کارەساتی حەلەب و پرەنسیپی جەنگ و رۆژانی داهاتوو بۆ رۆژاڤای کوردستان

د. دارا محەمەد

هێرشی ناڕەوا و پەلاماری وەحشیگەرییانەی هێزەکانی جۆلانی (ئەحمەد شەرع) بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب سەرەتای دەستپێکی شەڕێکە لە دژی کورد و بەڕێوەبەری خۆسەر و هەسەدە لە لاوازترین پێگەی کوردەوە لە رۆژئاڤادا. دیارە بوونی کورد لە حەلەبدا مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام  لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆی سوریاوە ئەم گەڕەکە کوردنشینانە لەلایەن جیهادیە سەلەفیەکانەوە و هەروەها لە لایەن رژێمی پێشووی ئەسەدەوە روبەڕووی هێرش و پەلاماردان بووەتەوە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە توانیویانە لە ماوەی نزیکەی ١٣ ساڵی رابردوودا بیپارێزن. کاتێک کورد دەسەڵاتی خۆی لە حەلەبدا لەدەستدەدات بە زەبری هێز نەک بە رێکەوتن و سازش، ئەمە دەبێت وەک نیشانەیەکی مەترسیدار لێیبڕوانرێت کە سوریای نوێ نابێتە دەوڵەتێک کە جێگەی هەمووانی تیادا ببێتەوە و کورد لە بەردەم مەترسی گەورەدایە، چونکە تورکیا و حکومەتەکەی جۆلانی بە حەلەبەوە ناوەستن و هەوڵی داگیرکردنی هەموو رۆژئاڤا دەدەن. لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا لەسەر ئەو دۆخە دەخەمەڕوو کە کاریگەری گرنگی لەسەر رەوتی رووداوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت.

١. یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی وا دەکات هەڕەشە لەسەر بوونی رۆژئاڤا هەبێت رۆڵ و هەبوونی تورکیایە کە ئەمڕۆ رێڕەوی سیاسەتی حکومەتەکەی جۆلانی بەڕێوەدەبات. دەزگای سیخوڕی و سەربازی و سیاسی و ئابوری تورکیا بە تەواوەتی کۆنترۆڵی دەزگاکانی ناو حکومەتی سوریای کردووە و گەورەترین هاریکارێتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی جولانی بەسەر تەواوی سوریادا. بێگومان سعودیە و قەتەر و هەندێکی دیکە کاریگەری ئابوری و سیاسیان بەسەر سوریاوە هەیە، بەڵام تورکیا وەک خاوەن تەکنەلۆژیای سەربازی و سیخوڕی گرنگیەکی گەورەتری هەیە. دیارە زۆرینە ئەوە دەزانێت کە ئەم شەڕەی حەلەب لەسەر نەخشە و پلانی تورکیا داڕێژرا هەروەک لە قسەکانی سیپان حەمۆدا دەرکەوت کە لە دانیشتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا لە ٤ ی ١ دا بە شێوەیەکی باش رۆیشتووە تا ئەو کاتەی تورکیا دەیوەستێنێت و پاشان رێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و سوریا لەسەر ملکەچپێکردنی سوریا بۆ داواکانی ئیسرائیل لەسەر ناوچە سنووریەکانی نزیک لە بەرزاییەکانی جۆلان. تورکیا لە ئێستادا هەڕەشەیە نەک هەر بۆ سەر رۆژاڤا بەڵکو بۆ سەر رۆژهەڵاتیش، لە رۆژانی رابردوودا تورکیا زانیاری ئیستیخباراتی لەگەڵ ئێراندا دەگۆڕێتەوە لەسەر جوڵەی پژاک و چوونیان بۆ ناو ئێران کە بووە هۆی دەرکەوتن و لێدانیان لەلایەن پاسدارانەوە، چونکە بە بارێکدا کەوتنی کۆماری ئیسلامی بە مانای بەهێزبوونی ئیسرائیل دێت. لێرەوە هەسەدە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات و هەوڵی ئەوە بدات کە یەکگرتنەوەی لەگەڵ سوریادا بە شێوەیەک بێت کە ئەوەی بەدەستهاتووە لەناو نەچێت تەنانەت ئەگەر هەندێک سازشی گرنگیشی بۆ بکرێت، بۆ نمونە دەستبەرداربوون لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان، چونکە بەڕێوەبەری خۆسەر دەتوانن لە رێگەی سیاسەتکردنەوە نەک هێزی سەربازیەوە رۆژاڤا بپارێزن.

٢. هێزێکی گرنگی دیکە کە کاریگەری گەورەی لەسەر رووداوەکانی سوریا هەیە بریتیە لە ئیسرائیل. بەڵام ئایا ئیسرائیل کاتێک بە قسە و لێدوان پشتگیری بۆ کورد پیشاندەدات، لە ئەگەری هێرشی جۆلانی و تورکیا بۆ سەر هەسەدە لە رۆژاڤا دێتە وەڵام و رێگەیان لێدەگرێت؟ ئەمە بەڕای من ئەگەرێکی کەمە، ئەویش لەبەرئەوەی کە رۆژاڤا هیچ سنورێکی نیە بە ئیسرائیلەوە تا بتوانێت وەک کارتێکی فشار بۆ سەر تورکیا و جۆلانی بەکاری بهێنێت. لە راستیدا تورکیا ئەم کارتەی هەیە. بەڵام چەند هۆکارێک هەن بۆ دروستکردنی کارتی ئیسرائیلی، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە تا چەند کوردەکانی ئیسرائیل دەتوان لۆبی و فشارێکی وا دروستبکەن کە ببێتەهۆی ئەوەی ئیسرائیل وەڵام بداتەوە. دۆخێکی دیکە ئەوەیە کە هەسەدە پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندیەکی تۆکمەتر هەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کە سەرکەوتنی حکومەتەکەی جۆلانی و بەهێزبوونی لە رێگەی تورکیاوە مانای بەهێزبوونی تورکیایە لە سوریای داهاتوودا و ئەمەش زیان بە پێگەی ئیسرائیل لە باشوری رۆژئاوای سوریا دەگەیەنێت، واتە ناوچەکانی نزیک لە جۆلان. بێگومان هەمیشە ئەو کێشە نەتەوەییە عەرەبی و ئیسلامیە لە ناوچەکەدا هەیە کە هەر پەیوەندیەک لەگەڵ ئیسرائیلدا بە مانای موئامەرەکردن دێت لە نەتەوەی عەرەب و موسڵمان و لەم رێگەیەشەوەیە کە حکومەتی تورکیا هەمیشە پەکەکە و هەسەدە بەوە تاوانبار دەکات کە داردەستی ئیسرائیلن. بێگومان ئەمە درۆیەکی گەورەیە و چەندین وڵاتی عەرەبی پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. بەڵام ریالپۆڵەتیک پێویستی بە هەڵسوکەوتی دیکە هەیە و کوردیش بەدەر نیە لەم ریاڵپۆڵەتیکە و دەبێت بزانێت چۆن لەم گەمەی سیاسەتەدا مانەوەی خۆی دەستەبەردەکات. 

٣. بێگومان لەناو ئەم هەموو هێزانەدا، گەورە هێزێکی جیهانی هەیە کە ئەمریکایە و دوا بڕیار دەدات. لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ بە ئاراستەیەکدا کاردەکات کە شەڕخوازە لەهەر شوێنێک کە پێویست بکات بۆ دابینکردنی سەرمایە و داهاتی مەزن بۆ ئەمریکا، بە نمونە پەلاماردانی ڤەنزوێلا و بردنی نەوت بۆ ئەمریکا، بەکارهێنانی هەڕەشە و هەروەها پارە بۆ دانیمارک بۆ پێدانی گرینلاند بە ئەمریکا. بەڵام ترەمپ باس لە ئاشتی و سەقامگیری دەکات کاتێک دێتە سەر سوریا. واتە سوریایەکی بێشەڕی دەوێت تا کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بتوانن وەبەرهێنان بکەن و هەروەها بۆ رازیکردنی سعودیە و قەتەر و تورکیاش. لێرەدا ئەمە کێشەیەکی گەورە بۆ کوردانی رۆژئاڤا دروستدەکات بە تایبەتی کە لەئێستادا نێردەی ترەمپ، تۆم باراک، کەسێکە وا بیردەکاتەوە کە دەبێت سوریا سەروەری خۆی وەک دەوڵەتێک هەبێت و ئەگەری دابەشبوون دووربخاتەوە، کە لە راستیدا ئەمە بیرکردنەوە و سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاواشە کە هەمیشە باس لە سەروەری و یەکێتی خاکی وڵاتانی وەکو عێراق و سوریا دەکەن. دۆخی رۆژاڤا لە دۆخی هەرێمی کوردستانی ١٩٩١ ناچێت کاتێک ئەمریکا دژ بە رژێمی سەدام بوو پاڵپشتی هێزە کوردیەکانی دەکرد، بەڵام لە ئێستای سوریادا، ئەمریکا حکومەتەکەی جۆلانی پێباشە و ئامادەیە هەسەدە بگۆڕێتەوە. هەسەدە پێویستە بە وردی کار لەگەڵ تۆم باراک و ئەمریکیەکاندا بکەن بۆ رازیکردنیان بەوەی کە بوونی ئۆتۆنۆمیەک لەناوچە کوردیەکاندا دەبێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ سوریا.  

دواجار ئەو پرەنسیپەی حکومەتەکەی جۆلانی بە نەخشەرێگەی تورکیا کاریپێدەکات بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سوری بریتیە لە پرەنسیپی جەنگ نەک سازش و دانوستان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان. سۆسیۆلۆژیستی ئەمریکی بەناوبانگ، چارلز تیلی، وتەیەکی گرنگی هەیە لەسەر مێژووی دروستبوونی دەوڵەتەکانی ئەوروپا لە میژووی مۆدێرندا هەر لە سەدەکانی شازدە بەدواوە، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت: دەوڵەت جەنگ دروستدەکات و جەنگیش دەوڵەت. واتە دەوڵەتە مۆدێرنەکانی ئەوروپا لە رێگەی جەنگەوە دروستدەبن و جەنگ دەبێتە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی دروستبوون و گەشەکردنی دەوڵەت لە پێناوی سەنتراڵیزەکردنی بڕیار و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داهاتدا و هەروەها سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەدا بۆ بەدیهێنانی قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێز. واتە ئەوەی کە ماکس ڤیبەر جەختی لەسەر دەکاتەوە کاتێک دەڵێت دەبێت تەنها دەوڵەت مۆنۆپۆڵی بەکارهێنانی هێزی هەبێت. ئەم پرەنسیپ و بیرکردنەوەیە لە ئێستای سوریادا جەنگێکی هەمیشەیی دەهێنێتەکایەوە و مێژووی دەوڵەتێکی ستەمکارانە بەرهەمدەهێنێتەوە کە میللەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای سەدەی بیستەوە بەدەستیەوە دەناڵێنن.

14/01/2026




وتارەکانی تری نوسەر