كورد و پرۆژە ؟!

عیماد عەلی

لەوەتەی هەیە و بە بێ خواستی خۆی بە دەوڵەتی عیراقەوە لكاوە، كورد وەكو گەل و نیشتمانی خۆی چاوەرێی رزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی دەكات . كەچی رابەران و سیاسەتمەدار و سەركردەكانی ئەوەندەی پابەندی بیری گوزەرئاساقۆناغێك و بە سۆزداریەكی دوور لە بناغە عەقڵمەندیەكان و لەسەر بنەمای هەست بە كەمی و دوور لە عەقڵمەندی رەفتاریان كردووە، ئەوەندە گرنگی نەداوە بە پلان و خۆرێكخستن و دانانی خشتە و بەرنامە و دۆزینەوەی رێگەی راست و دروست و خوێندنەوەی توانا و بارودۆخی خودی و بابەتی  و زانینی باری سیاسی و ئابووری و دراسەتكردنی ئەگەرەكان . واتە ئەوەی ناوی پرۆژە بێت لە هەگبەی سەركردایەتی و دەمودەست سپیەكانی ئەم میلەتەدا نەبووە و هەمیشە خەریكی دەستەكەوتی بچوكی شەخسی و عەشایەری و حزبی و ناوچەیی بوون، كەچی زۆرێك لە بەناورۆشنبیران بە روویەكی قیامە باس لە پرۆژەی كورد دەكەن و دەڵێن پرۆژەی كوردی شكستیخواردووە، وەك ئەوەی داواكاری سادە و سیاسەتێك لەسەر كادرانەوە بنیاتنرابێت و هەوڵی سرینەوەی سیاسەتی داگیركەران و شۆرش و تەكتیكی رۆژانە بە پرۆژە لەقەڵەم بدەن .
ئەگەر بە ریرەوی مێژووی كورد لە كوردستانی باشوور و شۆرشەكانیدا بچیتەوە، تاكە برۆژەیەك كە لە بنەرەتدا بتوانیت پر بە پێستی خۆی بە پرۆژە بیخوێنیتەوە و پێناسەی بكەیت لە هیچ كون و قوشبنێكدا بوونی نیە . هەر لە شۆرشەكەی شێخ مەحمودەوە تاوەكو شۆرشی و ئیلول و شۆرشی نوێش بە وەرەرقەی گفتۆگۆكان لەگەڵ حكومەتی بەعسیشەوە، تاكە پرۆژەیەكی هەمەگیری جێگیر كە بەند و داواكری رەوا و خەتی سوری تێدا بێت و قابیلی سازش نەبێت نادۆزیتەوە، تەنانەت ئەو دیكۆمێنتەی كە ساڵی 1970لە گەڵ بەعسدا مۆركرا و پارتی بە رێكەوتنی لەقەڵەمدا و بەعس بە بەیاننامە، هیچ خەسڵەت و ناوەرۆكێكی پرۆژەی تێدا نەبوو كە لەگەڵ خواست و ئامانجی گەلی كوردستانی گونجابێت  . كە باس لە پرۆژە دەكەین، مەبەستمان خاڵی سەرەكی لە رووی سیاسی و جوگرافی و خەتە سورەكانی كوردە، كە ناكرێت بەهیچ بیانویەك سازشی لەسەربكرێت و لەسەر بارودۆخی تاكە قۆناغێكی راگوزەری گۆڕاو بنیات نەنرابێت . كەچی كاكی برا دێیت و باسی پرۆژە دەكەیت كە تەنانەت لە دەستوری عیراقدا كە بە رەزامەندی سەركردایەتی و خەڵكی كوردستان تێپەرێنرا  هیچ پرۆژەیەكی راستەقینەی كوردیی تێیدا نەسەپێنراوە، باسم لە داخوازیەكانی قۆناغەكە نیە كە بۆ ماوەیكی تر ئێكسپایەر دەبێت .  پرسیارەكە لەوێدایە بۆچی و لەم كاتەدا تەنانەت پرۆژەی دەستوری كوردستانیش لە ئارادا بوو ، تەنانەت وەك دوا پرۆژەی جێگیر كە بە یاسایی تێپەرێنرێت و جێگەی دەستكاری نەبێت هەستی پێنەكرا و ، تەنانەت بەندەكانی روحیەتی قۆناغبەندی تێدا دیارەو نەتوانراوە جوگرافیای راستەقینەی كوردستان و سنورەكانی تێدا دیاری بكرێت و ئەوەی زەوی وحەقی كوردستانە بە ئاشكرا تۆمار و دیاری بكرێت و، بەڵام بیر لە بۆچون و بیری ئەوی داگیركەر و سیاسەتەكانی ئەوی تێدا زاڵە نەك مافی راستەقینەی كورد . كەچی تۆش دێیت باسی پرۆژەی سەركەوتوو یان شكستخواردووی كوردم بۆ دەكەی ؟  
بۆیە پێویستە لەم كاتەدا پرۆژەیەك كە ناوەرۆكەكەی مافی راستەقینەی خەڵكی كوردستان بێت و بێ لەبەرچاوگرتنی مێژوو و كردەوە و جێی دەستی ئەویتری داگیركەر لەبەرچاو گرتبێت و تەنها خاڵ و بەندی تایبەت بە مافی كورد و حەقی رەوای راستەقینە و خەتی سوری گەلی كوردستانی تێدا بێت و بۆ هیچ كەسێك نەبێت سازشی لەسەر بكات و بریاری لەسەربدات و هەر گۆرانكاریەك تێیدا دوور بێت لە دەسەڵاتی سەركردایەتی كورد .


31/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر