ئەمرۆ عەقڵم لەگەڵ ناحەقدا بوو

عیماد عەلی

پێش ئەوەی پەرلەمان عیراق متمانە لە هۆشیار زێباری وەربگرێتەوە، هەر ئەمرۆ پاش بیرێكی قوڵ لە چۆنێتی كەوتنەوەی دەرئەنجامی لێ سەندنەوەی متمانە لە زێباری و، بە پێی هاوكێشەیەكی تایبەتمەندی ناوچەیی نەك نێوخۆیی كوردستان بەڵام بە بینینی دەرهاویشتەانی لەسەر كوردستان لەمەودوا، لەعەقڵەوە لە گەڵ سەندنەوەی متمانە و لێكەوتە پێشبینیكراوەكانیدا نەبووم، ئەمەش لەدەرئەنجامی خوێندنەوەی هەموو لایەنەكانی پرۆسەكە و مامەڵە كردنی پارتی لەگەڵ دەرئەنجامكاندا و، چۆنێتی كەوتنەوەی هاوكێشەكان  و رەوتی ناوچەكە و وەزعی پارتی و پەیوەندیەكانی و ئەگەری ئاراستەكردنی سیاسەتی ئەم حزبە و كاریگەری لەسەر وەزعی تایبەتی كوردستان، بە وردی هاوكێشەكانم خوێندەوە، بەڵام لە بەرامبەردا و پر بەدڵ لەدڵەوە لەگەڵ لێسەندنەوەی متامانەكەدا بووم  لە زێباری .

سۆزم بۆ وەزعەكەی زێباری لەبەر ئەوە نەبوو كە كوردە و زۆرینەی عەرەب بەرامبەری وەستاون، لەبەر ئەوەش نەبوو كە وەزیرێكی دەست و داوێن پاكە و باوەرم وابێت كە پەرلەمانتاران زوڵمی لێدەكەن، لەبر ئەوەش نیە، كە كابرایەكی بلیمەت بێت و سیاسیەكی بە توانا و كردەوە راست بێت و ستراتیجێكی كوردانە  و مەردانەی هەبوبێت و لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستاندا هەنگاوێكی ئەوتۆی نابێت، لەبەر ئەوەش نەبوو كە باوەرم وا بێت عیراق وكورد كەسێكی تری وەك زێباری تێدا نەبێت، یان ترسم لەوە بێت گەرانەوەی زێباری بۆ كوردستان سیاسەت كردنی لە چوارچێوەی مالڵی بارزانی و پارتی كێشەو بێشەی زیاتر بۆ كورد و تەنانەت بنەماڵە دروست دەكات، بەڵكو سۆز وبیری عەقڵانیم تەنها لە رووی ئەوەی كە لە دوورەوە بەحاڵ دەیبینم، ئەوەیە كە زیاتر دابەشبون روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و ناكۆكیەكان قوڵتر ئازاربەخشتر دەبن و، كاردانەوەی پارتی بێ گوێدانە هیچ شتێك، زیاتر لە میحوەرەكەی خۆی نزیك دەكاتەوە و پابەند دەبیت بەو پیلانە هەمەجۆرە ناوچەییەی كە جگە لە ماڵوێرانی هیچ شتێكی بۆ كوردستانی تێدا نیە و، پارتی تا بینا قاقای لە قورە خەستەكە نغرۆ دەكات  .

لە هەندێك حاڵەتدا وەك ئەم هەڵوێستە جۆراوجۆرانە و ئاڵۆزبونی هاوكێشە نێوخۆییەكانی كوردستان، لەدەرئەنجامی خوێندنەوەی وەزعی كوردستان وعراق، بە پێی پەیوەندیە نێوخۆییەكان و كار وكاردانەوەی حزبەكان، بە تایبەتی یەكێتی وپارتی وگۆران ودوركەوتنەوەی زیاتری ئەو سێ لایەنە، وا بكات  پاڵ بە پارتیەوە بنێت، كە بەتەواوەتی دەست لە چارەسەری نێوخۆیی بشۆرێت و تەنها ملكەچی فەرمانەكانی لایەنە نەیارە دەرەكی و عراقیەكانی دژ بە كوردی میحوەركەی خۆی بێت و هیچ حسابێك بۆ نێوخۆی هەرێم نەكات و تەنانەت تاڵە دەزووەكەش وەك هێڵی گەرانەوەی بۆ باوەشی كوردستان لەبەرچاو نەگرێت . ئەمەش وادەكات زیاتر هەرێمی كوردستانی پاش ئەم لێكترازانەی  فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە بەغدا، هیچ بوارێكی بۆ یەكێتی و یەكبون و یەك هەڵوێستی ناهێلێتەوە و فراكسیۆنە زەبەلاحەكانی تر بە ئاسانی ویستی خۆیان بەسەر سەرجەم لاینەكانی كوردستاندا و هەر یەك بە جۆرێكی بسەپێنن . ئەگەر فراكسیۆنەكانی شیعە و سونە شێوەیەكی تر بێت و باردوخی ئەوان جیاواز بێت، ئەگەر ناكۆك بن و پاڵپشتیكەریان زۆر بێت، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانیەكان خۆیان و خودایان زیاتر كەسیان لەگەڵدا نیە و بێ كەس و بێ پاڵپشتی دڵسۆزن و، تەنها یەك هەڵوێستی و كاری هاوبەش و وەلانانی ناكۆكیە نێوخۆییەكانی كوردستان لە بەغدا قازانجی بۆ كۆی پرسەكە دەبێت .

ئەوەی پارتی بناسێت هەروا بە ئاسانی ئەم كردەوەی بەرێ ناكات و بێ وەڵام نابێت و، ئەم هەڵوێستە جۆراوجۆرانە بە ئاسانی بەسەریدا تێپەر نابێت و، لەمەودوا بی ئەوەی كاردانەوەی لەمەر ئەم رەفتارەی فراكسیۆنەكان لە ناخی دەرناچێت و ناجوڵێتەوە . ئەمەش بە كۆی گشتی و لە روانگەی دابەشبون بە سەر هەردوو میحوەرەكە و ئامانجەكانی دوای رزگاركردنی موسڵ مەترسیەكی یەكجار گەوەری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە . لەبەر ئەوەی پارتی داخی كردۆتە دڵی ئەم گەلە ستەمدیدەوە و هۆكاری سەرەكی ئەم قەیران و قاتوقریەیە، بۆیە بە دڵ زۆر تامەزرۆی ئەوەبووم متمانە لە زێباری خاڵی بارزانی بسەنرێتەوە و، لە ترسی لێكترازان و دابران و دابەشبونی زیاتر و دەرئەنجامی خراپی لێسەندنەوەی متمانەكە بەتایبەتی بە هاوكاری پەرلەمانتارە كوردەكان و ناسینی پارتی و رەفتار و مێژووەكەی،  بە عەقڵیش نزای پێچەوانەكەیم دەكرد و ئاواتەخواز بووم كە متمانە لە زێباری نەسەنرێتەوە و، بەمەش بەتەواوەتی بەبیركردنەوە و عەقڵ لەگەڵ ناحەقدا بوو .


22/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر