بەپێچەوانەی ئەو فۆبیایەی دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق ساڵانێکە تووشی بوون، پێویسته سامان و نه‌وتی كوردستان بکەوێتەوە ده‌ستی كورد خۆی. لەبەرئەوەی بێ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و سامانه نه‌ته‌وه‌ییه مه‌حاڵه كورد سه‌دان ساڵی دیش له وابه‌سته‌یی ناوه‌ند ڕزگاری ببێت.
ڕاستییەکەی ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی ئێمه ڕه‌خنه‌گرتن بێت له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تداریی هەرێم؛ مۆدێلی دامەزراندنی میرنشین و ئابورییەکی حیزبیی موڵکانهستێن، نەک ڕەدووکەوتنی ئەو بۆچوونەی کە کوێرانە داوای ڕادەستکردنەوەی سامانی کوردستان بە کۆمەڵێک هێزی عەرەبیی گەندەڵ و ترسناک دەکات. ئاخر عێراق هەر بەتەنها نەوتی کوردستانی ناوێت، عێراق دەیەوێت کوردستان و خەڵکەکەی بەهەمان شێوەی جاران کۆڵۆنییەکی پاشکۆ و دەسندەخۆری خۆی بن.
٭٭٭
گرفتی گه‌وره‌و شاراوه له ده‌رهێنانی نه‌وت و گۆڕینی هه‌رێم بۆ میرنشینێکی نەوتیی موڵکانهستێن، یه‌كه‌م نه‌بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نیشتمانی و دووەمیان نەبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موئه‌سه‌ساتی و سێیه‌میشیان ئه‌گه‌ری وردوخاشكردنی چینی ناوه‌ڕاسته، ئه‌و چینه‌ی كه كۆمه‌ڵناسه سیاسییه‌كان به بڕبڕه‌ی پشتی دامه‌زراندنی دیموكراسی داده‌نێن. به واتایه‌كی تر دواخستن و له‌به‌ینبردنی پرۆسه‌ی کرانەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی دیموكراسییە، چونکە له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر خاوه‌نی داودهزگەی دیموكراسی نه‌بوون (ئەنگۆلا، نەیجیریا، ڕوسیا، سعودییە، ئێران، عێراق، لیبیا .. تد)، نه‌وت سته‌مكاری خوڵقاندووه.
بوونی موئه‌سه‌سات پێشمه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسییه. ئه‌ڵبه‌ته پێشمه‌رجه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی موئه‌سه‌ساتی له سێ مه‌رج به‌ده‌ر نین، ئه‌وانیش: دروستکردنی بازاڕه وه‌کو هێزێکی جیا له ده‌وڵه‌ت/ حیزب، دووه‌میان گه‌شه‌کردنی چینی ناوه‌ڕاسته به به‌ده‌ستهێنانی توانای خۆبژێوی نه‌ک به‌پشتبه‌ستن به مووچه‌ی خۆڕایی، سێیه‌میشیان خۆڕاپسکاندن و پشتکردنه کولتوری کلاسیکیی کۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌و کولتوره‌ی که زاده‌ی کۆمه‌ڵگه داخراوه هیرارکییه‌کانه و ڕێگه به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شکردنی سامان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان نادات.
٭٭٭
كوردهواری وه‌كو به‌شێك له عێراقی به‌عس و پاشان لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆ و لە سایەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی حیزبە کوردستانییەکاندا ڕووبه‌ڕووی له‌ناوبردن و غیابی یهكبینهی موئه‌سه‌سات بۆته‌وه، كولتوری به‌عس و شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی حیزبە کوردستانییەکان له زهبهلاحكردنی حیزب وه‌ك تاكه دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه و قووتدانی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی دیکە، جگه له‌وه‌ی كوردستانی له چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بێبه‌ش كرد، كورده‌واریشی كرده كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و له بریتی موئه‌سه‌سات تاكه‌كه‌س، سه‌رۆكی حیزب، خێزانی سیاسی، خێڵ، شێخی ته‌ریقه‌ت .. جێگه‌ی موئه‌سه‌ساتیان گرته‌وه.
ئه‌گه‌ر ململانێی حیزبیی و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و كڕینی ئه‌ستۆ و په‌رده‌پۆشكردنی بێكاریی له چه‌ند ساڵی پێشووی دەسەڵاتی كوردییدا هۆكاری سه‌ره‌كی بەپاشكۆكردنی چینی ناوه‌ڕاست بووبن، ئه‌وا ته‌نها له‌میانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی موئه‌سه‌ساتیدا كه له‌بریتی دابه‌شكردنی خۆڕاییانه‌ی سامان، پێدانی هه‌لی كاركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ورده ورده‌ی ئه‌م چینه له حکومەت و ڕه‌خساندنی هه‌لی خۆبژێوی بۆیان، چینی ناوه‌ڕاست ده‌توانێت له سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێت و به‌شدارییه‌كی ئه‌كتیڤ له دروستكردنی دیموكراسیدا بكات.
مەترسی گۆڕینی كوردستان بۆ میرنشینێكی نه‌وتیی موڵکانەستێن و به‌پاشكۆكردنی زۆرتری چینی ناوه‌ڕاست، ده‌شێت بۆ چه‌ندین ساڵی دیكه پرۆسه‌ی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموكراسی دوا بخات یان هەر لەبەینی بەرێت.
٭٭٭
بەمەبەستی ڕێگری‌کردن لە بەتاڵانبردنی نەوت و گۆڕینی هەرێم بۆ میرنشینێکی نەوتیی، تاکە ڕێگە خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستانە کە کۆتایی بە تاڵانوبڕۆی کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕۆڵی قاچاخچییەکانی ناوخۆ دەهێنێت کە ئەمەش بێگومان مەحاڵە بەم سەرکردایەتییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بکرێت.