ئایا چاوەڕوانی قەیرانێکی گەورەتر بین؟

ئارێز عەبدولآ


کاتێک لەسەر هەر ئاستێک قەیرانێک دروست دەبێت دوو پێشهاتی لە پێشن :

یەکەم: دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر.

دووەم: ئەنجام و لێكەوتە خراپەکانی.

هەندێ قەیران هەن مرۆڤ خۆی دروستیان دەکات و هەنێکیشیان هەن بێ دەستی مرۆڤ دروست دەبن، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئەرکی لایەنی بەرپرسە کە هەوڵی چارەسەرکردن، یان لانی کەم کەمکردنەوەی لێکەوتە خراپەکانی بدات.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، چونکە قەیرانەکەی چەند رەهەندییە: ئابووری، دارایی، سیاسی، کارگێڕیی و واخەریکە کۆمەڵایەتیشی دەچێتە سەر. کۆی ئەو قەیرانانە ئەگەر بەیەک قەیرانی گەورە یان چەند قەیرانێک ببینین ئەنجام هەر یەکە، چونکە یەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوی تریان هەیە. ناکرێ بڵێین ئەو قەیرانانە دەستکردی خۆمان نین، چونکە هەموویان بەهۆکاری کارەساتی سروشتی و هێزی لە ڕادەبەدەری مرۆڤ سەریان هەڵنەداوە. ئەگەر بە وردی سەیری نەخشەی سیاسی بکەین دەبینین ناکۆکییەکان لە ئاستێکدان، کە چاوەڕوانی بەغدا دەکەین بەنموونە کێشەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانمان بۆ چارەسەر بکات، لە کاتێکدا خۆمان دەمانتوانی لێرە کوردستان بکەین بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و لەسەر کۆتاکانیش ڕێکبکەوین. کەواتە سەرەڕای ئەوەی قەیرانەکە دەستکردی خۆمانە ناشمانەوێ چارەسەری بکەین!

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مووچە، مانگرتن و نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەئاشکرا و هەولێر و دهۆکیش لە ژێرەوە واتە بە پەنهانی گەیشتونەتە ئاستی تەقینەوە. ڕەنگە هەبێ ئۆباڵی نەبوونی مووچە بخاتە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق، ئەوەش لەم قۆناغەدا تا ڕاددەیەک ڕاستە، بەڵام کێ ڕۆژەکەی بەم ڕۆژە گەیاند، کێ بەرپرسیارە کە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو لەداهاتی کوردستان بایی سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی دانەکرێ و ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش هەڵنەگیرێ؟

بەهەر حاڵ کۆیی ئەو قەیرانانە یان قەیرانە گەورەکەی کوردستان مەترسیەکی گەورەیە و پێویستە بەهەند وەربگیرێ. بێگومان لە جیهان  هەر کوردستان نییە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەڵام جیاوازی ئیمە و وڵاتانی تر ئەوەیە.. لە کاتی قەیران ئەوان زوو بەدوای هۆکارەکاندا دەگەڕێن، ڕێگاکانی چارەسەر دەدۆزنەوە و لێپرسراوە باڵاکان و حکومەت یەکسەر ئۆباڵەکە ئەخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە ئامادە نین ئۆباڵی تەنانەت ئەو شکستانەش هەڵگرین کە بەهۆی هەڵەکانمانەوە دێنە پێشەوە و زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنین، بۆیە لە جیاتی دۆزینەوە هۆکاری ڕاستەقینە و ڕێگاچارەی گونجاو پەنا بۆ تومەتبەخشینەوە و ئۆباڵخستنە ئەستۆی ئەوی تر دەبەین، ئەو جۆرە سیاسەتکردنەش هەرگیز دادمان نادات.

بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و خستنە ناو بازنەیان نابیندرێ، کەواتە لەو حاڵەتدا دەبێ چاوەڕوانی دوو ئەگەر بین:

یەکەم: تەقینەوە بارودۆخەکە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، کە ئەوەش جگە لە ماڵوێرانی زیاتر چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشتری لێ ناکرێ.

دووەم: پەنا بردنە بەر دروستکردنی قەیرانێکی گەورەتر. ئەوەش بۆ ئەوەی قەیرانەکانی تر لەبیر بچنەوە. بێگومان ئەوەش چارەسەر نییە، بەڵام پەردە پۆشکردن و خۆ دینەوەیە لە ئەرکی ڕاستەقینەی سەرشان، لە پێناوی مانەوە و درێژەدان بەهەمان سیستەمی سەقەتی حوکمڕانی کوردستان!

ئێستا بەش بەحاڵی خۆم ئەگەری دووەم بەدوور نازانم، گوێی شەیتان کەڕ بن.

31/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر