بۆ دەنگی مەسرور بارزانی ناگات ؟

ئاسۆ حاجی

ئەوەی لە یەکەم ڕۆژ گوتی ئێستاش پێداگیری لێدەکات، ئەویش ڕاستکردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانیە لە کوردستان، بەو واتایە نا کە کابینەکانی بەر لە ئەو هۆکار و ئەندازیاری ئەو هێلە خوارەن، بەڵکو بە هۆی پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە کە هۆکاری سەرەکی خوار بوونی هێلی حوکمڕانیە بە ئاراستەی گەندەڵیەکی کوشندە و نا دادیەکی لە سنوور دەرچوو، کە تاک بە تاکی کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانەوە باجیان داوە و باجی دەدەن. ئەو هێلە خوارانەیە کە پێویستیان بە ڕاست کردنەوە هەیە، بە  پێداچوونەوە و دەست نیشان کردنی کێماسیەکان و چاککردنەوەیانە.

بە بۆچوونی من ئەوە کڕۆکی فەلسەفە و دونیابینی حوکمڕانی مەسرور بارزانیە، ئایا ئەو جۆرە بۆچوون و بڕیارە بۆ کوردستان و خەڵکەکەی پێویستن، بە دڵنیاییەوە زۆریش، هەر ئەوەشە وای کردووە کە دوژمنانی قەوارەی سیاسی کوردستان بە هەموو توانا و ئامرازەکانیان دژایەتی کابینەکەی و خوودی مەسرور بارزانی دەکەن.

باشە بۆچی دەنگی دوژمن و نەیارانی مەسرور بارزانی بڵندتر و زیاتر بە خەڵک دەگا و کاریگەری زۆریان لە سەر ڕای گشتی دروست کردووە، دەنگ و کارنامە و فەلسەفە و دونیابینی مەسرور بارزانی بەو شێوەیە ناگات! لە کاتێکدا ئەوەی مەسرور بارزانی دەنگ و هێزی ڕزگارکردن و بەهێزبوونەوەی کوردستان و گەڕانەوەی مافە بۆ ئەو خەڵکەی خۆیان بە مافخوراو و پشتگوێخراو دەزانن، ئەوەی دوژمنانیش گوتاری بێ ئومێدکردن و  نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە ناوبردنی کەسایەتی مرۆڤی کوردە، کە بە درێژایی مێژوو بە خۆڕاگر و ئازا و قوربانیدەر ناسراوە.

ئەوە پرسیارە جەوهەرییەکەیە، بۆ چی دەنگی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ناگات، دڵنیام کاک مەسرور ئەو پرسیارەی دەیان جار ئەگەر سەدان و هەزاران جار لە خۆی نەکردبێت، بەڵام بڕوا ناکەم بۆ جارێکیش وەڵامێکی ڕاست و دروستی بێ ڕتوش و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی گشتی وەرگرتبێتەوە.

ئەو پرسیارە دەبێ دیسان و دیسان بکرێتەوە، بەڵام لە کەسانی دیکە کە وەڵامی دیکەیان هەیە.

29/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر