چۆن لە سێکولاریزم تێبگەین؟

د. دارا محەمەد

لە وەڵامی پرسیارێکی د. شایان جافدا سەبارەت بەوەی کاتێک من دەڵێم سێکولاریزم لەسەر بنەمای هەردوو پرەنسیپی ئازادی و یەکسانی دادەمەزرێت، ئایا ئەمە هەر هەمان پرەنسیپەکانی لیبراڵیزم نیە و ئایا سێکولاریزم و لیبراڵیزم پەیوەستن بەیەکەوە و کاتێک باسی سێکولاریزم دەکەین دەبێت باسی لیبراڵیزم بکەین؟

دیارە سێکولاریزم تەنها یەک پێناسەی نیە و دەتوانرێت چەندین پێناسەی جیاواز بۆ سێکولاریزم بخەینەروو. هەروەها مێژووی سێکولاریزم و رەوتی گەشەکردنی سێکولاریزم بە چەندین ئاراستەی جیاوازدا رۆیشتووە، کە ئەمەش وا دەکات سێکولاریزم بە پێی ئەو کۆنتێکستە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەی تیایدا دروستدەبێت سیما و خەسڵەتی جیاوازی خۆی وەربگرێت. لەبەرئەوەی سێکولاریزم وەک پرەنسیپێکی سیاسی لەلایەن دامەزراوە و ئۆرگانی سیاسی و دەوڵەتەوە پیادە دەکرێت لێرەوە سیستمێکی سێکولاریستی یان عەلمانی هەوڵی دوورخستنەوەی ئایین لە کایەی دەمەزراوە و دەوڵەتدا دەدات و، یاسا و رێساکانی لەسەر بنەمایەکی ئایینی دانامەزرێنێت. کەواتە هەردوو کایەی سیاسی و ئایینی یان دەوڵەت و دین لێکجودا دەبن لە سیستمێکی لەمجۆرەدا. 

بەڵام ئەم جیابوونەوەیە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئایین و باوەڕداران و ئاینزاکاندا لەلایەن دامەزراوە سێکولاریستەکانی دەوڵەتەوە لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی دیکە دەگۆڕێت. واتە سیستمێکی سێکولاریستی کە لەناو سیستمێکی دیموکراسیدایە تەواو جیاوازە لە سیستمێکی سێکولاریستی کە لەناو هەناوی دەوڵەتێکی تۆتالیتاری یان سەرکوتکاریەوە دروستدەبێت. بۆ نمونە سیستمی سێکولاریستی تورکیا سیستمێک نیە کە لەسەر ئازادی ئایین و ویژدان بنیاتنرابێت، بەڵکو دەوڵەتی سێکولاریستی کەمالیزم تەنهالەسەر کردنەدەرەوەی ئایین لە کایەی دەوڵەتکاردەکات. بەڵام لەهەمانکاتیشدا سەرکوتی ئازادی ئایین و ئاینزاکان دەکات و نایەکسانیەکی گەورە لەناو کۆمەڵگەدا دروستدەکرێت لەسەر بنەمای ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی. ئەم سیستمە سێکولاریستیە جیاوازە لە سیستمێکی سێکولاریستی وەک ئەمریکا یان فەرەنسا کە پایەکانی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی هەردوو کایەی سیاسی و ئایینی دادەمەزرێنێت و گرنگترین پرەنسیپێک کە دەیکاتە بنەمای ئەم سیستمە بریتیە لە فەراهەمکردنی ئازادی ویژدان، واتە ئەوەی کە هەموو مرۆڤەکان ئازادن لەوەی کە سەر بە چ ئاینێکن و تەنانەت ئەوانەشی کە خۆیان لەگەڵ هیج ئاینێکدا نابیننەوە. مسۆگەرکردنی ئەم ئازادیە و رێزگرتن لە یەکسانی مرۆڤەکان لەو هەڵبژاردنەی هەیانە بۆ ژیانکردنیان لەناو کۆمەڵگەدا دەبێتە ئەرکی سەرەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی سێکولاریستی کە دەبێت ئازادی هەڵبژاردنی تاکەکان بۆ ئەوەی کە چۆن بڕیار دەدەن بژین بپارێزێت. 

لێرەوە ئەو سیستمە عەلمانیانەش هەیە کە دەکرێت بە سیستمە عەلمانیە فاشیەکان ناویان بەرین وەک سیستمی سۆڤیەتی ستالین کە رێگە بە پراکتیزەکردنی ئایینەکان نادات و هەموو شوێنەکانی مومارەسەکردنی ئایین قەدەغە دەکات و شتێک نامێنێتەوە بە ناوی ئازادی ویژدانەوە. بەهەمانشێوە بەعسیزمی عێراق و سوریا مومارەسەی جۆرێک لە سیستمێکی عەلمانی فاشیانە دەکەن کە هەموو ئازادیەکانی ئایین و ویژدان قەدەغە دەکرێت و سەرکوتی ئاینزا جیاوزەکان دەکرێت و نایەکسانیەکی گەورە لە نێوان تاکەکەسەکاندا هەیە لەسەر بنەمای ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییان. 

کەواتە ئەو هێڵە فیکریی و سیاسی و دامەزراوەییەی کە لێرەدا جەختی لەسەر دەکەینەوە بۆ سیستمێکی سێکولاریستی، بەها گرنگەکانی ئازادی ویژدان و ئایینە لەگەڵ فەراهەمکردنی یەکسانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیە لەوەی کە نەک تەنها رێز لە ئازادی هەڵبژاردنیان بۆ هەر ئایین و مەزهەبێک بگیردرێت، بەڵکو ئەم ماف و ئازادییەیان لەرووی دامەزراوەیی و یاساییەوە پارێزراو بێت. بەم پێناسەیە بێت، دەتوانین ئەم سیستم و ئایدیای سێکولاریستە بە سێکولاریزمێکی لیبراڵ ناوبەرین یان باشتر لەمە بە سێکولاریزمێکی ئازادیخوازانە ناویبەرین. کەواتە ئەو پرسیارەی کە ئایا دەبێت باسی لیبراڵیزم بکەین کاتێک باسی سێکولاریزم دەکەین، دەتوانین بڵێین کە لیبراڵیزمی کلاسیک و مۆدێرن بە پلەی یەکەم گرنگیەکی زێدەتر و گەورەتر بە ئازادی دەدات و لیبراڵیزمی سەدەکانی هەڤدە تا بیست کە بەهای ئازادی دەکاتە دروشم و بنەما فیکریەکانی خۆی و مومارەسە سیاسیەکانی لەسەر ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و فراوانبوونی خۆی بۆ دەرەوەی ئەوروپا و دروستبوونی کۆڵۆنیالیزم پتر لە خولگەی ئازادی بازاڕ و ئابوریدا دەسوڕێتەوە و ئەمەش دەبێتە بناغەیفیکری نیۆلیبراڵیزم.هەرچەندە بەهای یەکسانی یەکێکە لە دروشم و بەها گرنگەکانی شۆڕشی فەرەنسی، ئەم یەکسانیە جێگەی دیبەتێکی گەورەیە لە مێژووی فیکریی و سیاسی ئەوروپادا کە دژایەتیەکی فیکریی (واتە تناقچ-ێکی) گەورە لە نێوان ئەم بانگەشەی یەکسانیە و ئەو مومارەسە کۆڵۆنیالیەی ئەوروپا دەرگیری بووە هەیە. هەروەها دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێت کە ئەو بیریارانەی یەکسانی دەکەنە یەکێک لە بەها سەرەکیەکانی سیستمێکی رەوا و دیموکراتی بریتی نین لە بیریارە لیبراڵەکانی وەکو لۆک و میل و هایک و بەرلین. هەر بۆیە لیبراڵیزم پتر جەختکردنەوەیە لەسەر ئازادیەکان. بەڵام بەهای یەکسانی بە شێوەیەکی گەورەتر لە سەدەی بیستدا لە لایەن بیریارانی لیبراڵە یەکسانیخوازەکان کە نزیکترن لە تەوژمی چەپەوە دەبێتە بنەمای تیۆرەکەیان.بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەبێت لێرەدا سەرنجی بدەین ئەوەیە کە ئەم تێگەیشتنەی ئێمە بۆ سیستمێکی سێکولاری خۆی لەسەر بناغەکانی بیری نیۆلیبراڵیزم دانامەزرێنێت.چونکە ئازادیەکانی بازاڕ و ئابوری و مافی تاکەسەکان بۆ هەبوونی موڵکدارێتی تایبەتی و ئازادی سەرمایەگوزاری و فراوانکردنی کۆنترۆڵی کۆمپانیا بان-نەتەوەییەکان بۆ بازاڕی جیهانی لە پێناوی گەشەکردنی ئابوریەکی سەرمایەداریدا دەبنە هێڵە سەرەکیەکانی بیری نیۆلیبراڵیزم.  

کەواتە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لە نێوان بەهاکانی سێکولاریزمێکی فرەگەر لەگەڵ بەهاکانی ئازادی و یەکسانیدا هەیە، هەر بۆیە ئەم فۆرمە لە سێکولاریزم کە جەخت لەسەر ئازادی ویژدان و ئایین و فەراهەمکردنی یەکسانی تاکەکان دەکاتەوە بەدەر لە ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی و نەژادییان تەواو جیاوازە لەو فۆرمەی سێکولاریزم کە دەخوازێت ئایین و ئازادی ئایین سەرکوت بکات. لەم تێگەیشتنەوە دەتوانین ئەم فۆرمە بە سێکولاریزمێکی ئازادیخواز (یان لیبراڵ) ناوبەرین و ئەمەش گرنگیەکی گەورەی هەیە لە کۆمەڵگەی کوردستان و ئەو کۆمەڵگایانەی ئایین پانتاییەکی گەورەی کولتور و ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکان داگیردەکات، کە سێکولاریزم بە مانای دروستکردنی مەودایەکی جێگیرە لە نێوان کایەی دەوڵەت و سیاسەت لەگەڵ کایەی ئایین و ئیماندا. بەڵام بە مانای لەناوبردنی ئایین و ئازادی ویژدان و باوەڕ نایەت کە ئەمە بووەتە سەرچاوەی دژایەتیکردنی هێزە ئیسلامیە سیاسیەکان بۆ سێکولاریزم و سیستمێکی سێکولاریستی، کە بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی دوو دۆخە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم هێزە ئیسلامیانە ترسیان لەوە هەیە کە سیستمێکی سێکولاریستی دەبێتە هۆی لاوازکردنی باوەڕ و ئایین لەر ئاستی کۆمەڵگەدا کە ئەمە ترسێکی نالۆژیکیە چونکە باوەڕی تاکەسەکان دەبێت لە دەرەوەی کایەی دەوڵەت و سیاسەت بێت. دووەمیان، ئەو دژایەتیکردنەیە کە هێزە ئیسلامیە سیاسیەکان دەیکەن بۆ هێشتنەوەی ئایین لەناو کایەی سیاسەت و لێدانی ئەو ئازادی و یەکسانیەیە کە لەسەرەوە باسمانکرد. بێگومان ئەمەش کۆمەڵگە لە فرەگەرییەکەی دادەماڵێت و لە خراپترین حاڵەتدا بەرەو جەنگێکی ناوخۆی دەبات.


29/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر