رەوای حەقە هەژارێكی ئەم شارە بۆ كەمێك نەوتی عەبادی، دەستی ئاوارەیەك ماچ بكات ؟!

عیماد عەلی

هەر ئەوەندە تەماشایەكی ئاوارە عەرەبەكەی كرد، كە ریزی بۆ وەرگرتنی نەوتەكەی عەبادی گرتبوو، بە چاوێكی گریاناوی و بە دڵێكی پر لە خەم و تەنگەنەفەسیەوە، گوتی كاكە ئەمە نەوتەكەی عەبادیە بۆ ئەمانە هاتووە؟ وتم بەڵێ .  كەوتە دەربرینی حاڵی دڵی خۆی و وتی : دەشێت منێك ئەمە حاڵم بێت و لیترێك نەوتم لەماڵە پێنج كەسیەكەمدا نەبێت و ئەم وەزعە وا ببینم و...... دای لە پڵمەی گریان و قسەكانی پێ تەواو نەكرا و بۆ ماوەیەك بە بێ دەنگی وەستا و لە جێی خۆی بێ جوڵە و نوتق بە تێرامانەوە تەماشای پرۆسەی دابەشكردنی نەوتەكەی عەبادی بەسەر ئاوارەكاندا كرد، كە لە ناو شارێكی گەورەی ئەم كوردستانەی ژَێر زەوی پر لە نەوت و كانزایەدا ئەمە حاڵی بێت . ئەوەی بینیم هەر ئەوەندە مابوو بچم بەناخی زەویدا و ئاواتەخوازبووم كە پێش مردنم ئەو دیمەنەم لە ژیانمدا نەبینیبا . ئینجا وتی:  كوری خۆم دەشێت ئەمانە حكومەتەكەیان لەبەغداوە نەوتیان بۆ بنێریت و حەقی خۆیانە و ئەو دڵسۆزیەی دەسەڵاتدارانیان پیرۆزیان بێت، بەڵام دەكرێت منێك لەسەر زەوی و ماڵی خۆم بەبژی و مەمرە بژیم و خاوەن قوربانی و بێ وڵات و بێ حكومەتی دڵسۆز بم، چی بكەم، بۆ وەزعمان بەیەكلادا ناخەن و خەریكی ملشكاندنی یەكترن .
ئینجا وتی ئەم سەرمایە رەحم بەكەس ناكات و چاوەرێی من ناكات كە كەی هەمبێت برێك نەوت بكرم . وتی بەسەری تۆ لە سەرمادا بمرم دەمم بۆ دەستی ئەمانە نابەم، هەرچەند دراوسێیەكی عەرەبمان هەیە زۆر جار دەڵێت ئەگەر نەوتت پێویستە بەشت دەدەم .
وتم مامە كَیان حەق وایە ئەم بەناو دەسەڵات و حكومەتەی ئەم حاڵەتەی دروستكردووە لەدەرئەنجامی نەزانین و بە هۆكاری دزی و گەندەڵی و ململانێی حزبی و شەخسی و بەدەنگی بەرز شكستهێنانی خۆی رابگەیەنەێت و، لەم كاتەدا نەك وازی لەم دەسەڵاتداریە بهێنابایە، بەڵكو دەبوو سەرە زەبەلاحەكانی دەسەڵاتەكەمان بەم وەزعەی تۆ خۆیان لەناوبردبایە و ئەم میلەتەیان نەگەیاندبایە ئا ئەم وەزعە .  ئالەم دیمەنەوە وەزعی حكومەت و چۆنێتی بەرێوەچونی كاروباری دەسەڵات شیبكەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەست و شعور و میلەتدۆستیی بەرپرسەكانی ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە بكەن .
 


25/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر