عێراق، دەوڵەت و ئاڵا

جەواد قادر

هێرشبردن بۆ بارەگای سەرەکیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، لە ڕاستیدا دەربڕینێکی سیاسی بوو کە دواتر بە سووتاندنی ئاڵای کوردستان گۆڕا بۆ پەیامێکی ڕەمزی. لێرەدا گرینگە ئەوە بگوترێت کە هەردوو کردارە توندوتیژەكە، خێرا لەلایەن بەشێکی زۆری سەرکردە عێراقییەکانەوە ڕیسوا کرا، لەوانە سەرۆکی كۆمار، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و هێزی دیاری سیاسیی وەک بەرەی سەدر و حیکمە و تەنانەت حەشدی شەعبییشەوە. بە واتایێکی تر، هیچ لە دوو کردەوەکە، بە لانی کەم لە ڕووی سیاسییەوە، نوێنەرایەتیی ڕای هەموو عێراق بە سەرجەم توێژە جیاوازەکانیەوە ناکەن، بۆیە نابێ گشتگیر بکرێن. هەر بۆیەشە زۆر گرینگ بوو کە لە بەرانبەردا ئاڵای عێراق لە کوردستاندا نەسووتێنرا.

سووتاندنی ئاڵا لە ڕابردوودا، بە شێوەیێکی گشتی، دەربڕینی ناڕەزایەتی بووە بەرانبەر بە دەوڵەت، حکوومەت و گەلانی باڵادەست. ڕووداوی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا بۆیە زیاتر سەرنجڕاکێشە، چونکە ئاڵاکە نوێنەرایەتیی گەلێکی سەردەست لەناو عێراقدا ناکات کە بەرپرسیارەتیێکی زۆری لەمەڕ دۆخی شڵەژاوی وڵاتدا هەبێت. بەڵام ڕووداوەکە و شێوازی ئەنجامدانی، بێ گومان، نیشان دەدات کە پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتی عێراقدا دیار و کاریگەرە. ئەم ڕاستییە بە تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دەرکەوت. هەر بۆیەیشە هێرشەکەی دوێنێ، پێچەوانەی ئامانجی هێرشبەرانی لێ کەوتەوە.

دەوڵەتی عێراق دەتوانێت تا ئەندازەیێکی یەکجار زۆر خۆی لەو قەیرانانەی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە، ڕزگار بکات. ئەو باجەی کە گەلانی عێراق بە کورد و عەرەبیشەوە لە ئەنجامی ئەو تەنگژە بەردەوامانەدا داویانە، تەنیا کاتێک پاساو دەدرێن، ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئێستا ئیرادە بۆ سەرجەم گەلانی خۆی بگەڕێنێتەوە و لە بەرانبەردا ڕەوایەتیی خۆی مسۆگەر بکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تا ڕادەیێكی باش هەنگاوی بەو ئاراستەیەدا ناوە. ئەمە بە تایبەت لە ڕێککەوتنی شنگال، هەوڵی یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان و لە چارەکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە، بۆیەشە لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمەوە پێشوازیی لێ کراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ڕاست هەرێمی کوردستاندا، ئەوە پرسی دەستوور و جێبەجیکردنیەتی کە هەم سەروەری بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە و هەم پشکی شێری داخوازییەکانی کوردستانیش دابین دەکات. 

 

پێداگریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پێڕۆکردنی دەستووری عێراق، تەنیا کێشە لەمێژینەکانی کوردستان چارە ناکات، بەڵکو کۆمەکێکی یەکلاکەرەوەش دەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی عێراق لەو گرفتە کەمەرشکێنانەی کە لە دوای شەڕی داعشەوە تێی کەوتووە. سەرۆکی هەرێم ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لەسەر هەموو ئاستێک و هەموو بوارێک ڕاگەیاندووە، بە مەرجێک بەغدا ڕیشەییانە کێشەکانی نێوانیان چارە بکات. هەر بۆیەشە سەرۆکی هەرێم لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی دوێنێدا بیرمان بۆ ”مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان” دەبات و باسی ”پێکەوەژیان لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و مافەکانی مرۆڤ” دەکات.


19/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر