بەسەربازگەکردنی سلێمانی

د. دارا محەمەد

ئەم بەسەربازگەکردنەی شاری سلێمانی کە دیاری دەستی شەڕی ئامۆزاکان و دەسەڵاتی کوڕەکانە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی رەهای دەسەڵاتی سیاسی بریتیە لە یەکێک لە دیمەنە ناشرینەکانی دنیای سیاسەتکردنی هەردوو هێزی حیزبگەرای یەکێتی و پارتی. لەم گەڕانەمدا، چەندینجار کەوتومەتە ئەو بازگانەی کە لە چەند شوێنێکی دیاریکراوی شاردا دانراون و هەستێکی ناخۆشی دروستکردووە کە سەردەمی بەعسیان وەبیرهێناومەتەوە و جۆرە ترس و دڵەڕاوکێیەک دروستدەکات. ئەمە ئەو بارە سایکۆلۆژیە بەرهەم دەهێنێ کە بازگەکانی سەردەمە تاریکەکانی بەعس دروستیاندەکرد.

ئەمەش دەرئەنجامی دۆخێکە کە حوکمی کوڕەکان خوڵقاندویانە. گومان لەوەدا نیە کە حوکمی کوڕەکان هەڵگری هیچ جۆرە توانایەکی سیاسی و میراتێکی رۆشنبیریی و ئایدۆلۆژی نین و خاوەنی هیچ جۆرە سەرمایەیەکی رەمزی نین، تەنها ئەوە نەبێت کە خۆیان بە میراتگری حوکمی باوکەکان لە حیزب و حکومەتدا دەزانن. هەر لێرەشەوەیە ئەم حیزبانە و حکومەتەکەیان، حوکمی کوڕ و براو و ئامۆزایە، نەک حوکمی دامەزراوەکان. حوکمی ئەم نەوە تازەیە پێیەکی لەسەر پاکتاوکردنی یەکتری و نەیارەکانی یەکتری داناوە و پێیەکی دیکەی لەسەر دروستکردنی کۆمەڵێک وەلائاتی تازە داناوە کە بەشێویەکی مێگەلانە وبەتەواوی ملکەچی بڕیار و فەرمانەکانی ئەم نەوە تازەیەی حوکمڕانیە.بەردەوامی ئەم جۆرە لە عەقڵیەتی حوکمڕانی و بە میراتیکردنی سیاسەت بە مانای بەردەوامی پێکدادانە خێزانی و بنەماڵەیی و حیزبیەکان دێت کە کایە و دیبەیتی سیاسی بەرەو بێکەڵکترین و بێبەرهەمترین و هەژارترین فەزای سیاسی دەبات و پریشکەکانی خودی کۆمەڵگە دەسوتێنێت.


30/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر