ژیان قاقایەکی کورتە، بەڵام سەداکەی زۆر لەخۆی درێژترە

هیوا قادر

کە هەواڵەکەم پێ دەگات بە کوڵ دەگریم، سەرەکۆنەی خۆم دەکەم بۆ هەفتەی ڕابردوو نەهاتم بۆ لات، بەدرێژایی ڕێگاکە دەگریم، کە دێمە مزگەوتەکە دەمەوێت بتبینم، دێمە ژووری مردوو شۆرەکە، تۆ بە ڕووتی دەبینم، بە دوو چاوی چۆلەکەیەکەوە کە لە ئاسمان کەوتبێتە خوارەوە، بە ڕووخسارە لاواز و زەرد هەڵەگڕاوەکەتەوە سەیرم دەکەیت. ئەڵێم مامۆستا کامەران، مامۆستا گیان.. دەمەوێت دەست بەرم چاوەکانت دابخەم، پەشیمان دەبمەوە، تێر سەیری ئەو نیگایانەت دەکەم کە لەناو بۆشاییەکدا ناکۆتا درێژدەبنەوە.

ـ مردن چییە، با بێت، من بەشی خۆم خۆش ژیام. وا دەڵێیت.

کاتێک دەهاتم بۆ لات، دەموت مامۆستا کامەران زۆر زووە بۆ مردن، تکایە هێندە ڕوو بەو میوانە ناشیرینە مەدە، کە ناوی مردنە. 
دەمزانی بۆ وادەڵێیت، بێ خەویی، لاوازیی و ماندوویی تەواو شەکەتیان کردبوویت.

ـ ئێستا دنیاکەی من زۆر بچکۆلەیە، ژیانم کورت بووەتەوە بۆ تەلەفوونەکەم و تەلەفزیۆنەکەی بەردەمم. ناتوانم وەڵامی تەلەفوونەکان بدەمەوە، بەڵام کە ناوی هاوڕێکانم دەبینم شاشەی تەلەفوونەکەم ڕووناک دەکەنەوە، دڵخۆشدەبم کە هێشتا منیان لەبیرە.

لەکاتی قسەکردنەکاندا بەبەغا بچکۆلەکە هەڵدەنیشێتە سەر سەرت.

ـ ئەم باڵدارە بچکۆلەیە کاتێک دەزانێ من بێ تاقەتم، بە دەنووکی پڕ لە جریوەوە دێتە سەر شان و ملم. هەموو سەیرکردنەکانی من بۆ دەرەوە کورتبوونەتەوە بۆ سەیرکردنی ئەودیوی پەنجەرەکە. یان گەڕانەوە بەو ڕێگایانەی ژیاندا کە پیایاندا تێ پەڕیووم.

من هەر جارێک کە دێم بۆ لات داوام لێ دەکەیت وێنەیەک بگرین، من دەزانم تۆ بۆ وادەڵێیت و من دڵم نایەت، پێم دەڵێیت مام هیوا خەفەت مەخۆ، نوکتەیەکی خۆش دەکەیت و دەمخەیتە پێکەنین، بەدەم بزەو پێکەنینەوە چەند وێنەیەک دەگرین.

ـ ژیان قاقایەکی کورتە، بەڵام سەداکەی زۆر لە خۆی درێژترە. وادەڵێیت.

مامۆستا کامەران، مامۆستا گیان... تۆ بە نوکتە و قسە خۆشەکانت فێری پێکەنینت کردم، پێکەنینی بە کوڵ. 

فێری جوانیت کردم، جوانییەک بمکوژێت و زیندووم بکاتەوە. 

تۆ بە جارێک ئەو هەموو چاوەت پێ بەخشیم بۆ بینین.

وای کە قورسە ئەم هەڵفڕینەی کۆتایت. من چی لەم هەموو پێکەنینانەت بکەم لە دوای خۆت بەجێت هێشتن، کە خۆت نەتوانیت لەگەڵم بیت. ئەم هەموو یادەوەرییە جوانانە لەگەڵ کێ بەشبکەم کە تۆ خۆت لێرەنیت، ئەم هەموو ساتی تەنهایانە بەدەم پیاسەوە بێ مانان بێ تۆ.
وای مامۆستا کامەران ئەم کۆچەت چەندە تەنها و گرینۆک و لاوازی کردم.

کە دەتخەنە گۆڕەکەوە بیر لە نیگاکانت دەکەمەوە، بەدەم خۆمەوە دەڵێم " ژیان قاقایەکی کورتە، بەڵام سەداکەی زۆر لە خۆی درێژترە". کاتێک خۆڵی گۆڕەکە دەدەنەوە بەسەرتدا، دەگریم و دەزانم تۆ بەشێکی منت بۆ ئەبەد برد لەگەڵ خۆت، هێندەی ئەوەش بەشێکی ڕووناکی خۆت لە لام بەجێهێشت.

29/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر