پارتی ناچار بوو واژۆی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دا كرد؟

عیماد عەلی
ئه‌وه‌ی تۆزێك له‌ بیركردنه‌وه‌ی پارتی وردبیته‌وه‌ ده‌زانێت ئه‌م حزبه‌ چۆن هه‌ نگاو ده‌نێت، بێگومان هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ ئه‌م ره‌فتارانه‌ی پارتی له‌م گه‌ڕانه‌ی دانوستانه‌كاندا، له‌سۆنگه‌ی باوه‌ڕبونی نه‌بووه‌ به‌ دیموكراسی و مافی ئه‌ویتر و شایسته‌ی جه‌ماوه‌ری و هه‌ڵبژاردن و هاوبه‌شی و به‌رێوه‌بردنی كاروباری حكومه‌ت و ته‌ماشاكردنی هاولایه‌نه‌كانی خۆی وه‌ك خاوه‌ن ماڵ. ئه‌وه‌تا به‌ناو هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حزبێكی بچوكی نادیار ده‌كات كه‌باش ده‌زانێت به‌م كرده‌وه‌ كورتمه‌ودایه‌ ته‌نها پاشكۆیه‌تی تاقه‌ رێگه‌یه‌ بۆ سیاسه‌ت و هاوسه‌نگی مامه‌ڵه‌كردنیی له‌گه‌ڵ پارتیدا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ كێبركێدا بوو بۆ واژۆكردنی رێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ گۆڕان نه‌ك له‌به‌ر خاتر چاوی كاڵی ئه‌م حزبه‌ و شایسته‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ته‌نها وه‌ك ته‌كتیكێك بۆ خۆفه‌رزكردن و سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی به‌ ناراسته‌وخۆش بێت به‌سه‌ر یه‌كێتیدا.

دیاره‌ پارتی له‌ گۆشه‌نیگای براگه‌وره‌یی و حزبی سه‌ركرده‌وه‌ نه‌بێت تا ئێستا ره‌فتارێكی تری لێده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و، هه‌موو شتێكیش ده‌كات به‌ قوربان به‌ده‌ستهێنانی سه‌پاندنی ناوه‌ندی بریاری حزبی خۆی و ورده‌ ورده‌ به‌لاداخستنی لایه‌نه‌كان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌گه‌ر به‌ ساخته‌چێتی ده‌نگدانیش بووه‌ و دواتر به‌ گفتوگۆی پاش ده‌رئه‌نجامه‌كان ته‌واوی ده‌كات و ده‌گات به‌ ئامانجی تایبه‌تی خۆی. ئه‌وه‌تا به‌ توندی ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر دوو ئامرازی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتدا بۆ خۆسه‌پاندن، ئه‌ویش سه‌ربازی و داراییه‌ وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی‌ به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و هیچ پیگه‌یه‌كی تری لا گرنگ نیه‌، با  بۆ ئه‌وانی تر بێت.

یاریه‌كه‌ی پارتی له‌م گه‌ڕه‌دا پیشاندانی نه‌رمونیانی و رازیبونی زاره‌كی نه‌ك بۆ رازیبون به‌ مه‌رجه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ڵكو بۆ ملدانی به‌رامبه‌ر له‌ رێگه‌ی مانۆر و یاری دانوستان له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی بێ ئه‌زمونی به‌رامبه‌ریدا. له‌ رووی  جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، دواتر بۆ هه‌مولایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن له‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا مانۆری خۆی ده‌كات و كارته‌كانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و هاوپه‌یوه‌نده‌كانی له‌ كۆتای  توركمان  مه‌سیحیه‌كان واده‌كات یه‌كێتی و گۆڕان ناچاربن بۆ رازیبوون به‌ سه‌رجه‌م بریاره‌كانی سه‌ری ره‌ش و ئه‌وه‌ی له‌ دانوستانه‌كان وتراوه‌ و رازی بووه‌ ده‌بنه‌ قسه‌ی رابردوو، ته‌نانه‌ت نه‌ك وه‌ك ئێستا هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باری قه‌زا و داداگاشی زامنكردووه‌ بۆ به‌رده‌وامی تاكره‌وی و هێشتنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی  بۆ چاوتێبڕین له‌ ده‌ستی ئه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی بچوكی ته‌سكیش بێت  نه‌ك وه‌ك هاوبه‌ش و هاوده‌سه‌ڵات ته‌ماشایان بكات، رۆژانیش زۆر شتی تر ده‌رده‌خات كه‌ پارتی تاكه‌ نیازی ئه‌وه‌یه‌ بۆ چه‌ندین ساڵی تر به‌ ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌ و لاوازكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات و، ئه‌و دووبه‌ره‌كیه‌ی هه‌یه‌  له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا به‌جوانی ئیستغلال بكات، به‌ مه‌رامی نه‌هێشتنی ئۆپۆزسیۆنێكی ئه‌وتۆ له‌كوردستاندا.

ئه‌گینا پارتی  بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دوو رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا بوو؛ یان دوو زۆنی و ده‌سه‌لاتی ره‌های خۆی له‌ یه‌ك زۆندا یان یه‌كپارچیه‌یی كاتی بۆ ئه‌م خوله‌ش به‌ نیازی زاڵبونی ده‌سترۆیشویی خۆی  تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنێكی تر و پێداگری له‌ درێژبونه‌وه‌ بۆ زۆنه‌كه‌ی تر " بۆیه‌ ئه‌مه‌ی دوایی هه‌ڵبژارد" ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامی ململانێی ته‌سكبینی گۆڕان و یه‌كێتی بوو كه‌ له‌ هه‌ڵپه‌كردن له‌دانوستانی بێ هه‌ماهه‌نگی نێوانیان بۆ زوو چونه‌ حكومه‌ت و كێبركێ بۆ خۆبۆپێشه‌وه‌ بردن بۆ پارتی و به‌شداری حكومه‌ت بۆ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی، به‌تایبه‌تی گۆڕان كه‌ خاوه‌ن هێز و پاره‌ نیه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ خۆی و نه‌پوكانه‌وه‌ی و ئه‌و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ماهه‌نگی نه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌م گه‌ڕانه‌ی دانوستانه‌كاندا تۆماركرد و نه‌خوێندنه‌وه‌ی پشتی بۆچونه‌كانی پارتی بۆ هه‌مووان ده‌رخست و ته‌نها ململانێی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌به‌رچاو بوو و هیچی تر.

ناچاربونی پارتی بۆ ئه‌م مامه‌ڵانه‌ی له‌ گه‌ڵ هه‌ردووحزب به‌ تایبه‌تی له‌ سۆنگه‌ی په‌رۆشی و خه‌مخۆریه‌وه‌ نه‌بووه‌ بۆ باری سیاسی گشتی كوردستان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ دیدی حزبایه‌تی ته‌سكی خۆیه‌وه‌ بووه‌، كه‌ ته‌نها له‌ به‌شداریكردنی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ خۆی له‌ ژێر باری كه‌موكورتیه‌كانی چوار ساڵی داهاتوو و ئه‌و قه‌رزه‌ زۆره‌ی له‌ ژێریدا ده‌ناڵێنت ده‌ربخات و ئه‌و دواكه‌وتووییه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌م زۆنه‌دا هه‌یه‌ بیخاته‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوو حزبی ركابه‌ر و ده‌رباری ئێستای پارتی. بۆ ئه‌وه‌ی خۆی خاوه‌نی باشه‌كان بێت و خراپه‌كانیش دابه‌ش بكات به‌سه‌ر هه‌موواندا. ئه‌گه‌ر  پارتی ‌ راست ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیدعای ده‌كات، با سێكته‌ری نه‌وت و گاز و داهاته‌كان راده‌ستی یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ بكات نه‌ك هه‌موو ڕیسه‌كه‌ به‌ده‌ست خۆیه‌وه‌ بێت و ئه‌وان ته‌نها كارتۆنی بن و هیچ له‌ پشت په‌رده‌ی مامه‌ڵه‌كان نه‌زانن. ئه‌گه‌ر راست ده‌كات با چۆنێتی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی ساڵانی پێشوش به‌روونی ده‌ربخات بۆ ئه‌و دوو حزبه‌ نه‌ك بۆ خه‌ڵكیش، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی  له‌ رێگه‌ی دیلۆیت كه‌ هه‌مووان ده‌زانن ته‌نها قازانجی مادی ئامانجی ئه‌و كۆمپانیانه‌یه‌ نه‌ك دڵسۆزی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و شه‌فافیه‌ت. ئینجا باش بینیمان له‌سه‌ر كه‌ركوك چی له‌ ئارادایه‌ و ته‌نها بابه‌تی گرنگ له‌گفتوگۆی هه‌ردوولا نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوك و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌ردوولایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا نه‌ك خه‌ڵكی كه‌ركوك و دۆخه‌ ناله‌باره‌كه‌ی شاره‌كه‌. ده‌ردانی ناراستگۆیی لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا له‌مه‌ودوا ده‌رده‌كه‌ون.  
 


05/03/2019