جنێف (3)

بورهان شێخ رٶوف

لە ساڵی 2011 ەوەلە پاش سەرهەڵدانەكانی بەهاری عەرەبی لە تونس و میسرو لیبیا و یەمەن  خەڵكی سووریاش دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین كرد دژ بە ڕژێمی بەشار ئەسەد كە خوازیاری ڕیفورم و گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری بوون لە وڵاتەكەیاندا و دواتر درێژەی كێشاو بوو بە ململانێیەكی چەكدارانە لە نێوان ڕژێم و ئۆپۆزەسیۆنی سووریاد ا بە هەموو باڵەكانیەوە .
ئۆپۆزەسیۆنی سووریا لە سەرەتاوەجگە لە كورد پێكهاتبوو لە ئەوانەی لە سوپای سووریا جیابووبوونەوە وسوپای ئازادیان پێكهێنا بوو دواتر  چەكدارانی بیانی لە زۆر وڵاتانی جیهانەوە پەیوەست بوون بە ڕیزەكانیەوە بەرەی نووسرەیان دامەزراند كە باڵێكە لە ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە .

ئەگەرچی سەرەتا خەڵكی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە پێناوی ئازادی و ژیانێكی باشتر و شایستە تر بۆ خۆیان شۆرشیان  دەستپێكرد,بەڵام  پاشتر وڵاتانی ناوچەكە بە ئێران و توركیاو عەرەبستانی سعوودیە و قەتەر و وڵاتە زلهێزەكانی وەكو ئەمریكاو ڕووسیاو فەرەنسا و بە ریتانیا هەریەكەو بە جۆرێك لە جۆرەكان دەستیان وەردایە ڕووداوەكانی سووریاوە . كە زیاتر باس لە چارەنووسی بەشار ئەسەد و ڕژێمەكەی دەكەن وەكو ئایندەی گەلی سووریاو كۆتایی هێنان بە ئێش و ئازارەكانی خەڵكی ئەو وڵاتە .
ئێستا كە لە ساڵی 2016 داین و وا ڕووداوەكانی سووریا پێنج ساڵ تەواودەكەن ئەو وڵاتە جگە لە ماڵوێرانی و هەڵتەكانی ژێرخانی ئابووری و ئاوارە بوون و دەربەدەربوونی ملێۆنان كەس لە خەڵكی ئەو وڵاتەو كوژران وبریندار بوونی سەدان هەزاری تر هیچ دەستكەوتێكی تریان بە دەست نەهێناوە و ڕێكەوتنامەكانی جنێفی  یەك و دوو كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرد بە هەڵسپاردووی ماونەتەوە بە هۆی پێداگیری لایەنەكانی كێشەكە هەركەس بە بیرو بۆچوونەكانی خۆیەوە كە ئەمەش وایكرد كە داخوازی بۆ گرێدانی(   كۆنگرەی جنێف سێ‌ )  بدرێت .هەروەها پێش جنێف (3) دووجنێف ی تر بەستراوە بۆ یە لێرەدا بە كورتی ئاماژەیەكیان  پێدەدەم :

جنێف (1):
لە 30/ یونیو2012 نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف لە سویسرا میواندار ی كۆبوونەوەیەكی گروپی كاری لە پێناو سووریادا كرد لەسەر بانگهێشتی كۆفی عەنانی نێردەی ئەو كاتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سووریا.
كۆبوونەوەكە بە بەشداری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان وئەمینداری گشتی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیاو توركیاو فەرەنساو چین و قەتەرو عێراق و كوێت و شانشینی یەكگرتوو و ئێرلەندای باكوور ئەمریكاو نوێنەری سامی یەكێتی ئەوروپا بۆ كارووباری سیاسی و دەرەوە  بەو پێیەی كە گروپی كارن لە پێناوی سوریا بە سەرۆكایەتی نێردەی هاوبەشی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی كۆفی ئەنان .

دیارترین خاڵەكانی كە لەم كۆنگرەدا لە سەری ڕێكەوتن لایەنە ناكۆكەكان  پێكهێنانی كابینەیەكی حكومی ڕاگوزەر  بووبە هەموو دەستەڵاتێكی جێبەجێ‌ كردنەوە  لە حكومەتی ئێستا و ئۆپۆزەسیۆن لەسەر بنەمای سازان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوانیاندا ,
بەڵام هەموو پێشنیارو بڕیارەكان  نەتوانرا یەك خاڵی لێ‌ جێبەجێ‌ بكرێ‌ لە سەر زەوی و  بكرێتە كردار بەڵكو شەڕو ناكۆكیەكان درێژەیان  كێشا تا لە ناوەڕاستی 2014 (جنێف 2 ) ببەسترێ‌ .

جنێف ( 2  )
كۆنگرەی جنێف 2 ئەمیش لە سەر پێشنیارو داخوازی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسترا بە مەبەستی كۆتایی هێنانی شەڕی ناوخۆی سوریا و كۆكردنەوەی حكومەت و ئۆپۆزەسیۆنی سوریا لە سەر مێزی دان وسان و پێكهێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەر بە تەواوی دەستەڵاتەوە , بەڵام ئەمیش هەر بە دەردی كۆنگرەی جنێف (1) چوو .

جنێف ( 3 )
لە ڕۆژی 29/ ینایر 2016  دەستی بە كارەكانی كرد سەرەڕای بایكۆتكردنی شاندی دەستەی باڵای ئۆپۆزەسیۆنی سوریا كە كەلە كۆنگرەی ریاز دەستنیشانكرابوون بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێف (3) بەڵام  ڕۆژی دواتر دوای وەرگرتنی دڵنیایی لە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان بایكۆتەكەیان شكاند و بەشدار بوون لە كۆنگرەكەدا و ڕایانگەیاند كەبۆیە بەشداربوون تاوەكونیەت خواستەكانی ڕژێم  تاقی بكەنەوە تا چ ئاستێك پرۆسەكە بە هەند وەردەگرێت و زەمینەسازی دەكات بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرە قەیرانەكان .
هەرچەندە كە ئێستا من ئەم دێڕانە دەنووسم هەواڵی وەستانی گونگرەكەم بیست لە میدیاكانەوە و لە لایەن بەڕێز دیمستۆرا نێردەی نێوەدەوڵەتی بۆ سووریا و  دواكەوتنی بۆ 25 ئەم مانگە كە ئەمەش ئاماژەیەكی تری بەهێزە بۆ قووڵی ناكۆكیەكان و فراوانتر بوونی دەستێوەردانەكان كە دواتر لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم .

هەروەكو دیارە بۆ هەر چاودێرێكی دۆخی سووریا ئێستە ئەو وڵاتە بۆ چوار ناوچەی جیا دابەشبووە هەرناوچەیەكی لە ژێردەستی هێزێكی چەكدار دایە و وڵاتێك یان هێزێكی دەرەكی پشتیوانیان لێدەكات , هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد بە پشتیوانی میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنان و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و ڕێكخراوە ئیسلامیەكان و ئۆپۆزەسیۆنی چەكداری سوریای میانڕەو و كوردەكانیش حوكمڕانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن كە كانتۆنەكانیان دامەزراندووە كە عەرەبەكان پیً ی دەڵێن باكووری سوریا چۆن لێرەش لای خۆمان بە كوردستانی باشوور دەڵێن باكووری عێراق لێرەدا خاڵێك كە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم ڕێگری كردنە لە بەشداریكردنی كوردوبە دیاریكراوی ( پەیەدە )  لە كۆنگرەی جنێف (3) كە هێزێكی كاریگەرو دیاربووە لە شەڕی تیرۆرو ڕێكخراوە تیرۆریستیەكاندا  بە باوەڕی من هیچ كۆنگرەو ئەڵتەرناتیفێك بە ئاكام ناگات ئەگەر ڕۆڵی كوردو پەیەدە لە بەرچاو نەگیرێت .

لایەنەكانی تێوەگلاو بە شەڕی ناوخۆیی سووریا
هەروەكو من لە پێشتریش  لە نووسینەكانمدا ئاماژەم پێداوە دەستوەردانی وڵاتان و هێزەكانە دەرەوە كێشەو ململانێكانی سووریا قووڵتر دەكاتەوەو بەنزینی زیاتر بە ئاگری ئەو شەڕەدا دەكات بۆیە لە ماوەی بەستنی كۆنگرەكانی جنێف 1و2 و3  تا ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە كە هەریەكەو بە جۆرێك لە جۆرەكان و هەریەك بە ئاستێك ڕۆڵیان بینیوە لە درێژبوونەوە و بەردەوامبوونی ئەو دۆخەدا ئەو وڵاتانەش ئەمانەن ( ڕووسیا و بەریتانیاو ئەمریكاو توركیاو ئێران و سعودیەو قەتەر و ئوردن ).

ڕووسیا لە ژێر پەردەی شەڕی داعش وتیرۆر هاتووەتە ناو سووریاو بەڵام هاوپەیمانێكی دێرینی ڕژێمی سوریایەو بۆ پاراستنی ئەو ڕژێمەو بەرژەوەندیەكانی خۆی سڵ لە هیچ ناكاتەوەو پەلاماری هێزە ئۆپۆزەسیۆنە  دیموكرات و میانڕەوكانیش دەدات .
ئەمریكا هاوپەیمانێتیەكی گەورەی پێكهێناوە دژبە تیرۆرو داعش و دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووەو هەندێك هەنگاوی دیاریكراویشی ناوە بۆ ڕووخانی هەندێك جار گورزی توند لە بەرەی نوسرەش دەدەن و پاڵپشتی ئاسمانی هێزە كوردیەكانیش دەكات .
بەریتانیاش بنكە سەربازیە ستراتیجیەكەی لە قوبرس بەكار دەهێنێت بۆ لێدانی داعش هەرچەندە بە فەرمی بەشداری هاوپەیمانیتە نێودەوڵەتیەكەی نەكردووە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووە و پاڵپشتی ئۆپۆزەسیۆنی سووریای میانڕەوە دەكات .

ئێران بە هەموو شێوەیەك دژی لەناوبردنی ڕژێمی ئەسەدەو لە پێنج ساڵی ڕابردوودا درێغی نەكردووە لە كۆمەك و پشتیوانی ئەو ڕژێمە لە هەموو بوارەكانی سەربازی وماڵی وهەروەها لە ڕێگەی حزبوڵای لوبنانیشەوە .

توركیا ش دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندووە دژ بە دەستێوەردانی ڕووسیایە لەو وڵاتەو كۆمەكی زۆرێك لە ڕێكخراوە توندڕەوەكانی وەكە ئەحرار ئەلشام و بەرەی نوسرەوە سوپای ئیسلام و بگرە داعشیش دەكات .
عەرەبستانی سعودیەش پێداگیری لەسەر كارلابردنی ڕژێمی ئەسەد دەكات و كۆمەكو پشتیوانی زۆرێك لە لایەنە میانڕەوەكانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریادەكات و ئەندامی هاوپەیمانێتی دژی تیرۆرە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا.

قەتەریش ئەندامی هەمان هاوپەیمانێتیەو بنكەی سەربازی عێدید ی قەتەری  ناوەندی سەرەكی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكایە دژبە داعش و خۆشی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكان دەكات و یارمەتی وكۆمەك بە ڕێكخراوە توندڕەوەكانی وەكو بزوتنەوەی ئەحراری شام و بەرەی ئەلنوسرە باڵی سوریای ئەلقاعیدە.

ئوردنیش ئەندامی هەمان هاوپەیمانێتیەو دژایەتی خۆی بۆ ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیاندوەو بەشداری ئۆپەراسیونە ئاسمانیەكان دەكات و پشتیوان و كۆمەكی بەرەی باشووری سووریا دەكات و ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی باشووری سووریا لە سەر خاكەكەیەتی .








08/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر