پچڕاندنی پەیوەندیەكانی عەرەبستانی سعوودیەو ئێران

بورهان شێخ رٶوف
هەروەكو ڕوون وئاشكرایە بۆ هەمووان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە قەیرانگەلێكی سەخت و دژوردا گوزەر دەكات كە زۆر فاكتەری مێژوویی و بابەتی گرنگ هەن كە ئەو زەمینە لە باروو خۆشدەكەن بۆ خووڵقانی ئەو قەیران و ئاڵۆزیانە كەمن نامەوێت لێرەدا بچمە ناویەوەو لەوەیە لە وتارێكی وا كورتدا  بواری ئەوە نەبێت .
بەڵام بە دیاریكراوی لە دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوە و گۆڕانكاریەكان بە ناوی بەهاری عەرەبی و دواتر درێژەكێشانی ئەو ڕووداوانە لە بەحرێن و یەمەن وبە تایبەتی لە سوریا بۆ زیاتر لە چوارساڵ ڕەوتە مەزهەبی و ئتنیكیەكانی ناوچەكەی بە ئاكارێكی زۆر توند قووڵكردەوە كە وڵاتانی ناوچەكەی بە ڕاستەوخۆ تێوەگلاند بە تایبەتی ئێران و عەرەبستانی سعوودیەو توركیا .
هەروەكو ئاشكراشە ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە لە وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەوان سەرقاڵی كێبڕكی َ و ململانێ‌ ی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتین و بۆشاییەكی گەورەیان لە ناوچەكەدا بە جێ هێشتووە چۆن ڕووسەكان هاتوونەتە سووریا و سوپای توركیا هاتۆتە ناو خاكی عێراقەوە لە ئاوا بارودۆخێكدا عەرەبستان و ئێران لە هەوڵی ئەوەدان ئەو بۆشاییەی كە ئەمریكیەكان درووستیان كردووە ئەمان پڕی بكەنەوە چۆن لە كاتی كشانەوەیان لە عێراق واتە كشانەوەی ئەمریكیەكان لە 2011 شوێنەكەیان بە جۆریك لە جۆرەكان پڕكرایەوە .
لە ئێستاشدا لە دوای  جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری لە سێدارەدانی پیاوی ئایینی سعوودی شیعە مەزهەب شێخ نمر باقر ئەلنمر لە گەڵ 47 كەسی تر لە لایەن حكومەتی عەرەبستانی سعوودیەوە ,ناڕەزایەتی و نیگەرانیەكی زۆری ئێرانی لێكەوتەوە چ لە لایەنی فەرمی و شەقامی ئێرانیەوە كە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕووداوەكەی بە ئەوپەڕی بێحیكمەتی و هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتی وەسفكرد وجگە لە هەندێ‌ لێدووانی هەڕەشە ئامێزی تر  كە وتیان عەرەبستان نرخێكی قوورسی ئەم كردەوەی دەدات و لە هەمانكاتدا خۆپیشاندەران باڵوێزخانەی عەرەبستانیان سووتاند بەبێ‌ ئەوەی هێزە ئەمنیەكان هیچ بەرگریەكی لێبكەن و دواتر ئەو شەقامەش كە باڵوێزخانەكەی تێدایە لە تاران  ناونرا ( ئەلنمر ) , دواتر لەڕۆژی شەمەش قوونسڵخانەی عەرەبستان لە شاری مەشهەدیش هێرشی كرایە سەر .
كاربە دەستانی عەرەبستانی سعوودیەش ئەم كردارانەیان كردە بیانوو بۆ ئەوەی دیبلۆماتكارەكانیان بگەڕێننەوە لە ئێران لە ماوەی 48 كاتژمێردا هەندێك لە چاودێران لەو بڕوایەدان كە سعوودیە بڕیارێكی پێشووەختی هەبووە بۆ بڕینی پەیوەندیەكانی لە گەڵ ئێراندا بەڵام ئەو بیانووەی كە هێزە ئەمنیەكانیان هیچ پەرچەكردارو بەرگریەكیان لە باڵوێزخانەكە نەكردووە بكەنە بەڵگەو كۆتایی بە پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانیان لە گەڵ ئێراندا بهێنن .
هەروەكو ئاماژەكان پیشانی دەدەن هەڵوێستی ئێران لە سەر لە سێدارەدانی شێخ نمر تاكە فاكتەر نەبوو بۆ بچڕاندنی پەیوەندیەكانیان چونكە ئێران هەر لە سەرەتای كێشەكەی  شێخ نمر و حوكمی لە سێدارەدان دواتر پشتڕاستكردتەوەی حوكمە ئێران هەڵوێستی توندی هەبوو سعوودیەكانیش بە كارێكی ناوخۆیی وڵاتەكەیان دەزانی و لێدوانەكانی ئێرانیان بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەیان ناوزەد دەكرد و جێگە نیگەرانیان بوو .
هەروەكو لای سعوودیەكانیش كارێكی شاراوە نەبوو كە ئێران كاردانەوەی تووندی دەبێت بەرامبەر بە لە سێدارەدانی ئەو پێشەوا شیعە مەزهەبە لە هەمان كاتیشدا ئێرانیەكان ئەمە بە ئیستیفزازێكی  گەورەی خویان دەزانن .
ناكۆكی و ململانێكان گەلێك زیادیان كردووە لەنێوان ئەو دوو ڕكابەرەدا چ لە سوریاو یەمەن و عێراق و بەحرێن و لوبنان وتۆمەتباركردنی ئێران بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی كەندا و لە لایەن سعودیە و ە. 
لە هەمانكاتدا لە ڕووی ئابووریەوە  تۆمەتباركردنی سعودیە لە لایەن ئێرانەوە بەوەی كە بڕێكی ئێجگار زۆر نەوتی خستۆتە بازاڕەكانەوە و بووەتە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بەم شێوەی ئێستا بیتە خوارەوە كە بە ڕادەیەك كاریگەری نیگەتیفیشی لەسەر ئابووری خودی سعودیەش كردووە بەڵام سعوودیەكان لەو بڕوایەدان بەم كارەیان ڕۆڵ و توانای ئێران كەم دەكەنەوە لە دوای واژۆكردنی ڕێكەوتنی (5+1)كە سعودیەكان پێیان وایە پێگەو هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا بە هێز دەبێت .
لە ڕووی سەربازی و سیاسیشەوە عەرەبستانی سعودیەوە خوازیارە بەربەستێك لە بەردەم فراونبوونی هەژموون و دەستەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كە پەیڕەو لە ئاینزای شیعە دەكات  دروست بكات بە سەركردایەتی خۆی كە پەیڕەو لە ئاینزای سوونە دەكات ئەمەش خۆی لەو هاوپەیمانێتیانەدا دەبینێتەوە كە لە لە چەند مانگی پێشوو لە یەمەن دروستیان كرد بە ناوی هاوپەیمانی عەرەبی دژ بە حوسیەكان و ئەوەی ئێستاش لە چەند ڕۆژی پێشوودا ڕاگەینرا بە ناوی هاوپەیمانی ئیسلامی .
هەموو ئەمانە لە كاتێكدا ڕوودەدەن كەكێشەو قەیران و ململانێ‌ ی ناوچەكە ڕوو لە زیادبوونن دوای ئەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی (5+1) لە گەڵ ئێراند بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەبێتەوە و سعودیەی بە تەنیا جێ هێشتووە لە ڕووبەڕووی ئێراندا ئەمە چەند جارێك لە سەر زاری لێپرسراوانی  سعوودیەوە باسی لێوە كراوە لە دوای ڕێكەوتنی ناوبراوەوە  بە تایبەتی لە كاتی كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی كەنداو لە گەڵ سەرۆك ئۆبامادا .
بۆیە دەكرێت عەرەبستان و ئێران هەریەكە هەوڵی ئەوەبدەن ناوچەی هەژموون و دەستەڵات و گەمەكانیان لە ناوچەكەدا پەرپێبدەن و هاوپەیمانێتی دژبەیەك دابمەزرێنن  هەروەكو لە یەمەن و عێراق و سوریا لە ڕابردوودا كردوویانە ,
لە لایەكی ترەوە پێشبینی دەكرێت ئەم ناكۆكیانە قەیران و ئاڵۆزیە ئاینزایی و ئیتنیكیەكانی ناوچەكە قووڵتر بكاتەوە عەرەبستانی سعوودیە وەكو نوێنەری سوونە خۆی نمایش بكات بەرامبەر هەژموون ودەستەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران هەروەكو لە سەرەتاكەیەوە دەركەوت كە بەحرێن و سودان پەیوەندیەكانیان بچڕان لە گەڵ ئێران و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیش ئاستی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی نزم كردەوە .
دەمێنێتەوە سەر ڕۆڵی توركیا لەم بلۆك بەندیەدا هەرچەندە توركیا ئەندامە لەو هاوپەیمانێتیە ئیسلامیەی كە بە سەركردایەتی سعوودیە ڕاگەیەنرا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڵام لە سعودیە و توركیا لەوەیە لە چەند خاڵێكدا یەكبگرنەوە وە لە قەیرانی سوریا هاو هەڵوێستن و ئەو بۆندی كڕین چەك و كەلوپەلی سەربازی لە توركیا كە سەرچاوەكان باسی دەكەن كە بایی زباتر لە (10) ملیار دۆلارە , 
بەڵام گەلێك فاكتەرو ڕێگر هەن كە توركیا وئێران بچنە ناو سەنگەری ململانێ‌ ی ئاینزاییەوە لە م كاتەدا كە پەیوەندیەكانی توركیاو ڕووسیا بە دۆخێكی هێجگار هەستیاردا تێپەڕدەبێت كە توركیا نایەوەێت بەرەیەكی ڕووسی ئێرانی لە دژی خۆی بكاتەوە و لە هەمان كاتدا پەیوەندی ئیستراتیجی ودارایی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو دراوسێدا هەیە كە زیاتر لە (20) ملیار دۆلارە ساڵانە .
هەر لە سەر ئەو بنەمانەش بوو توركیا لە كێشەی یەمەن گەردەلوولی حەزم بەشداری نەكرد هەر بە هەڵوێستی پشتیوانی زارەكی دۆخەكەی بەڕێكردو بۆیە توركیا لە كاتی ئێستادا حەز بەوە ناكات بەرەیەكی ناكۆكی و ململانێ‌ لەگەڵ ئێراندا بكاتەوە ئەوەی  بە  لاوە باشترە كێشەو ململانێكانی ناوچەكە بە بێدەنگی بڕۆن بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بەرەی ناوخۆیی توركیاوە هەیە و كێشەی كورد لە توركیادا كەلە ئێستادا لە ڕووبەڕوونەوەیەكی سەختدایە دوای هەرەسهێنانی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا  نایەوێت دەرگا بۆ دەستێوەردانی ئێران بكاتەوە .









07/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر