پارتی دەیەوێت تەنها قاچی یەكێتی بە خۆیەوە ببەستێتەوە

عیماد عەلی


ئەوەی لەم كاتەدا لە نیاز و مرازی پارتی تێبگات كە دەیەوێت چی بكات، باش دەزانێت كە بە ناحەق، لەو چەند ساڵەی پێشودا چیی بۆ كراوە بێ ئەوەی شایانی بێت . لەدەرئەنجامی ئەو مامەڵە هەڵانە بوو كە بووە تاكە هێزی یەكەمی بێ ركابەر و بە دەنگ و جەماوەرێتیەكی كەمەوە قۆرخی سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی كردووە و توانیویەتی خەڵكی تر بكاتە پاشكۆ . تەنها هاوپەیمانێتی فشەڵ و لەپێناو خودی خۆی  كۆمەڵێك ئامانجی حزبی پێكاوە و لەو پێناوەشدا پۆستەكانی بەغدا و پۆستە لاوەكیەكانی كوردستانی وەك  منەتێك بە ناوی شایستەی دەنگ و جەماوەری و پێگەی بەرپرسیارێتی بۆ هاوپەیمانەكانی وەك یەكێتی و گۆران  دیاری كردون و وەك خێر و سەدەقە بەو پلە لاوەكی و ئاسایی و ناهەستیارانەوە مامەڵەی لەگەڵ كردوون و، بەو شێوەیەش دەسەڵاتی بە موڵكی خۆی زانیوە و ئەوانیتر بە شێخی بەرماڵ .
تاوەكو فیفتی بە فیفتی بوو كۆی گشتی داهاتەكان، كە گرنگترین شت بوو بۆ هەردوولا بە دوور لە شەفافیەت، رێژە زۆرەكەی لای پارتی مایەوە و یەكێتیش ناچار بوو پاش شەری نێوخۆ بە پێی بەركەوتەی جوگرافی بە بەشی خۆی رازی بێت و، تەنانەت هۆكاری سەرەكی شەری نێوخۆ لەسەر داهاتی دەرچەی گومرگی برایم خەلیل بوو ، كەچی یەكێتی لەوبارەوە پاشتر نوتقی لێوە نەهات و، دواتر وەزعی پاش روخانی سەدامی هاتەسەر و پلەو پۆستەكان برا بەشكران، بەڵام بەردەوام پارتی گرەوی لەسەر مانەوەی پۆستە سەرەكیەكانی كوردستان لە ژێر دەستی خۆی دەكردەوە و پۆستەكانی بەغدا ی بە كاتیی دادەنا، بۆیە لەوێشدا ئەگەر سەرۆكی كۆماری بۆ یەكێتی بەجێهێشتبێت  تەنها بۆ دوور خستنەوەی سەركردە باڵاكانی یەكێتی بووە بۆ بەغدا و  فەرزكردنی تاكرەوی خۆی بووە لە كوردستاندا .
پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران و خۆفەرزكردن و جەماوەرییبونی، سەرجەم هاوكێشەكان گۆران و، لەم بەینەدا پارتی بە هەلی زانی كە یاری لەو نێوەندەدا بكات و بەو عەقڵەی كە هەر جارەو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەكیاندا بكات و، ئەویتر بخاتە باری ئۆپۆزسیۆنبونەوە یان ناچاری بكات بەهەموو شتێك رازی بێت و تاماوە وا بەرێی بكات . بەڵام ئەوەی بزوتنەوەی گۆران بە پێكهاتەی جیاواز و عەقڵیەت و مامەڵە و ئامانجی تازەوە لەسەری رۆیشت لەگەڵ ئامانج و بۆچون و بیركردنەوە و خەیاڵی پارتیدا نەهاتەوە، بۆیە پارتی چاوەروانی ئەوەی نەكرد كەبە شێویەكی یاسایی لەو تەگەرەی بەردەم ئامانجە ستراتیجیەی خۆی دەرباز بكات و لە پاشگەزبونەوەكەی لە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆراندا بەسەلامەتی دەربچێت و، وەك خۆی لە پلانە درێژخایەنەكەی زەرەر نەكات و مانەوەی سەرجەم جومگە گرنگ و هەستیار و باڵاكانی هەرێمی بەدەستەوە بمێنێتەوە و، كە زانی  بە هیچ شێوەیەكیش ناتوانێت لە رێگەی بەشداری كردن لە دەسەڵات  و دوور لە هاوبەشیی راستەقینە  و بە بەشداری كرچ و كاڵ و لاوەكی و فەرزكردنی وابەستەیی بەخۆیەوە، گۆران دەستەمۆ بكات، بۆیە ئەو هەنگاوە نا یاساییانەی هاویشت . كەچی پێشتر یەكێتی لەبەر كۆمەڵێك بارودۆخی بابەتی و خودی  و لەو هۆكارانەش جیابونەوە و دامەزراندن و سیاسەتی نامەقوڵی گۆران بەرامبەر یەكێتی لە یەكەم ساتەكانی دامەزراندنیەوە، یەكێتی بەو واقعە رازیبوو، تەنانەت تاوەكو ئاستی دەستەمۆیی و تەنازول كردنیش  بۆ پارتی رۆیشت .
ئەمرۆ و لەم وەزعە گۆراوەدا پارتی دەیەوێت بەهەمان یاریچی  و پلانەوە بێتەوە مەیدان و یاریە كۆنەكەی خۆی بكات و تەنها مەبەستی گەرانەوەی یەكێتیە بۆ وەزعەكەی پێش سەرهەڵدان و لەكاتی ئۆپۆزسیۆن بونی گۆراندا، دەیەوێت بەم تەكتیك و مانۆرانەی لەگەڵ یەكێتیدا دەیكات،  بە توعم و چێژی پۆست و پارە و هەندێك جێگۆركێ لە رێكەوتنەكەی لەگەڵ گۆراندا بیكاتەوە و، تەنها لە پێناو شكستپێهێنانی ئەوەدا، ئەم قۆناغە بەرێتە سەر و دواتر بەهەمان ریتمی پێشتر مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات و، بە ئیستغلال كردنی هەندێك خاڵی لاوازی یەكێتی لە بەكارهێنانی ناكۆكی كۆن و نوێی نێوخۆی یەكێتی و چەند هێڵێكی یەكێتیش لەگەڵ گۆراندا هەمان سیناریۆی پێشتر بەكار بهێنێت و، خەڵََََك لە دیموكراسی و مافی راستەقینەی لایەنەكان و شایستەیی هەڵبژاردن و رێژەی دەنگدان بێبەری بكات و، تا بێت خۆی بەسەر كوردستاندا زاڵ بكات و چەند بۆی بكرێت خۆی لە شكستی حوكمرانی قوتار بكات و لە هەڵبژاردنی نوێدا بە هەر چۆنێك بێت لەم دەنگانە زیاتری دەستكەوێت  و بەردەوامی بە حوكمی دەسەڵاتی تاك حزبی و شەخسی بدات و بە هەمان مامەڵەی پێشو لەگەڵ لایەنەكان، یاری سیاسی خۆی درێژە پێ بدات .
بەڵام ئەوەی پارتی بەو عەقڵیەتە كلاسیكیە زۆر كۆنەی خۆیەوە حسابی بۆ نەكردووە :
1-یەكێتی ئێستا هەمان یەكێتی جاران نیە و حساب بۆ رای گشتی و گەنجە تازە پێگەیشتوەكانی دەكات و بریاری  یەكلایی بە دەستی تاكە كەس نیە و رای زۆرینە بە هەر شێوەیەك بێت رۆڵی خۆی هەیە نەك كەس و لایەنی دەسترۆیشتو یان تەكتەولباز .
2- ئەوەی یەكێتی لە رەفتارەكانیەوە لەم ماوەیەدا دیارە كە زۆر بە باشی پەندی لە سەلبیاتەكانی 30 ی حوزەیران وەرگرتووە و حساب بۆ جەماوەری بونی خۆی دەكات و كەس لەوباوەرەدا نیە كە دووبارە هیچ سیاسەت و هاوپەیمانیەك لەسەر حساب و زیانی خۆی بكات .
3- ئێستا گۆران بەهەر شێوەیەك بێت لە پایەیەكی باشدا  لە ساحەكەدا و عەقڵیەت و سیاسەتی ئەم دوو لایەنە وەك پێشتر نیە كە لە كێبركێی هەردوو لایەن، واتە یەكێتی وگۆران حساب بۆ جەماوەری هاوبەشی یەكتر نەكەن، كە تا رادەیەك خەڵكە راراكانی نێوانیان هەڵبژاردنی زۆرینە یەكلا دەكەنەوە .
4-گۆران لەو هەڵەیەی كە لەدەرئەنجامی بەشداریكردنی لە حكومەت بە هاوپەیمانی كردن لەگەڵ پارتیدا كردی پەندی وەرگرتووە و، لەو دەردان و لێكەوتەی لەپاش بەباشی و راستی نەخوێندنەوەی ئامانج و رەفتار و بۆچون و مەبەستی پارتی  كە چیی بەسەریدا هێنا،  وا ئێستا پەندی لێوەرگرتووە و بەهەردوولا زۆرینەی یەكێتی و گۆران بە یاریە زۆر ئاشكرا و دیارەكانی پارتی هەڵناخەڵەتێن و تەنانەت قاعیدەی خۆیان رێگە نادەن هیچ لەم دوولا یەنە هەنگاوێك بهاوێژن كە لەزەرەی خۆیان بێت و بە تەنها لە قازانجی پارتی بێت و ، وا دەردەكەوێت ئەمجارە سەركردایەتی هەردوولا لەمبارەوە بە هۆشیاریەوە هەنگاو بنێت .
5- هەرچەند یەكێتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پارتی بەڵام بە باشی ئەوەی خۆێندۆتەوە كە مەبەستی سەرەكی پارتی دوورخستنەوەیەتی لە گۆران و ئەمەش  دووبارە زاڵبون و حساب بۆ نەكردنی لایەنەكان بە یەكێتیشەوە لە لایەن پارتیەوە دێنێتە ئاراوە .
بۆیە، لەو باوەرەدام كە ئەم دۆخە زۆر درێژە بكێشێت و پارتی بەم مشك و پشیلە و مانۆرانە بتوانێت كاتەكە بكوژێت و هەروا بەم شێوەیە یاری بە دوا رۆژ و موقەدەراتی میلەتەكەوە بكات و لە پێناو كۆمەڵێك بەرژەوەندی تەسكدا پرسی گەلی كوردستان بە دەردی گەورەتر بەرێت . هەر بۆیە، پێویستە یەكێتی و كۆران، دوور لە هەموو ناكۆكی و شتێكی بچوكی ئێرە و ئەوێی نێوانیانەوە تەماشای وەزعەكە  بكەن و بە جوانی و  بە باشی و بە عەقڵ فراوانیەوە  نیاز و مرازی پارتی بخوێننەوە و نەهێڵن لە مەرام و بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیە تەسكەكانی سەركەوێت .
 



04/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر