سوودمەندەكانی شكستی راپرسی كێن؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
دوای ئەوەی ئەنجامدانی راپرسی لە هەرێمی كوردستان بووە بڕیار، گفتووگۆیەكی تەواو ناعەقڵانی لە نێوان هێزە سیاسییەكان لەلاایەك و لە نێوان بەشێك لە توێژە جیاجیاكانی ناو كۆمەڵاگەكەان لەلایەكی تر هاتۆتە ئاراوە، بەشێكی زۆر لەو گفتۆگۆیانە ململانێی حزبی ئاراستەیان دەكات، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە كۆمەڵێك لە رۆشنبیرانیش كە سەرمایەی ئەو گەلەن بوونەتە بەشێك لەو لەو ململانێیە.

ریفراندۆم و سەربەخۆیش نەیتوانی گەلی كوردستان یەك دەنگ بكات وەك چۆن كیمیاباران و ئەنفال ئێمەی یەك دەنگ نەكرد، بابەتی راپرسی و سەربەخۆیی تەواو پرسی خەڵكن، واتە بە ئیمتیاز نیشتمانین، ئەی بۆچی ئێستا هەندێك لایەن وەك پرسێكی حزبی دەیبیبن؟  ئەگەر لەبەرئەوەی لە پەرلەمان نەوڕژێنراوە، بۆیە بە پرسێكی حزبی دەبینرێ، خۆ سەرۆكایەتی هەرێمیش دەزگایەكی حزبی نییە، ئەگەر لەبەرئەوەبێت سەرۆكی هەرێم ئەندامێكی پارتییە، ئەوە ئەگەر لە پەرلە مانیش بێت سەرۆكی پەرلەمان ئەندامێكی گۆڕانە و بیرۆكەكەش لەلایەن فراكسیۆنێك دەهێترایە پێش كە دواجار فراكسێۆنێكی حزبییەو هەمیشەو وەك دەستكەوتی حزبەكە دەبینرا.

بۆ زانینی جیاواری پرسی حزبی و نیشتمانی ئەوەندە زیرەكی ناوێ‌ پرسی حزبی تایبەتە بە ژیانی ناوخۆی حزب وەك گۆراِنی سەرۆكی حزب یا بەستنی كۆنگرە و دانان و دیاركردنی كاندید چ بۆ هەڵبژاردنەكان بێت یا بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان بێت، بەڵام پرسی نیشتمانی ئەو پرسەیە كە پەیوەستە بە ژیان وگوزەران و چارەنووسی هەموو هاوڵاتیانەوە، واتە دەرەنجامی ئەو پرسە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر دوارۆژی هەموو هاونیشتمانیانەوە، بۆیە راپرسی پرسێكی تەواو نیشتمانییە جا هەر كەس و لایەنێك وڕژاندبێتی، ئە و هێز و كەس و لایەنانەی راپرسی وەك پرسێكی حزبی سەیردەكەن، جگەلە بێ‌ مەعریفەی دەیانەوێت بەو پاساوە دژایەتی بكەن، ئەگەرنا هەموو بیرۆكەیەك بەدرێژای میژوو خاوەنێكی هەیە جا حزب بێت یان كەسێك،  لەناو حزبیشدا دواجار كەسێك خاوەن بیرۆكەكەیە،  وەك چۆن كارەبا پرسێكی نیشتمانییە و بگرە جیهانییە، بەڵام كەسێك خاوەنییەتی واتە خاوەن بیرۆكەكەیەتی و بەناوی كەسێكەوەیە، وەك چۆن لە ئەمەریكا جۆرج واشنتۆن خاوەنی سەربەخۆیی بوو لە حزبی ئیتحادی بوو، بۆیە هیچ شتێك بێ‌ خاوەن نییە، بەڵام گرنگە ئەو شتە یان ئەو بیرۆكەیە بۆ خەڵك و قازانجی خەڵك بێت.

ئەو كەس ولایەنانەی كە هەوڵی شكست پێهێنانی راپرسی دەدەن، پێویستە بزانن جگە لە نەیارە تەقلیدیەكانی گەلی كوردستان نەبێت هیچ كەسێكی تر لەگەلی كوردستان بە خۆشیانەوە سودمەند نابێت، باشە گریمان توانییان شكست بە راپرسی بێنن، پرۆژەیان چییە، لە باشترین حالەتدا دەگەڕێنەوە بەغدا، ئەی بەغدا لەو حالەدا چی بۆ كورد دەكات، ئایا ماددەی 140 جێبەجێ‌ دەكات، موچەو بودجەی  كوردستان دەگەڕێنێتەوە وەك خۆی؟ گریمان ئەوەشیان كرد ئەی خەونی نەتەوەیەك بۆ سەربەخۆیی چی لێ‌ دەكەن؟ ئەی بەرابەر مێژوو چی دەڵێن؟ رووبەڕووی هەموو ئەو پرسیارانەو دەیان پرسیاری تردەبنەوە.

دەوڵەت كۆتایی مێژووی هەرنەتەوەیەكە، هەرنەتەوەیەك خەونی دەوڵەتبوونی نەبێت ، هیچ پێوبست نییە روڵەكانی لە شوڕش و راپەڕیندا بەكوشتن بدات، ئەوانەی بە پاساوی دروست بوونی حوكمی توتالیتاری و دكتاتۆری دەوڵەت رەت دەكەنەوە جگەلە پاساوی بێ بنەما نەبێت هیچی تر نییە، چونكە داودەزگای دیموكراسی و دادوەری و یاسایی و خەباتی مەدەنی زیاتر لە ناو دەڵەت دەچەسپێن وەك لە دەرەوەی دەوڵەت، هیچ نەتەوەیەك هەموو كێشەكانی چارەسەرنەبوونە دواتر دەوڵەت دروست بكات، بە پێچەوانەوە دەوڵەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەتەوەو پاراستنی شوناسەكەیەتی، ئێمە ئێستا لە كوردستان لە غیابی دەوڵەت خاوەن دەیان كێشەی جۆراوجۆرین و شوناسیشمان لەبەردەم هەڕەشەیە، ئەم گفتووگۆیانەی ئێستای ناو سیمینارو میدیاكان پێویستی بە رەوتێكی عەقڵانی هەیە كە دووربێت لە ململانێی حزبی و ئێسكشاندنی یەكترو خامۆش كردنی روحی نەتەوە، لەپاڵ ئەمانەدا دەكرێ بە ئارامی باس لە باشی و خرابیەكانی دەرەنجامی ریفراندۆم بكەینەوەو، دواجاریش راپرسی میكانیزمێكی دیموكراسییە و كاتێ  هیزو لایەنەكان لەسەر جیاوازیەكانیان نەگەیشتنە هیچ چارەسەرێك، ئەبێ راپرسی وەك چارەسەرێكی دیموكراسی ببینرێ

08/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر