“بۆچی دەسەڵاتی کوردی بەشێکە لە زیادبونی تاوانەکان؟”

شاسوار عەبدولواحید
تەنانەت لە رۆژی جیهانی ژنانیشدا، ژنێک دەبێتە قوربانی لە کوردستان و بە ناحەق مافی ژیانی لێدەسەندرێتەوە. جگە لەوەی دەبێت ئێمە هەموو تاوانێکی دژ بە ژنان ئیدانە بکەین، کە بەداخەوە بەشێک لە هۆکارەکانی دژە ژنبوون نەریتی خراپ و هەروەها هەستی نامرۆڤانەیە، لە هەمانکاتدا دەبێت دەسەڵاتی کوردیش روبەڕووی لپێچینەوە بکەینەوە. 

ئەم دەسەڵاتە بەرپرسیارە لە هەر تاوانێک بەرامبەر بە ژن روودەدات، بۆچی؟

ژنکوژان بە دەگمەن دەستگیردەکرێن یان دواتر ئازاد دەکرێن. 

هەر ژنێک لە بواری سیاسەت یاخود بوارێکی تردا دەربکەوێت و ئەگەری ئەوەی هەبێت ببێتە سەرکردە، ئەوا دەسەڵات و میدیا و سۆشیالمیدیاکەی دەسەڵات دەکەونە شکاندنی ئەو ژنانە و هێرشکردنە سەریان و تیرۆکردنی کەسایەتییان.

ئەمە جگە لەوەی، ئەم دەسەڵاتە لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە کار لەسەر گۆڕینی تێڕوانین و یاسا باوەکان بکات و بە جدی هەوڵی بنبڕکردنی جیاکاری بەرامبەر بە ژن بدات. بەڵکو تەنها قسەی زل دەکەن و خۆشیان بەشی سەرەکین لە کێشەکە. 

لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە رێز لە ژنی کورد بگرین و یاسا سەروەر کەین. هاوکاری ژنان بکەین کاراتر بن لە کەرتی ئابوری و بازرگانیدا تاوەکو خۆیان سەربەخۆ بن و بتوانن جڵەوی ژیانیان بگرنە دەست وەک هەر پیاوێکی تر. سەربەخۆیی ئابوری یارمەتی هەمووان دەدات ئازاد بن و لە رووی ماددی و مەعنەویەوە پشت بەوانی تر نەبەستن و ئەگەری پێشێلکاری کەم بکەنەوە.

09/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر