راگرتنی جەنگ و رزگاربوونی ئێران

د. دارا محەمەد

هەروەک لە وتاری پێشومدا لەسەر ئەم جەنگە کۆمەڵێک خاڵم خستەروو، یەکێک لەوانە ئەوەبوو کە یەکەم، ئەگەر ترەمپ جەنگ بوەستێنێت، ئەوا لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت و، دووەم ئەو خاڵە بوو کە باسم لەوەکرد ئاراستەی جەنگەکە بە دەست ئێرانەوەیە، واتە لەسەر وەڵامی ئێران دەوەستێت کە تاچەند بەرەی شەڕ فراواندەکات و ئەمریکا بە تەواوی دەهێنێتە ناو جەنگەکەوە. هەروەک ئێستا دەبینین ئەم خاڵانە بایەخ و گرنگی خۆیان هەیە. هەرچەندە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە و رازیبوونی ئیسرائیل و ئێران بەشێوەیەکی کتوپڕ دەرکەوت، بەڵام ئێران مومارەسەی پراگماتیزمێکی سیاسی گەورەی کرد لە بەڕێوەبردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشە ئسمانیەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی، بە تایبتی فۆردۆ. لە گەرمەی ئەم رۆکێتبارانەی ئێران و هێرشە هەمەلایەنەکانی ئیسرائیل، ئێران بڕیار دەدات کە لێدانی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە قەتەر بە ئاگاداری ئەمریکا بکات، واتە هێرشی رۆکێتی ئێران کە تەنها ١٤ رۆکێت دەنێرێت و ١٣ رۆکێت دەخرێتە خوارەوە و تەنها رێگە بە یەک دانە دەدەن بکەوێتە دەشتێکەوە بەشێوەیەکی پلانکراو و دارێژراو دەکرێت کە ئێران ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە بەرلەوەی رۆکێتەکان بنێرێت.
 
ئەمە پرۆسەیەکی سەربازی شانۆئامێزە کە ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵیدا نەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەمریکادا سەرباری هێرشەکانی ئەمریکا کە بە پێی هەندێک لە راپۆرتەکانی ناوەندەکانی ئەمریکا زیانی گەورە بە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کەوتووە و پرۆسەی بنیاتنانی چەکی ئەتۆمی ئێران تا رادەیەکی گەورە لەناو براوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێیین کە مەرج نیە ئەمە بە تەواوی راست دەرچێت و ئەگەرەکانی مانەوەی تەکنەلۆژیای پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە پێوێستە وەک ئەگەرێک سەیر بکرێت، واتە دەبێت بزانرێت کە ئایا ئەو ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندویەتی ماوە یان لەناوبراوە؟ هەرچەندە هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ وەستاندنی هەمیشەیی جەنگ و وازهێنانی ئیسرائیل لە ئێران، بەڵام بوونی ئێران وەک هێزێک لەبەرامبەر ئیسرائیل و کۆمەڵێک دەوڵەتی دیکەدا هەمیشە قەیرانی ئاسایش (security dilemma) بەرهەمدەهێنێتەوە. چونکە گرفتکە لەوەدایە کە ئێران لەمەدا تا رادەیەک وەک چین وایە کە دەوڵەتانی دژ و بەرامبەری نازانن کە نیازی سەربازیی و ئەتۆمی ئێران چیە، هەر بۆیە ئیسرائیلیش هەمیشە لە بۆسەدا دەبێت بۆی.    

دواجار لە ئەنجامی وەستاندنی ئەم جەنگەوە، یەکێک لەو دەرهاویشت و دەرئەنجامانەی دێتەکایەوە بە تایبەت لە پەیوەندیدا بە ئێرانەوە ئەوەیە کە رژێمی ئێران زێدەتر دەبێتە رژێمێکی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ئێران و کوردستان بە بیانووی لەناوبردنی سیخوڕ. هەروەها یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم جۆرە سیستم و رژێمە سەرکوتکاریی و ئیسلامگەراییانە ئەوەیە کە توانای خۆی بەهێزتر دەکات بۆ لەناوبردنی ناڕەزایەتی ناوخۆ و ئەگەری راپەڕین و خۆپیشاندان. بێگومان ئەمە ئەو ئاکامە پڕ لە گرفتانەیە کە رووبەڕووی هاوڵاتیانی ژێر دەستی رژێمە دیکتاتۆریەکان دەبێتەوە کاتێک ئەم رژێمانە دەکەونە جەنگێکی چارەنوسسازی مردن و ژیانەوە.

24/06/2025




وتارەکانی تری نوسەر