پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان و كودەتاكەی توركیا

عیماد عەلی

ئەو یەكدەنگی و هاوهەڵوێستیەی حزب و رۆشنبیران و رێكخراوە مەدەنیەكانی توركیا لە پاش كودەتاكەیان  نواند، نیشانەی پلە و قوڵی رۆچونی رادەیەكی باشی دیموكراسی راستەقینە لەناو خەڵكدا پیشان دەدات و، سەرەرای ئەوەی چیی و كێ لە پشت كودەتاكەوە بێت ( لێرەدا مەبەست رەفتارە هەمەلایەنەكەیە لە ئاست رێرەوی دیموكراسی راستەقینەدا ) ئەو دەرئەنجامەی بینیمان، ئەوەمان بۆ رادەگەیەنێت  كە دیموكراسی راستەقینەكە گەیشتبێتە پلەی خۆرسكانە، بەخۆی لە هەناوی خۆیدا هەر لادان و خواربون و لاربونەوەیەك راست دەكاتەوە و دەیگێرێتەوە سەر سكەی راستەقینەی خۆی  . ئەگەر ئەم هەنگاوانەی ئەردوگانیش بەرتەسكردنەوەی رووبەری دیموكراسی بێت، بە دڵنیاییەوە سەرناگرێت و بەسەر خۆیدا دەشكێتەوە، هەرچەند هێزیشی لەگەڵدا بێت، تا شوێنی خۆی برناكات . مەبەستمان لێرەدا، لە كاتی بەرقەراربونی دیموكراسی رستقینەیە، ئەو كۆدەنگیەیە كە چۆن راستیەكان فەرزدەكات و هەڵەكان لەناودەبات .

ئەگەر بە بریارە نا دیموكراسی و تەنگەنەفەسیەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بچینەوە، كە چۆن بووە هۆی پەكخستنی پەرلەمان و رێگرتن لە كاروباری پەرلەمانی( مەبەستمان تەنها نەهێشتنی كاروباری ئاسایی سەرۆك پەرلەمان و رێگری كردن لە فراكسیۆنێك  و لایەنێكی دیاریكراو نیە) و  تەگەرە خستنە بەر كاروباری جێبەجێ كردن و قۆرخكردنی بۆ لایەنێك وناردنەوەی كۆمەڵێك وەزیر هەر كەس و سەر بەهەر لایەنێك بوبن بۆ ماڵەوە( لێرەدا مەبەست ئەوە نیە كە گۆران بن یان لایەنێكی تر )، باورەبونی سەرجەم لایەنكان  و خەلكیش بە دیموكراسی راستەقینەمان بۆ دەردەخات .

 لەو كاتەدا، هەست نەكردن بە كۆدەنگیەكی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و رۆشنبیران و رێكخراوە مەدەنیەكان  و، نەهاتنە ئارای كەشوهەوای هاندان بۆ وەستان بە یەك دەنگ لەبەرامبەر ئەو رەفتارەی تەنها لایەنێك ئەنجامی دا، كە هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆی لەگەڵ كودەتاكەی توركیادا نەبوو، جیاوازی دیموكراسیەتەكەی كوردستان و بۆچونی سەركردە و رەفتار و ململانێی لایەنەكان و  ئاستی رۆشنبیری خەڵك و نەبوونی خەتی سوور و بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری یاسا و رادەی باوەربونی هاوڵاتیان و لایەنەكان بەو چەمكانەی كە دیموكراسیی لەسەر بەندە لە گەڵ هاوڵاتیانی توركیادا ، بۆمان دەردەخات .

ئەگەر هەڵوێستەكان لەئاست بریارەكانی پارتی لەبەرامبەر پەرلەمان و حكومەت نیوەی هەڵوێستی هاوڵاتیان و لایەنەكان و رێكخراوەكانی توركیا بوایە، حاڵمان بەم واقیعە نەگەیشت، بۆیە دەڵێم هەر هەڵوێستی هاوڵاتیان و لایەنی پێشكەوتنخواز و دیموكراسیە دەتوانێت رێگە راستەكان بگرێتە بەر و لادان نەهێڵێت و شكست بە كودەتا و  تاكرەوی و دیكتاتۆریەت و خودپەرستی بهێنێت،  چ لە توركیا بێت یان كوردستان،  هەرچەند تا ماوەیەكیش بۆ كەس و لایەنێك بلوێت درێژە بە رەفتاری دیكتاتۆریەت بدات  .
 


26/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر