بڕوانامە یان مەعریفە

سەرکۆ یونس

کۆمەڵگای کوردیی، سەر تا بەری، لە بواری سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و  دەروونیی و تەنانەت مەعریفییشدا، پوخت و ڕەها، کۆمەڵگایەکی لاساییکەرەوەو چاولێکەرە.

هەرێمی کوردستان، لەدوای کرانەوەی لەڕووی جیهانگیریی و کلتورو ڕاگەیاندنی جیهانییدا، بەبێ تێپەربوون بە قۆناغەکانی پێش ئەم کرانەوەیەدا، ڕاستەوخۆ بەهەر چوار پەلمان کەوتینە ناو فەوزایەکی نامۆ بە کلتور و داب و نەریتی کوردەواریی.

ئەوەی جێگای سەرنجە، لەم بابەتەدا تیشکی بخەینە سەر، کەپێمانوایە بووە بە دیاردە و چاولێکەریی، بابەتی بڕوانامەی بەرزی زانکۆییە،  وەک ماستەرو دکتۆرا.

 لەڕواڵەتدا بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆیی بەرز، مانای وەرگرتنی زانست و مەعریفەی زیاترە و حەتمەن دەبێت ئەم زانست و مەعریفەیە، لەئەرزی واقیعدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و سوود و کەڵک بە تاک و خێزان و کۆمەڵگا بگەیەنێت.

بەڵام ئەوەی تێبینیی دەکرێت، بەداخەوە ڕێژەیەکی گەورەی خاوەن بڕوانامەکان، تەنها بەناو بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، دەیان بەڵگە و دەیان حاڵەتمان هەیە، کە ئەو بۆچوونەمان پشت ڕاست دەکەنەوە.

ئەمە بێجگە لەوەی هەبوونی بڕوانامەی بەرز، ململانێ و کێبرکێییەکی ناشەریفانەی لەناو زانکۆ و پۆستە ئیدارییەکاندا دروستکردووە، لەهەمان کاتدا جیاوازیی چینایەتیی لەکۆمەڵگادا دروستکردووە.

دەبێت ئەوەش بڵێن، بەشێکی زۆری ئەم دیاردەیە، بەداخەوە حزب و خزمایەتی و واسیتەو بەرتیل، دروستی کردووە و بەردەوامیشە.
دکتۆر محەمەد عەلاوی وەزیری دارایی لەکابینەکەی موستەفا کازمیدا، باسی لە نەهامەتی و کێشە و بارگرانییەکانی ئەم توێژەی کۆمەڵگا کردووە، لە یەکێک لەو باسانەیدا ، ووتی : ( عێراق لە شانشینی بەریتانیا زیاتر خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی هەیە، بەبێ ئەوەی ئەم کەسانە سوودێک یان چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگایان پێ بێت ).

 
 ئەو پێیوایە، لەعێراقدا بەدەستهێنانی بڕوانامە تەنها بۆ بەرژەوەندیی داهاتی خودی کەسەکانە، چونکە بەپێی یاسای خزمەت کردنی شارستانی، خاوەن بڕوانامەکان دەرماڵەی تایبەتیان بەڕێژەی بەرز پێ دەدرێت، بۆ نمونه بڕوانامەی ماستەر ڕێژەی 75% مووچەی بنەڕەت و بڕوانامەی دکتۆرا، ڕێژەی 100%ی مووچەی بنەڕەتیان بۆ دەبەسترێت. هەروەها بە لایەنی کەمەوە،  10 ساڵ دوای فەرمانبەر و مامۆستای ئاسایی خانەنشین ئەکرێن.

بێگومان ئەمەش بارگرانیی داراییی بەسەر بودجەی گشتییەوە دەبێت.

هیچ کێشەیەک لە خەرجکردنی دەرماڵەی خاوەن بروانامەکاندا نییە، ئەگەر هاتوو ئەو بڕوانامەیە چارەسەرێک یان پێشنیارێکی زانستیی و لۆژیکیی ببەخشێت بۆ چارەسەر هەموو ئەو دەرد و کێشەو قەیران و ئاریشانەی بەرۆکی کۆمەڵگای کوردەواریی گرتووە.

لە ئەزمونی ساڵانی رابردوودا، دەرکەوتووە، زۆربەی ئەو بروانامانەی لەدەرەوەی هەرێم بەدەست هاتوون، بەبەراورد بە بروانامەکانی  زانکۆکانی هەرێم، لاوازن، چ لەڕووی چۆنیەتیی (کوالێتیی ) چ لە ڕووی زانستییەوە، تەنانەت هەندێک لەو خاوەن بڕوانامانە زمانی فەرمیی خوێندنی ئەو وڵاتانەیش نازانن کە بروانامەکەیان لێ بەدەستهێناوە!

هەر بۆیە پێمانوایە، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم، چاوێک بەم بابەتە هەستیارەدا بخشێنێت بەجۆرێک  ڕێ وشوێن و ڕێنمایی زانستی و واقیعی دابنرێت و ساڵانە دەستنیشانی ئەو پسپۆڕییانە بکات کە حکومەت و کۆمەڵگا پێویستیانە.

لەلایەکی ترەوە، لەم بارودۆخەدا کە هەرێم, کێشەی دارایی هەیە، بەسەدان کوڕو کچی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن. پێویستە شایستەی دارایی هەموو ئەو خاوەن بڕوانامانەی کە سوود و کەڵک بە حکومەت وکۆمەڵگا ناگەیەنن، کەم بکرێنەوە و دەرماڵەکانیان بۆ خەرج نەکرێت، بەدڵنیاییەوە ڕێژەیەکی گەورەی دارایی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و دەتوانرێت چەندین گەنج لەهەردوو ڕەگەز دابمەرزێنرێت و ڕێژەیەکی بەرچاوی بێکاریی لەناو کۆمەڵگادا  کەم بێتەوە.

پێمان وایە، ئەگەر بابەتی دەرماڵەی بڕوانامە خەرج نەکرێت بەدڵنییایەوە داواکاریی بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی کەم دەبێتەوە و ساڵانە هەموو ئەو خەرجییانە لەسەر شانی دارایی حکومەت کەم دەبێتەوە.

بە چاوخشاندن  بە ئاپۆڕەی خاوەن بڕوانامەکان، دەردەکەوێت کەمن ئەوانەی  کە دەتوانن بەو بڕوانامەیەی بە دەستیان هێناوە، سوود بگەیەنن بە کۆمەڵگا، ئەمە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە.

لەکۆتاییدا، واقیع ئەوەی سەلماندووە، کە مەعریفە گرنگترە لە بڕوانامە..

*ئابوریناس

05/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر