پارتی و دەوڵەتی سوننی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
ماوەیەكە هەندێك لە نووسەرانی نزیك لە لایەنێكی سیاسی، دەستیان داوەتە كۆمەڵێك شیكاری سیاسی بۆ باردۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو گۆڕانكاریانەی رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەسەر نەخشەی ناوچەكەدا بێن، ئەوەی خاڵی گرنگە لەم شیكردنەوانەدا ئەوەیە دواجار گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە ئەو ناوچەیە، چیدی بە و نەخشەی ئێستا نامێنێتەوە، بەڵام هەندێكیان بە ئاگاو هەندێكیشیان بێ‌ ئاگا شیكردنەوەكانیان زیاتر لە وڕێنە دەچێت تا شیكاری سیاسی بێت، بە تایبەتی ئەو وتارەی دوایی كاك مەریوان وریا قانع و بەدوای ئەویشدا ئیدی بووە بابەتی میدیای لایەنێك و كۆڕو سیمیناریان بۆ گریدا.

پێشتر كە پارتی باسی ئەو گۆڕانكاریەی دەكرد، و دەمێكیشە رایگەیاندووە چیتر هێلە گشتییەكانی رێككەوتنی سایكس-بیكۆ بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام نابن و پێویستە خۆمان ئامادەبكەین، بۆ ئەو گۆانكاریانەو لە بەرژەوەندی خۆمان بیقۆزینەوە وەك گەلی كوردستان، دەیانگووت پارتی بابەتی دەوڵەت بۆ مزایەدە دەوڕژێنی، َ ئەگەرنا ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئێستا دوایی ئەوەی بەدرەنگەوە  تیگەیشتن كە گۆڕانكاری گرنگ بەڕێوەن و كوردیش بەشێك دەبێت لەو گۆڕنكاریە، ئیدی دەیانەوەێت بابەتی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بە جۆرێك شیبكەوەنەو كە تێدا بەخەڵك بڵێن ئەوەی دەكرێت و روودەدات لە داهاتوودا تەنها لەبەرژەوەندی پارتییە، و كورد هیچ سوودێك لە گۆڕانكاری نەخشەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینێت، بە پێی شیكردنەوەی خۆیان: (لە داهاتوودا دەوڵەتێك بوو سوننە كان لە عیراق و سوریا دروست دەكرێت و هەولێرو دهۆكیشی دەخرێتە سەرو بارزانی دەبێتە سەرۆكی ئەو دەوڵەتە كە بە پاڵپشتی توركیا و سعودیە دەبێت).

لە خۆم دەپرسم باشە بەراستی ئێمە لە كوردستان خەڵكێكمان هەیە، ئەو جۆرە وتارانە بخوێنێتەوەو باوەڕی پێ‌ بكات؟ بۆ نا ئەوە نییە هە ر بەدوای ئەودا لێكۆلەرێكی تری سیاسی!!! گۆڕانخواز هەموو سەركردایەتی حزبەكەی لە سیمینارێكدا كۆكردبوونەوەو ئەم جۆرە شیكردنەوانەی بۆ دەخوێندنەوەو ئەوانیش وەك بڵێی هەنگوینیان لەداردا دۆزیوەتەوەو دەستەو نەزەر بە دیاریەوە دانیشتبوون، ئەوەی كارەساتە سەركردایەتی لایەنێكی گرنگ لە كوردستان برٍِوا بەم جۆرە فاڵ گرتنەوانە بكەن و دواجاریش دەرخواردی خەڵكی بدەن، جا بۆ نا ئەی هەر ئەوە نەبوو قەناعەتیان بە هەندێك مێرد منداڵ هێناو پێیان گووتن: هەرچی پارەی مەعاشە لە بارەگاكەی لیژنەی ناوچەی پارتییە لە قەڵادزێ‌ و ئەوانیش هێرشیان بۆ هێناو داگیریان كردو سووتاندیان، جا كە ئەمەیان باوەڕكرد، بۆ ئەمە باوەر ناكەن.

دوای شەڕی داعش و پێشتریش باس لە نوێ‌ داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوەو ، بۆیەكەم جاریش بە شێوەیەكی ئاشكرا لەسەر زمانی كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوی ئەمەریكا لە سەردەمی  بۆشی كوڕدا، باسكراوەو دەڵێت: پێویستمان بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە، بەڵام دوای پەیدا بوونی داعش و جەنگی سوریا و داڕمانی پێوەندی نێوان شیعەو سوننە و كورد لە عیراق و جەنگی یەمەن و لیبیا، ئەم گۆڕانكاریە پێویستەی خێرا تركردووە،  ئەم جەنگانەی ئێستا، جەنگی نێوان نەتەوەكان و ئاین و ئاینزاكانە، بۆیە چیتر ناكرێ ئەو میللەتانە بەزۆری لە بۆتقەیەكدا پێكەوە بژین، بۆیە دوو بژاردەیان لەبەر دەستە یا بەردەوامی جەنگ و تیرۆر، یا دابەش بوون و كۆتایی سایكس-بیكۆ، هەموو ئاماژەكان بە ئاڕاستەی لەبەریەك هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنە شومەن،  كە ماوەی سەت ساڵە بۆ كورد بۆتە دێوزمەو نەگبەت. بۆیە لەم سۆنگەیەوە پێویستە كورد خۆی ئاماددەبكات بۆ چوونە نێو سەردەمێكی نوێ‌، جا ئەمڕو بێت یاسبەی هەر روودەدات.

سەبارەت بەو بڕگەیەش كە پارتی دەیەوێت لەگەڵ سوننە دەوڵەتێك دروست بكات، بەبێ‌ سلێمانی و كەركوك، جگەلە تێڕوانینێكی ساویلكانەی منداڵانە نەبێت هیچی تر نییە، ئەگەر سەرۆك بارزانی پێویستی بە سەرۆكایەتی دەوڵەتێك هەبایە لەگەڵ سوننە، ئەوا رازی دەبوو سەرۆكی هەموو عیراق بایە، هەموو لایەك دەزانن هەرلە سەرەتای رزگاركردنی عێراق داخوازی ئەمەریكاو خودی عیراقیەكانیش بوو، بارزانی سەرۆكایەتی عیراقی كردبا، بەڵام بەهەموو شێوەیەك ئەو داوایەی رەتكردۆتەوەو سەرۆكی عیراقی بۆ خۆی قەبوڵ نەكردوە، ئاخر ئەمە چ عەقڵێكە باوەڕبكات، ئێستا سەرۆك بارزانی بێت بە نیوەی كوردستان و لەگەڵ نیوەی عیراق دەوڵەتیێك دروست بكات، و خۆی سەرۆكایەتی بكات، دڵنیابن پارتی و سەرۆك بارزانی جگەلە گەلی كوردستان و هەمووخاكی كوردستانی عیراق نەبێتن دەوڵەتی ناوێت، ئاخر ئەم لێكدانەوە سیاسیانە ماڵی كوردی وێرانكردووە، هەرچی هات لەم لاوە لێمان بۆتە لێكۆلەرو چاودێری سیاسی.


25/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر