ئیکۆساید وەک جینۆساید

د. دارا محەمەد

زانیاریەکی بەرفراوان لەسەر جینۆساید لە دونیای سیاسی کورددا هەیە لەبەرئەوەی گەلێکە رووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە کە لەئەنفالدا دەگاتە ترۆپک لەسەر دەستی بەعس و ئایدۆلۆژیای بەعسیزم. جینۆساید زۆر بە کورتی بریتیە لە پرۆسەی لەناوبردنی بەشێکی یان تەواوی نەتەوەیەک، رەگەزێکی مرۆیی، یان ئیتنیکێک بە مەبەست و بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو. بڕین و هەڵکەندن و تەختکردن و لەناوبردنی بەشێک لە چیای گۆیژە و دروستکردنی چەندین باڵەخانەی بەرزی کۆنکریتی بریتیە لە پرۆسەی ئیکۆساید (بە هەمان چەشنی جینۆساید لەسەر ئاستێکی مرۆیی) لەسەر ئاستی ژینگەیی-مرۆیی. کاتێک باس لە ژینگە دەکەین، بێگومان پەیوەندیەکی یەکانگیر لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا هەیە کە چیتر ئەو تێڕوانینە رەتدەکرێتەوە کە مرۆڤ سەنتەری گەردوون بێت. ئەمە پێداویستیەکی هەنووکەیی ئەم سەردەمەیە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و راگرتنی ئەو کارەساتە ژینگەییەی مرۆڤ دروستیکردووە کە دەرئەنجامی مێژوویەکە کە پێیوابووە مرۆڤ دەبێت کۆنترۆڵی سروشت و ژینگە بکات و ببێتە سەرداری زەوی. هەر ئەم تێڕوانینەشە کە خەونی کەڵەکەکردنی پارە لەلای سەرمایەداران دەهێنێتەکایەوە و هەموو بەربەستێک رادەماڵێت کە رێگە لەم خەونە بگرێت. 

لێرەوە چیای گۆیژە ئەو بەربەست و ژینگە ناجۆرەیە بۆ ئەم توێژە سەرمایەدارە-سیاسیەی کورد کە هیچ نیە جگە لە کۆمەڵێک بەرد و گژوگیا و خۆڵ و چیایەکی رووتەڵ. ئەم توێژە سیاسیەی کە هەر خۆی خاوەنی کۆمپانیا بیناسازی و نەوتیەکانە و ئەڵقەیەکی سەرەکی ئەو سیستمی پارە و سەرمایەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە ئارادایە و تۆڕێکی گەورەی کەسانی پارەدار و سەرمایەداری دروستکردووە کە بە هەمووان خەریکی لەناوبردن و کوشتنی ژینگەی شارەکانن لە رێگەی ئەو تەلاسازیە ئیکۆسایدییانەی هەموو شارەکانیان پڕکردووە لە باڵەخانەی بەرز و کۆنکریتی. ئەم توێژە سیاسیە-سەرمایەدارە ساڵانێکە هەموو شاخەکان و بەرزاییەکانی کوردستانیان داگیرکردووە و کۆشکە کۆنکریتیەکانی خۆیان لەسەر لوتکەی ئەم شاخانە دروستکردووە کە بوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو لە خەڵکی.  

دەبێت هەمووان ئەو پرسیارە لەم توێژە سیاسیە-سەرمایەدارە بکەین کە لە پەیوەندیەکی نائەخلاقیانە و نامرۆییانەدان لەگەڵ ژینگە و سروشتی شارەکاندا، کە چۆن دەکرێت باڵەخانەکان لەسەر شاخەکان دروستبکەن لە کاتێکدا نەتانتوانیوە شاخەکان پڕبکەنەوە لە درەخت و ژینگەیەکی سەوز دروستبکەن؟ بەڵام خەمی یەکەمی ئەم توێژی مشەخۆرە بریتیە بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی ترسناک کە لەچەندین ساڵی داهاتوودا دەرئەنجامە ترسناکەکانی دەردەکەون کە ئەویش لەناوبردنی سیما و سروشتی شارەکانە، یەکەم لەرێگەی دروستکردنی ئەو یەکانەی پێیاندەڵێن "سیتیەکان". پلان و ستراتیژی ئەم کارە بریتیە لە جێگۆڕکێ پێکردنی شارەکان، بەتایبەتی قسە لەسەر سلێمانی دەکەم، بەڵام ئەمەش بێگومان بۆ هەولێریش راستە. واتە فەرامۆشکردنی شارەکانە لە رووی خزمەتگوزاریەوە و کڕینی بەشێکی زۆری خانووەکانی ناو شارە لەلایەن کۆمپانیایەکی حیزبی وەک قەیوانەوە کە خاوەنی بەشێکی گەورەی باڵەخانەکانی قەدپاڵی ئەزمەڕ و گۆیژەیە کە کار لەسەر فەراهەمکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام بۆ ئەم سیتیانە دەکەن. پرۆسەی دووەم ئەوەیە کە ئەم توێژە سیاسیە-سەرمایەدارە بە شێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو کار لەسەر تێکدانی سەنتەری شارەکان دەکات لە رێگەی پاڵپێوەنان و رەوکردنی خەڵکی شارەکە بۆ ناو ئەم سیتیانە و فرۆشتنی خانووەکانی ناوشارە و دواجار بەشێکی زۆری ئەم خانووانەی ناوشار دەبنە سەنتەری بازرگانی کە هێدی هێدی تەنگ بە خانووەکانی چواردەوری خۆیان هەڵدەچنن و چیتر ئەم شوێنانە لەوە دردەچن دانیشتوانەکەی بتوانن لەناو ژاوەژاوی رێستۆرانت و کافێ و فرۆشگە و شوێنە بازرگانیەکاندا بە هێمنی ژیانبکەن. ئەم پرۆسەی ژینگەکوژی و شارکوژیە کە تەنها عەقڵیەتێکی سیاسی مشەخۆر و نامرۆڤانە پێیهەڵدەستێت شاخ و گرد و هەموو بەرزاییەکانی کوردستان دەکاتە موڵکی تایبەتی و شوێنی وەبەرهێنان. ئەم پرۆسەی رەوپێکردنی خەڵکی شارەکان بۆ ئەم سیتیانە لە رێگەی سیاسەتی فەراهەمکردن بۆ سیتیەکان و فەرامۆشکردن بۆ شار پرۆسەیەکی تا سەر ئێسقان نائەخلاقی و مرۆڤکوژانەیە، هەروەک بەباشی لە شارێکی وەک هەولێردا دەبینرێت کە خودی شارەکە هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی لافاودایە و تا ئێستا ئەم توێژە سیاسیە نەیانتوانیوە سیستمی زێراب بۆ شارەکە دروستبکەن.

دەبێت ئەو پرسیارە بە زەقی لەم توێژە سیاسیە حوکمڕانە بکرێت کە چەشنی جەللادەکانی بەعس بە شۆڤڵ و بلدۆزەرەکانیانەوە کوتوونەتە وێزەی شارەکان و سروشت و ژینگە پیسدەکەن و سواری پرۆسەیەکی ئیکۆسایدی بوون بەبێ بیرکردنەوە لە داهاتووی هەمووان. ئایا ئێوە دەزانن خەریکی چین؟ ئەگەر ئەمە وێناکردنێکی هەڵەیە، چۆن دەکرێت پیسبوونی هەوا لە شارێکی بچوکی وەک سلێمانیدا هێندە بەرز بێت کە مرۆڤەکانی هەوایەکی پیستر هەڵدەمژن لە هەوای شارە گەورەکانی وەک لەندەن و تۆکیۆ؟ بڕوانە ئەم داتایانەی خوارەوە کە پیسبوونی هەوای سلێمانی لە ئاستێکی بەرزدایە. کەواتە ئەمە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بێگومان لە عەقڵیەتی ئیکۆسایدی (جینۆسایدی) و ئەنفالی ژینگەوە (لەگەڵ داوای لێبوردنم لە قوربانیانی ئەنفال کە بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاریدەهێنم) سەرچئوەی گرتووە کە ئەم توێژە سیاسیە-سەرمایەدارەی کورد بێبەزەییانە بەڕێوەیدەبات. دەبێت ئەم دەسەڵاتە سیاسیەی کورد کە گوێ ناگرێت هەرچی دروستکردنی باڵەخانەیە لە شارەکاندا رایبگرێت و دەستبکات بە دروستکردنی باخچە و پارکی گەورە و بەدارستانکردنی شاخ و گردەکان و شەقامی ناو شارەکان و نەهێشتنی موەلیدەکان و سنوردارکردنی ژمارەی ئۆتۆمۆبیلەکانە. ئەمە دەبێت ئەرکی سەرەکی ١٠ ساڵی داهاتووتان بێت چونکە خەریکە شارەکان بە ژینگە و خەڵکەکەیەوە دەخنکێت.

01/06/2024




وتارەکانی تری نوسەر