خواناس لەبەردەم گوتاری مرۆڤکوژیدا

د. دارا محەمەد

ئەمە چ کارەساتێکە لەم دەڤەرەی ئێمەدا روودەدات کە رۆحێکی ئەوندە شەڕانگێزانەی ژنکوژ و پیاوکوژ بەرهەمدەهێنێت و ئەم زهنیەت و کولتورە دەتوانێت بەردەوامی بە خۆی بدات لە کوردستاندا؟ ئەو گەنجەی (بکوژەی) کە رەوایەتی بە خۆیداوە ژیان لە گەنجێکی دیکەی وەک خواناس وریا گلی زەوتبکات و بە ئاسانی بیکوژێت، تەنها لەبەرئەوەی ئەو خاوەنی کۆمەڵێک خەونی دیکە و کەسێکی بیرکەرەوە و خاوەن ویژدانێکی زیندوو بووە و بۆ ئەو هەموو نەهامەتیانە گریاوە کە لە کوردستان و شارۆچکەکەی خۆیدا روویداوە هەر لە بێڕێزیکردن بە راوبۆچوونی جیاواز و  تا دەگاتە ئەتکردنی کەرامەتی مرۆڤەکان. ئەم مرۆڤکوژە کە خۆی وەک ئیماندارێکی موسڵمان دەناسێنێت بەرهەمی ئەو گوتارە ئیسلامیە توندڕەوەیە کە کۆمەڵێک بانگخوازی سەلەفی و ئیخوانی دەمشڕ و جنێوفرۆش و مێشک داخراو نوێنەرایەتی دەکات کە پێیانوایە لەسەدەی ٧ ی زایینیدا دەژین و بە عەقڵیەتێکی غەزایی و جیهادیەوە وتار دەدەن. ئەمانە پێیانوایە هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر ئایین و دەقەکانی دەبێت دەمکوت بکرێت و ئەوانەیشی گفتوگۆی لەسەر دەکەن بکوژرێن. 

ئەوەی لێرەدا دەخوازین بە کورتی قسەی لەسەر بکەین، بوونی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و ئایینیەیە کە لە کوردستاندا بەرپایە. ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیە کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان ئەندامانی خێزان و گەڕەک و خوێندنگە و قوتابخانە لەناو گوند و شارۆچکەکاندا و تا رادەیەکیش لەناو شارەکاندا تەنراوە بە کۆمەڵێک بەهای خێڵەکی و پیاوسالاری و نێرسالاری تێکەڵ بە جیهانبینیەکی ئایینی داخراو کە هەموو مێشک و چاو و بیرکردنەوەی لە جەستەی ژندا کۆکردۆتەوە بە بیانووی پاراستنی شەرەفی پیاوەکانی و پاراستنی پیرۆزی ئایینەکەی. بێگومان ئەوەی ئەم ژینگە کۆمەڵایەتی-ئایینیە داخراو و سەلەفی و ئیخوانی و نێرسالارەی بەرهەمهێناوە بە پلەی یەک ژینگە سیاسیەکەی کوردستانە. ئەم حیزب و هێزە سیاسیانە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا نەک هەر نەیانتوانیوە ئەم پەیوەندیانە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بگۆڕن بەرەو کۆمەڵێک بەهای مرۆیی جوان و مرۆڤدۆستانە، بەڵکو ئەمانە بکەری یەکەمی ئەم ژینگە کۆمەڵایەتی-ئایینیەن کە لە سایەیدا گروپی ئیسلامی توندڕەو و بانگخوازی هەناو داعشی و مرۆڤکوژی بەرهەمهێناوە. ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک سەرکردە و سیاسین کە هەمیشە ئامێز بۆ فیکری سەلەفی و ئیخوانی و تەکیەبازی دەکەنەوە و پێگەیان پێدەدەن. پارتی و یەکێتی لە مێژووی دژایەتیکردنی یەکتریدا، دەیان خێڵ و کەسایەتیان زیندوو کردۆتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەوان دەکات و شار و شارۆچکەکانیان کردۆتە سەربازگەکان، کە ئەمەش ئاستەنگی گەوررەیە لەبەردەم دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی خاوەن مۆراڵی بەرز و مرۆڤدۆست.  

ئەم بانگخوازانەش توانیویانە لەو شوێنانەدا کاریگەری خۆیان بەجێبهێڵن کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی خێزان-گەڕەک-مزگەوت بە توندی دامەزراوە. لەم شوێنانەدا مێردمنداڵ و گەنجەکان لەناو چوارچێوەی ئەم پەیوەندیەدا لەقاڵبدەدرێن و هۆش و بیرکردنەوەیان بۆ دیاریدەکرێت و ئایین دەبێتە روانگە و سۆنگەیەک بۆ حوکمدان بەسەر هەموو کەسێکدا و بەسەر هەموو دیاردەکانی ناو کۆمەڵگەدا. ئەمەش دەبێتە بەرهەمهێنانی گوتار و زهنیەتی مرۆڤکوژی و سڕینەوەی بەرامبەر و چیتر ئایین نابێتە کایەیەکی رۆحی ئیمانداران و خواناسی. ئەم جۆرە ئیماندارانە بەرهەمی ئەم جۆرە گوتارەی ئەم بانگخوازە مەرگدۆست و ئالودانەن بە ئازاردانی مرۆڤەکان و خوێنڕشتن کە تەنانەت خواناسەکانیش دەکوژن، چونکە وەک ئەوان بیرناکەنەوە و ئەویدیکە تەکفیر ناکەن و تیرۆر ناکەنە بەشێک لە ئایینەکەیان.

ئەگەر سەیرێکی ئەو چەند وشەیەی خواناس وریا بکەین کە بەسەرهاتەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و باس لەو فشارانە دەکات کە لەناو شوێنی کار و گەڕەک و چایخانە و ناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا دووچاری بۆتەوە بەهۆی ئەوەی وەک کەسێکی هونەرمەند و خوێندەوار و جیاواز و یاخی لە هەندێک بەهای کۆمەڵگەیی ناشرین رەفتاری کردووە، تا رادەیەک دەتوانین لەو ژینگە کۆمەڵایەتی-ئایینیە تێبگەین کە بکوژەکەی بەرهەمدەهێنێت، کە لە یەککاتدا (بە ئەگەرێکی زۆرەوە) لە پێناوی بژێویدا بووەتە پێشمەرگە، بەڵام کراوەتە ئیماندارێک لەرێگەی ئەو بانگخوازانەی سەرکردەکانی ئەو بە کافر و مولحید ناوزەد دەکەن و مێشکی بۆمبڕێژکراوە بەم گوتارە مرۆڤکوژیی و رەشە کە گوێ لە خواناسێک ناگرێت خولیای بیرکردنەوە و پرسیاری لەسەر بوون و ئایین هەبێت. 

  
خاڵی سەرەکی ئەم چەند وشەیە ئەوە نیە کە ئەم بانگخواز و مەلا و ئیماندارانە بخرێنە کونجی زیندانەوە و ئەشکەنجە بدرێن، بەڵکو گۆڕینی ژینگە کۆمەڵایەتی-ئایینیەکەیە کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە ژینگە سیاسیەکەوە. کەواتە ئێمە لەبەردەم رێگەیەکی داخراوداین، چونکە داوای گۆڕینی ئەو ژینگە و کولتورە دەکەین کە دەبوایە هێزە سیاسیەکان بەرنامەی گرنگ و داڕێژراویان بۆی هەبوایە. کاتێک دەزانین ئەم دوو هێزە سیاسیە هەردوو تاوانبارە گەورەکەن، ئیتر ناتوانین چاوەڕێی چاککردنی ئەم دۆخە لەم هێزە سیاسیانەی کوردستان بکەین نە لە ئێستادا و نە لە داهاتووشدا. کەواتە دەبێت بیر لەو ئەلتەرناتیڤانە بکەینەوە کە لە رێگەیەوە ئەم بەهای مرۆڤکوژی و خێڵەکی و نێرسالاری و سەلەفی و ئیخوانیە لەناو دەبات، کە ئەمیش دەبێت هەر لەسەر ئاستی خودی کۆمەڵگە خۆی بکرێت کە دەشێت لە رێگەی هێزی کۆمەڵایەتی و خوێندەوار و رۆشنبیر و مامۆستای قوتابخانەو خوێندنگە و زانکۆکان و دواجار ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیانەوە بکرێت کە دەتوانن ببنە داینەمۆی گۆڕانکاریەکان لە بەها و ئەخلاقیات و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا و دواجار بە مەبەستی بەرپاکردنی بەها بڵند و مرۆییەکان کە رێز لە ئایین و بیروڕای جیاوز دەگرێت نەک هەوڵی کوشتنی بدات.


25/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر