شمولی و دكتاتۆریەكانیش، بەناوی گەلەوە، خودی گەلەكەی خۆیان كوشتوە، تەنانەت شۆڕشی فەڕەنسیش مللی هەزاران لە رۆڵەكانی گەلەكەی بە مەقسەلە بەناوبانگەی، هەر بەناوی گەلەوە پەڕاندووە، بۆیە ئەمە زاراوەیەكی مەترسیدارەو هەر هێزو لایەنێك بەكاری هێنا، پێویستە هەزارو یەك پرسیارو گومانت لەلادروست ببێت لە سەر ئەو هێزە، لە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان ئەم زاراوەیە بۆتە وێردی سەر زمانی كۆمەڵێك هێزی سیاسی وەك گۆڕان و ئیسلامی، هەر بۆ نمونە: حزبێكی وەك كۆمەڵ بە شەش كورسیەوە بەناوی بەرەی گەل قسە لەگەڵ حزبێكی تری وەك پارتی دەكات، بە سی و هەشت كورسیەوە، خۆی پێ‌ لەبەرەی گەلەو بەرامبەرەكەشی بە دەرچوو لە بەرەی گەل دەزانێت، لە رابردووشدا ئۆپۆزسیۆن هەر بەناوی گەلەوە قسەیان كردووە، كەچی ئەوەی ئەلف و بێی سیاسی بزانێ، دەبێت ئەو راستیە بزانێت ئۆپۆزسیۆن واتە كەمینە، چۆن دەكرێت كەمینە بە ناوی گەلەوە بڕیارو لێدوان بدات.

مێژوو فێرمان دەكات، هەموو ئەو هێزو لایەنانەی خاوەن ئەو تێزە یان ئەم تەرزەن لە بیركردنەوە، كە دەسەڵاتیان وەرگرتووە، بوونەتە جەلادی گەلەكانیان و خوێنڕێشتنێكیان بەرپا كردووە سەروو بنی دیار نەبێت، هەرلە شۆڕشی كاسترۆ و ماو و لینینین و تادەگاتە جەزائیرو قەزافی و سەددام، خۆیان پێ‌ لە بەرەی گەل بووە و نەیارەكانیشیان بە دەرچوو لەبەرەی گەل زانیووە، بەناوی گەلی هەژارو خێر لە خۆ نەدیوو هەزاران لە نەوەكانی ئەو گەلانەیان سەربڕیوە، بۆیە ئەركی هۆشمەند و عاقڵەكانی وڵاتەكەمانە بەر بەو نەهجە مەترسیدارە بگرن و میللەت لە و بەڵایە هۆشیار بكەنەوەو نەهێڵێن حزب و لایەنیئَكی سیاسی كە كەمترین ئەركی گەلی لەسەرە، و یەك رۆژ بۆ گەل و نیشتیمانەكەی نەك خۆێنی نەڕشتووە بە ڵكوو فرمێسكیشی نەباراندووە، بەناوی گەلەوە بدوێت، لەمەش زیاتر بێیت و حزبێكی نەیاری خۆشت كە زۆر لە خۆت بەسەنگ ترە و ئەركی پاراستنی وڵاتەكەشی لە ئەسۆیە بە خۆێن، بە دژە گەلی بزانیت.

ئەوەی من تێبینیم كردووە لە نێوان گشت و هێزو لایەنە سیاسیەكان، كەمترین حزب كە بەناوی گەلەوە قسە بكات، پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كاتێكدا پارتی خاوەن زۆرترین كورسی پەرلەمانی بووە، ئەو هێزانەی ئەمڕۆ بەناوی گەلەوە قسەدەكەن، گەر وەك پارتی هێزی جەماوەری و هێزی سەربازی ودیپلۆماسی و پەرلەمانی هەبوایە، بەحەق لەگەڵ هیچ لایەنێك نەدەجوڵانەوە و خوا ئەزانێت چیان بە نەیارە سیاسییەكانیان ئەكرد، رەنگە هەندێك ئەمە بە لایەنگری حزبی لێكبدنەوە، بەڵام ئەوە سەلمێنراوە ئەوەی لەگفتووگۆ تووندو تیژ بێت، ئەو هێزەی بە راست و چۆپ، بوختان و درۆكردن ببەشێتەوە و تەنها خۆی بەڕاست بزانێت و هەموو بیركردنەوەیەكی جیاوازی دەرەوەی دونیای سیاسی خۆی بە خیانەت بزانێت، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری جۆرێكە لە فاشیزم، كە دەسەڵاتیش وەردەگریًت خۆی بەخاوەنی راستەقینەی گەل دەزانێت و هەركەس پێچەوانەی خۆی بیربكاتەوەو یا رەفتار بكات لە مللی دەدەن.
*پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی


06/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر