نەخشەی سیاسی داهاتوی هەرێم

هیوا حسن

دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نەهێشتنی کورسی کۆتاکان ، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان یەکەم هەڵبژاردن ئەبێ کە نەخشەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا دێت ئەگەر ئیرادەی گۆڕانکاری هەبێت، بەو پێیەی پارتی 11 کورسی کۆتاکان لەدەست دەدا ،هەروەها فرە بازنەیی ئەبێتە هۆی لەدەستدانی کورسی بۆ حزبە بچوکەکان کەهەمیشە لەخزمەتی پارتی بەکاریان هێناوە، هەر بەو هۆیەوە  پارتیش ناتوانێ ژمارەی کورسیەکانی پێشوی بەدەست بهێنێتەوە، واتا لەهەڵبژاردنی داهاتوو پێکهاتەی ناو پەرلەمان بە شێوازێک ئەبێت کە هیچ حزبێک نەتوانێ 50+1ی کورسیەکان بەدەست بێنێت.

یاریەکە لێرەوە دەست پێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسیەکان پێویستە چەند لیستێک ئیئتلافێک بکەن تاکو بتوانن حکومەت تەشکیل بکەن، کێبڕکێکە ئەکەوێتە نێوان پارتی و ئەو لیستەی کەزۆرینەی کورسی بەدەست هێناوە، هەروەها یەکێتیش ئەبێتە سەنگی مەحەک کە بەلای کێدا دایئەشکێنێت چونکە یەکێتی هەم هێزو پارەی لەژێردەستدایە هەمیش دەسەڵاتی یەکەمی زۆنی سەوزە، کەواتە ئەگەرەکان لەدوو حاڵەت تێناپەڕێ

1 ـ یان ئەوەتا یەکێتی هەروەکو پێشوو لەگەڵ پارتیدا ئیئتلاف ئەکات و هەرێم ئەگەڕێنێتەوە دۆخی پێشووی خۆی و داهاتو سامانی ووڵات برا بەش ئەکەنەوە ، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین بڵێین هەڵبژاردن ئەبێتە فاکتەری گۆڕانکاری لەهەرێم .
2 ـ یان ئەوەتا یەکێتی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئیئتلاف ئەکات و حکومەتێکی نوێ دروست ئەکەن و کوردستان لەم ئەزمانە دەرباز ئەکەن .
بێگومان لەو حاڵەتەشدا ئەبێت بەشداری بەپارتی بکرێت و پۆستە سیادیەکان لەنێوان لایەنە براوەکان دابەش بکەن نەک وەک ئێستا دوو لایەن مۆنۆپۆلی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت بکەن ، هەروەها پێویستە کاری لەپێشینەی ئەو کابینەیە بەدامەزراوەکردنی دام و دەزگا حکومیەکان بێت و هەڵەکانی 32 ساڵی رابردوو راست بکەنەوەو رێز لە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بگرن و پێداچونەوە بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ناوچەکەو جیهان بکەن .

کەواتە ئەرکە مێژوییەکە ئەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە تاچەن ئەتوانن و ئیرادەی بەهێزیان هەیەو بەیەکگرتوویی خۆیان و بە مەبەستی گۆڕانکاری جددی لە پێکهاتەی دەسەڵات لەهەرێم، پارتیش ناچار ئەکەن بێتە ژێرباری گۆڕانکاریەکان و دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ رزگار بوون لەم دۆخە خراپە.

ئەگەر خاڵی دووەم روو بدات ئەتوانین زۆری کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەرێمێکی بەهێز پیشانی بەغداو دونیا بدەین ، ئەگەر نا ئەوا دۆخی هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوەو لەناچوون ئەچێت و ئوباڵەکەیشی لەئەستۆی حزبە براوەکان ئەبێت و مێژوش رەحم بە کەس ناکات.
کەواتە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازەو هەم دەنگدەرو هەمیش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەتوانن تەکانێک بە دۆخی شێواوی هەرێم بدەن و حوکمڕانی بێننەوە سەر ڕێچکە راستەکەی خۆی.


26/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر