بەشتکردنی ژنان و کچان

د. دارا محەمەد

ئەوەی لە هوانە روویدا لە سوکایەتیپێکردن و لێدانی کچێک، رووداوێکی تاقانە نیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. ئەمجۆرە ئەخلاق و کولتوری دواکەوتن و چاوبڕینە کچان و ژنان، توانج تێگرتنیان و پشکنینی سەرتاپای جەستەیان بە دەیان چاوی پیاوانەوە لەناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا یەکێکە لە ناشرینترین و قێزەونترین ئاکار و هەڵسوکەوتەکانی پیاوان و کوڕانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەو کۆمەڵگایانەی لەناو خەفەکردنی شەهوەتەکانیاندا دەژین کە ساڵانێکی درێژە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەیە و ئەو دنیابینیە کۆنەپارێز و ئایینیەش بۆ خۆی دەبێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ رەوایەتیدان بەمجۆرە ئاکارانە و دواجار پاراستنی ئەخلاق و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و ئایینداری کۆمەڵگە دەبنە پاساوە سەرەکیەکانی باڵاپۆشکردنی ژنان و کچان. لێرەوە ئەم دیدە کۆنەپارێز و عەقڵیەتە پیاوسالارەی کە خۆی دەرەنجامی خەفەکردنێکی کۆمەڵگەییە و لەو رێگەیەوە دەیەوێت کچان و ژنان بە مانا سێکسئامێزەکەی بپارێزێت، کە پاراستنی مۆراڵی کۆمەڵگە لە شاردنەوەی جەستەی ژنان و پەردەپۆشکردنیان و قۆرخکردنیان لەناو کایەی تایبەتی ماڵەوە و خێزاندا دەبیننەوە.
دیوێکی دیکەی ئەم رووداوەی هوانە بە تەنها خۆی لە سوکایەتیپێکردنی ئەو کچەدا نابینێتەوە لەلایەن ئەو مێگەلە کوڕەوە، بەڵکو خاڵێکی جەوهەری ئەم دیاردەی لێدانە لە ژنان، بە هەموو مانا فیزیکی و میتافیزیکی و کۆمەڵگەیی و سیاسیەکانیەوە،  بریتیە لە "بەکاڵاکردنی" کچان و ژنان وەک ئۆبژێکت و "بەشتکردنیانە" (objectification) کاتێک وەک کاڵایەکی سێکسی بەکاردەهێنرێن بۆ نمایشە جیاوازەکان. لێرەوە ئەم پرۆسەیە سەیرکردن و دانانی پێگەی ژنان و کچان نیە وەک خودێکی بیرکەرەوە و وەک مرۆڤ و تاکەکەسێکی خاوەن ماف، بەڵکو پرۆسەیەکە کار لەسەر بەکاڵابوون و بەشتکردنی ژنان و کچان دەکات لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و داماڵینیانە لە خودبوون و بوونیان وەک سوبژێکت.

05/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر